لە پەراوێزی رۆژی جیهانی مامۆستادا!

2 مانگ لەمەوپێش



ماجید خەلیل

بەیانییەک، هێشتا تامی تاریکایی نەتوابوویەوە،  هێشتا هەمووان لە بانە خاکییەکاندا، خەو و خەیاڵێکی خۆڕسک و خۆماڵی دەیبردینەوە.

 بەیانییەک، زۆر دوور ناڕۆم، (٢٠) ساڵێ پێش ئێستا، لەسەر گازەرەی پشتدا، پیش و تلی داهاتووم دەدا..داهاتوویەکی دڕکاوی، وەک ئەو بنجە چاوبازەڵەی لە پاڵ سەرینەکەمدا خۆڕسکانە ڕوابوو،  لەولاترەوە باگردێنێکی پیر، پیشی خواردبوویەوە، وەک ئەوەی دڵی خەبەری دابێت، وەک ئەوەی بە گوێیەکانیدا قڕابێت، تازە تامی تلێکی تری ژیان ناکاتەوە.

خودی بانەکە، بۆنی پارە زۆرەکەی ئەو چەند ساڵەی کردبوو، دەیزانی من و هەموو ئەو زاڕوانەی لەسەر بانە خاکییەکاندا خەومان لێکەوت بوو، ئەمڕۆ و سبەی فایلێک دەخەنە  بندەستمان و بەڕیز دەمانکەنە دابەستە و مشەخۆر و موچەخۆری میریی.

 دەیزانی عەقار و عەنعەنەی خانو بەرە، شارۆچکەکەمان دەکات بەژێر لەبغ و لم و چڕوچاوی چیمەنتۆ و     
بۆنی بلۆکی لاکێشەیی و لامەزهەبەوە.
دەیزانی سروشت، لەژێر پۆستاڵی پارەدا، هاژەی چەمی زەڵم لەژێر شانی وشکەساڵیدا، سنگی دارتووەکان، لەبەردەم تیغی دیوار و ئەکسۆزی دوکەڵاویدا، قوفڵی قۆناغەکەی ئەودەکەن.

 تازە بە تازە زانکۆمان تەواو کردبوو، تازە بەتازە وێنەکانی سەدام لە نێو چاڵەکەدا کەڵچەر شۆکی چارەنوسێکی چڵمنی  لێئاڵاندبووین.
 پەیتا پەیتا پاشاگەردانی، پەستانی دەخستە سەر ژیان، چرای ماڵە هەژارەکانی کۆڵانەکەمان، وەک ئەوەی رەشەبایەک بدات بە نێویاندا، نوزەیان نەما، داروبەرد بوویە گڕەگڕ و  هروژمی کێبڵ و تەل و واهێری کارەبای مۆلیدە، ماشێنی علوج وەک ئەوەی لە ئاسمانەوە دابارن، هێندەی بڵێی یەکو دوو لەپێش ماڵە و ماڵدا وەستان، چی مریشک و مراوی و قاز و قەلی کۆڵانەکەمان هەبوو، سەربەسەر لەگەڵ ران و سنگی بەستووی ناو مارکێتەکان دیل بە دیل کران. قیرتاوەکان، وەک فەرشێکی ڕەش، پێشهاتێکی پەنهان لەکەللەیاندا خۆی دەخواردەوە. دەنگی چەقەڵ و پشیلە و سەگ و رێوییەکان بوو بەکارت و هەرچی بۆنی خەیار و ترۆزی و کاڵەکی دێمی بێستانەکانیش هەیە، دەستیان دایە قومار و قۆپی و لە کونی خۆیان هەڵگەڕانەوە.

بەڵێ ئەو بەیانییەی باگردێنەکەم جێهێڵا، ئەو بەیانییەی قەدی جاوبازەڵەکەم شکاندەوە و شارم دییەوە، ئیتر
 بە خۆم فایلێکی زەردی تۆخەوە، بە شەرواڵێکی شینی کاڵ و کراسێکی لۆچلۆچی بۆرەوە، چاکم لەیادە، جوتێ کڵاشم کردبووە سەر پێیانم. لەبەردەم پەنجەرەیەکی چکۆلەدا چاوەڕوانی ناوی سیانی خۆمان بووین، ناو خوێنرایەوە، لەبەردەم لیژنەیەکی سێ کەسیدا، بڕیاردرا ببمە مامۆستای ئامادەیی. 

جاران کە کۆلایەکی شووشەم دەنا بەسەرمەوە، هەر پاش چەند قومێک، سەیرێکی شوشەکەم دەکرد، دەترسام زوو تەواو بێ، وەختێ دوا چۆڕیم دەخواردەوە، ئیتر کەئابەی کۆلاکە کۆڵێ حرسی پێدەدام، باوەڕتان بێ، وام هەستدەکرد، دووا چۆڕی ژیانم ناوە بەسەرمەوە، پێم وابوو کەسێک کەلەپچەی کردۆتە دەستم، دەنگێک هات و چپاندی بەگوێمدا، ئیتر تۆ تەواو. 

دەستم برد بۆنێو قژم، چەند تاڵێ هاتن بەدەستمەوە، یەکدووانێکی سپیش، وەک ئەوەی سنگیان دەرپەڕاندبێ، لە دوورەوە دیار بوون، نازانم نەگبەتی بوو یان چی، هیچ هەستێکی هێوری لەلام دروستنەبوو، دەمزانی مامۆستایی، مەیدانخوازییەکی مرۆڤانەیە، مامۆستایی، مۆرکێکی مەزنە بەنێوچاوی ئەخلاق و ئادابی رۆژانەوە، مامۆستایی شکۆ و شۆڕشە، بەداخەوە، ئەو شکۆ و شۆڕشە قۆناغی ژیانمی نەگرتەوە، بۆیە پێش ئەوەی ئەوەلیاتی دامەزراندنم دەستپێبکەم، وەکو دەرچوویەکی یەکەمی زانکۆ، ناوم لە خوێندنی باڵادا هاتەوە..

لەم گوزەشتەیەدا گەرەکم بوو بڵێم، بەهێزترین بەندایەتییەک کە حەتمییەتی پاکبوونەوەی ویژدانی هەرکەسێک وێنا دەکات، بریتییە لە پیشەی مامۆستایی، بەڕاستی مامۆستایی ئەرکە، ئەوینێکی مرۆڤانەیە، گرەنتییەکی گەورەی داهاتووی هەر نەتەوەیەک لە مامۆستاکانیانەوە مێژوو تۆماردەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار