دیسانەوە تۆم بەڕاک !

9 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
چەند ڕۆژێکە لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب و بە تایبەتیش دەوروبەری شارۆچکەی دێر حافر چەتەکانی ئەردۆگان و هەتەشە هێزێکی زۆریان کۆکردەوە و کەوتنە پەلاماردانی هێزەکانی هەسەدە و چەندین ژن و منداڵی بێ گوناحی گوندەکان کردە قوربانی و دەیانویست ئۆباڵەکەی بخەنە ئەستۆی هێزەکانی هەسەدە .
لە بەرامبەریشدا هەسەدە کەوتە خۆکۆکردنەوە و ژمارەی هێزەکانیشی گەیاندە زیاتر لە ٢٣ هەزار شەڕڤان و بە چەندین جۆرە چەکی کاریگەر گەیشتنە ناوچەکە و دوێنێ شەو کارێکیان پێکردن ، با بە دەواری شڕی ناکات .
ئەمڕۆش لە گەڵ گەردی بەیانی تۆم بەڕاکی نێردەکەی دۆناڵد تڕەمپ گەشتە ناوچەکە و لە سەر زاری تڕەمپ داوای لە مەزڵوم عەبدی کرد شەڕەکە ڕابگرن و هیچی تر پێشڕەوی نەکەن .
لە ڕاستیدا هێزەکانی هەسەدە هەر لە ناوچەی دێر حافر کۆنەکرابوونەوە بەڵکو بە ناو بادییەی شامدا گەیشتونەتە سەر ڕێگای سەرەکی نێوان هەر دوو شاری حومس و حەما و تەنها ١٠٠ کیلۆمەتریان ماوە بگەنە شاری حەما لە باشورەوە .
بەڵێ ئەو جارەش باڕاکی نێردەکەی تڕەمپ ئاهێکی بە بەر چەتەکانی ئەردۆگان و جۆلانی هێنایەوە و ڕێگری کرد هێزەکانی هەسەدە بگەنە پارێزگاکانی کەنار دەریا لە ڕۆژئاوای سوریا .
دوای ئەو ڕێگریەی تۆم باڕاک حەقە لە ئێستادا جەنەڕاڵەکەی کوردان مەزڵوم عەبدی داوای ئەو ناوچانە بکاتەوە کە چەندین ساڵە لە ژێر پۆستاڵی ڕەشی جەندرمەکانی تورکیا دایە و کە ساڵانی پێشوو بە چاونوقاندنی تڕەمپ ڕێ خۆش کرا بە چوار ئۆپەراسیۆن چەتەکانی تورکیای لێ جێگیر بکرێ و بە تایبەتیش شارەکانی عەفرین و جەڕابلوس و سەرێ کانی و گرێ سپی .
بەڵێ دۆناڵد تڕەمپ تەنها لەو ١٠ مانگەی کە گەڕاوەتەوە ناو کۆشکی سپی چەندین جار مۆڵەتی داوە بە ئێران و گروپە شیعە چەکدارەکانی عێڕاق و هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی سوریا و چەتەکانی هەتەشە و حیزبوڵای لوبنانی و حەماسی فەڵەستینی ،
بەڵام چونکە هێز بەکار نەهاتووە ، هەموو ئەو مۆڵەتانە فەشەلیان هێناوە ، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەمەریکیەکان و هاوپەیمانەکانی زانیاری تەواویان نیە لە سەر هەر سێ دوژمنەکەی کوردان و نازانن ئەوانە بە شەق نەبێ عاقڵ نابن .
ئەوەتا تڕەمپ دەست پێشخەریەکی ٢٠ خاڵی بۆ کۆتایی هێنان بە دەردە سەریەکانی دوو ملیۆن و نیو لە خەڵکی کەرتی غەززە پێشکەش کرد ، کەچی حەماس تازە بە تازە دەیەوێ زیاتر خۆی بدزێتەوە و ڕازی نەبێ بە دەستپێشخەریەکە و کات کوشتن ، چونکە دەست تێوەردانەکانی ئێران و تورکیا و قەتەر لە قازانجی ئەوان دانیە و نایانەوێ کۆتایی بە بەشمەینەتیەکانی خەڵکەکە بێت لە کەرتەکە .
لێرەدا و جارێکی تریش داوا لە مەزڵوم عەبدی دەکەین کە داواکاریەکانی بەرامبەر دیمەشق بەرز بکاتەوە و زیاتر پێداگر تر بێ و هیچی تر نەهێڵێ دیمەشق بە سەریاندا زاڵ ببێت و هەر هیچ نەبێ ژیانی ئەو چەند سەد هەزار کوردەی کە لە هەر دوو گەڕەکەکەی شاری حەڵەب دەورە دراون و هەڕەشەی نەمانیان لە سەرە دوبارە نەبێتەوە .
