ئەحمەد شەرع بەعسیەکی عەرەبی و خزمەتکاری ڕۆژئاوا لە بەرگی ئیسلامیدا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسینی سۆران حەمەڕەش
ماوەیەک لەمەوبەر بابەتێکم سەبارەت ئەحمەد شەرع نووسی لەگەڵ ڤیدیۆکەیدا. ئەوەی کە ڕایچڵەکاندم ئەو داکۆکیە بوو کە زۆر تاکی کورد لەوی دەکرد. لە کاتێکدا کە ئەو لە ڤیدیۆیەکەدا تەنها بەدووە عەرەبەکانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە کەسوکاری خۆی دەزانێت و بەپێی ڤیدیۆکە کورد بە موسوڵمان و ئێزیدیەوە پەیوەندی بەوەوە نیە و ناویان ناهێنێت.
دەشێت هەڵەی وا رووبدات و کابرا عەرەبچێتی بۆ ساتێک باڵی بەسەر قسەکانیدا کێشابێت. بەڵام جارێکی تر ئەم عەرەبە ڕەگەزپەرستە سەلماندی کە ئەو خاوەنی هیچ بەها و بیر وبڕوایەک نیە جگە لە درێژکراوەی هەمان فکری عەرەبی بەعسی پێشوو. ئەو لە ڕاگەیاندنێکی فەرمیدا جەژنە فەرمیەکانی ئەو وڵاتەی دەستنیشان کرد. ئەوەی کە مایەی سەرنجە، لە کۆی سیازدە جەژنی ئەو وڵاتە، چواری جەژنی کریستیانەکان و چوار جەژنی ئیسلامی بوو. لای من ئەوە هەنگاوێکی زۆر مرۆڤدۆستانەیە گەر شتی تری لەگەڵدابووایە. بەڵام بە دوور و نزیک ئاماژەی بە نەورۆز نەکردووە.
لە کاتێکدا کە جەژنی دایک، جەژنی کرێکارانیش بەشێکن لەو لیستە سیازدە جەژنەی کە دایناون، جەژنی کوردی تێدا نیە. بەو جۆرە ئەحمەد شەرع چوار جەژنی بۆ کریستیانەکان داناوە، بەڵام کورد جەژنی نیە لەو وڵاتەدا. ئەوەی مایەی سەرنجە میری ئەمەوی ئیسپانیا، کە بە دڵنیایی لە ئەحمد شەرع موسوڵمان تر بووە، لە سەدەی نۆهەمدا جەژنانەی نەورۆزی داوە بە مۆسیقاناسی کورد زریاب و بنەماڵەی ئەمەویەکانی ئیسپانیا جەژنی نەورۆزیان لە ئیسپانیا گێڕاوە. کەچی لە سەدەی بیست و یەکدا بەعسیەکی ڕیش پان دێت و لە تورک خراپتر دژی جەژنێکی کوردی دەوەستێتەوە.
جا با ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە. لە ساڵی ٩٨٨ دا ئەو کات سوریا بەدەست خەلیفەی فاتمیەوە بوو. ڕۆمی بێزەنتی و فاتمیەکان لە ناو سوریادا شەڕیکی گەورەیان کرد. شەڕەکە بە نزیکی یەکلابووەوە بە براوەیی ڕۆمە بێزەنتیەکان. ئا لەو کاتەدا کە سەرکردەی گەورەی ڕۆمەکان پێی وابوو جەنگەکە کۆتایی هات و لە چادرەکەیدا جلی سەربازی داکەند و ویستی بحەوێتەوە. سەربازێکی کوردی چاونەترس بە ناوی ئەحمەدی کوڕی ئەژدەهاک بە تەنها ڕووی کردە سەرکردەی ڕۆم و دەستبەجێ کوشتی. بەو جۆرە دۆڕانی کردە سەرکەوتن بۆ فاتمیەکان و بۆ دەیان ساڵ ئەو چیرۆکە و ئازایەتی ئەو سەربازە کوردە وەک ئەفسانە لە ناو ڕۆم و ڕۆژهەڵاتدا دەگێڕایەوە.
ئا لەو وڵآتەدا کە ناویان ناوە سوریا، نزیکی ١٥٠ ساڵ پێش سەلاحەدینی ئەیوبی و لەوپەڕی سوریا لە نزیک دەریا، قەڵایەکی مەزنی ئەو وڵاتە ناوی قەڵای کوردان (قلعة الاکراد) بوو. دواتریش کە خاچپیە فەرەنسیەکان گرتیان، هەر بە ناوە کوردیەکە پێیان دەگووت (لێکرات). ئەمڕۆ عەرەب کردوویەتی بە قەڵای حوسن. هەر لەو شوێنەدا لە پێش ئیسلامیش سوپای کوردی ناوی هاتووە کە لەگەڵ ڕۆمدا شەڕی کردووە.
ئێستاکە ئەم عەرەبانە کە لە بیابانەکانی سوریاوە هاتوونەتە ئەو وڵاتە و هەموو ڕۆژێک ئیسرائیل هێرشیان دەکاتە سەر و ئەمان گوڵیان تێدەگرن، سەرەڕای ئەوە کنێشتەی جووەکانیش بۆ یەکەم جار لە دیمەشق دەکەنەوە و ڕابای یوسف حەمرا لە ڕۆژئ ١٩ ی دووی ٢٠٢٥ دا لەژێر چاودێری و پاراستنی ئەحمەد شەرعدا لە شاری دیمەشق نوێژی خۆی دەکات. ئەگەر ئەمان درۆزن نەبوونایە، خۆ نوێژی کرسیتیان و مسواڵمان و جوو لە یەک شاردا چ زیانێکی هەیە بۆ کۆمەڵگە؟ بەڵام چەتە بەکرێگیراوەکانیان کە بۆ تورک کارەکەن، هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردیەکانی حەلەب. ئا لەوێدا سەردەمانێک باوباپیرانی ئەو کوردانە بەرامبەر ڕۆم شەڕیان کردووە، هێشتا زۆر عەرەب حەلەبی نەبینیبیوو. ئەوە جگە لەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر بینیمان کە چۆن وەک دڕندە کەتبوونە کوشتنی منداڵ و ژن و پیری دروز و عەلەویەکان.
هەموو ڕووداوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئەحمەد شەرع تەنها بەعسیەکی دژە کوردی خزمەتکاری ڕۆژئاوایە وخزمەتکاری ئیسرائیلە و دژی بوونی کوردە. بەڵام جێی داخە هێشتا کوردێکی زۆر هەواداری ئەم خزمەتکارەی ڕۆژئاوایە کە هەموو سنوورێکی خۆبەدەستەوەدانی بەرامبەر ئیسرائیل پساندووە و ئەو وەک خزمەتکارێکی تورک هێرش دەکاتە سەر کورد و هەر بۆ ڕازیکردنی ئەوانیش حساب بۆ نەورۆز ناکات. لەلایەکی ترەوە وەک خزمەتکارێکی ڕۆژئاواو و ئیسرائیل، چوار جەژن بۆ کریستیانەکان دەکاتە فەرمی لەو وڵاتە و کنێشتەی جووەکان بۆ یەکەم جار لە دیمەشق دەکاتەوە و ڕۆژانە بە شانازیەوە شەقی مزری ئیسرائیل قبوڵ دەکات. کۆی ڕووداوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئەحمە شەرع بەعسیەکی عەرەبی ڕەگەزپەرستی دوژمنی کوردە و هیچی تر. بەڵام هەنگاو و ڕەشە کوژیەکانی دژی خەلکی سوریا وا دەکەن کە ئەو وڵاتەی کە ناوی سوریایە، بۆ هەتایی پارچە پارچە ببێت.

