سیاسەتی هەست و سۆز و سیاسەتی ئەزمون

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سەردار عەزیز

ڕۆژانی ڕابوردوو لە بەغدا و عەمان بووم. زۆر دیدارمان هەبوو. یەکێک لەو دیاردانەی کە هەستم پێکرد سیاسەتی دەرەوەی عێراق، کە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوەوەی عێراقە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەر بنەمای هەست و سۆز بە ڕێوە دەچێت. بەڵام سیاسەتی ئوردونی، بۆ نمونە، بە پێچەوانەوە لە سەر بنەمای ئەزمون یان تێگەیشتنی قووڵ بەڕێوە دەچێت.
ڕەنگە پرسی ئیسرائیل یەکێک بێت لە دەرخەرە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە.

عێراق یاسایەکی هەیە، نەک پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل، بەڵکو تەنانەت ناوهێنانی ئیسرائیلش قەدەغە دەکات. برادەرێک بە گاڵتەوە بە سیاسییەکی عێراقی گوت ئەگەر دراوسێ ڕۆژهەڵاتییەکەمان، مەبەستی ئێران، بە ئەرجەنتین ناسراوە، ئەوا دراوسێ ڕۆژئاواییەکەمان، مەبەستی ئیسرائیل دەبێت ئەرجەنتینی دوو. 

ئەم یاسایە عێراقی وەها لێکردوە کە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نیە لە دانوستان و گەمە و پلانەکانی داهاتوو، بەڵکو هەمیشە ناچارە قسەی بێ ناوەڕۆک بکات و خۆی بە دوور بگرێت. 
ئەمە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەشەی سەدر بوو، کە ڕۆژانێک توند بوولە بەرامبەر ئیسرائیل، بەڵام ئێستا لە شل شل ترە.

تەنانەت فەلەستینییەکان بە عێراقییەکان دەڵێن، ئێمە ڕازین بە چارەسەری دوو دەوڵەت، بۆ پشتیوانیمان ناکەن، عێراقییەکان ناچارن بڵێن ناتوانیین.

دوێنێ گەشتمە عەمان، پاش چونە ئوتێلەکە ڕاستەوخۆ ڕۆشتم بۆ کۆبونەوەیەک، کەسێک کە ئەڵمانە، لەو کۆبونەوەکەدا باسی دیدارێکی مەلیکی ئوردون و کۆمەڵێک دیپلۆماتی بۆ کردم، ووتی، مەلەک گوتویەتی، ئێمە لە نێوان دوو ئاگرداین، هەر کەسێک لە دۆخێکی وەهادا دەبێت بیر لە خۆ پاراستن و خۆ دەرباز کردن بکاتەوە.

دەبێت هەرچی دەتوانین لە فشار لە سەر ئیسرائیلی بکەین، بەڵام نابێت شەرعیەتی سیاسیی بدەین بە حەماس، چونکە شەڕەکە بۆ ناکۆتا درێژە پێدەدات، بەڵام لە هەمانکاتدا نەتەنیاهوو، سەرباری پلانەکانی تری بۆ ئامانجی شەخسی خۆی شەڕێکی کوشندە دەکات.

بۆیە ئوردون دەبێت لە گەڵ حەماس و ئیسرائیل و ئەمریکادا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
دیارە بێگومان ئوردون ولاتێکی زۆر لاوازە و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی فەلەستینییە. لە راستیدا زۆرینەی ئەوانەی لە دوێنێوە بینیومن، بەڕەچەڵەک فەلەستینین، تەنانەت یەکێک لە کەسانەی کاری لە گەڵا دەکەم باوکی لە جەنینیە.

لێرەدا دەردەکەوێت کە وڵاتێکی وەک عێراق چەند سەرگەردانە، سەرباری بونی قورسایی و توانای زۆر، بەڵام وڵاتێکی بچوک و بێدەرامەتی وەک ئوردون چۆن بە ئەزمون مامەڵە دەکات.

دیارە دەبێت ئەوە ڕون بێت، مەبەستم لە نمونەکە لایەنگری و لایەنەگریی نیە بەڵکو پێشاندانی دۆخی سیاسەتی دەرەوەی عێراقە وەک وڵاتێکی بێ قیبلەنومان. یان سیاسەتی سۆز. بەڵام نمونەیەکی تری سیاسەت وەک سیاسەتی ئەزمون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار