گڵۆپە سەوزەکەی ترەمپ بۆ ئیسلامیەکان؛

6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیسماعیل حەمەئەمین
ترامپ دەڵێت؛ گڵۆپی سەوزمان هەڵکرد بۆ حەماس بۆ ڕێکخستنەوەی باری ئاسایش لە غەزە!
حەماس وەک خزمەتکارێکی گوێڕایەڵ بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەستێت و لیستەکەی لە ئیسرائیل و ئەمریکا وەرگرتووە و بۆ مانەوەی خۆی لەم هاوکێشەیەدا فەرمانەکان بێ دواکەوتن، جێ بەجێ دەکات، بە جۆرێک، هێشتا ترامپ لە ناو فڕۆکەکەدا بوو لە میسر، ئەوان خزمەتکاری خۆیان دەمەزەرد کردەوە و لەسەر شەقامەکان، بێ دادگایکردن، داعشیانە و ئیسلامیانە خەڵکیان لە ژێر ناوی خیانەتدا تەکفیر و گوللەباران کرد.
بەمجۆرە دووبارە ئیسلامی سیاسی حەماسیی، وەک سەرۆکی جەبهەی نەسرە موحەد جۆلانی، لە فەرمانی ناڕاستەوخۆ وە کەوتە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەمریکییەکان. هەر وەک چۆن کاتی خۆی ئوسامە بن لادن بە فەرمانی ڕاستەوخۆ چوو بۆ پاکستان و پاشان بۆ ئەفغانستان بۆ پێکهێنانی ''ئەفغان عەرەب'' ، کاتێک قاعیدەی پێکهێنا چووە باری وەرگرتنی فەرمانی ناڕاستەوخۆ لە ئەمریکییەکان. ئەمجارە فەرمانەکە پێچەوانە بۆوە، بەڵام جەوهەری چیرۆکەکە ئەوەیە، هەر ئیسلامیەکان بوون کارە پیسەکە بۆ ئەمریکییەکان ئەنجامدەدەن.
مێژووی ئیسلامی سیاسی وەهایە، هەر کاتێک وڵاتێک دەیەوێت پێشبکەوێت، بەرەو قۆناغێکی دیموکراسی هەنگاو بنێت، هێزەکانی کۆمەڵگە ئاسۆیەکیان لەبەردەم دا بێت؛ بووژانەوەی ژێرخان، ئەدەب، سیاسەت، زانست، ئازادی...هتد. ئەوا ئیسلامی سیاسی لەشێوەی حەماس دێت و وەک غەزە وێرانی دەکات.
مێژووی ئیسلامی سیاسی و سیای ئەمریکی مێژوویەکی دوورودرێژە، ئەوەی بە پێوەری ئەقڵ بەدووی دا بگەڕێت، ئەو مێژووە دەبینێت و بەڵگەکانیش لە هەژمار نایەن. تەنانەت نازی و فاشیەکانیش لە جەنگی جیهانی دووهەمەوە پەنایان بۆ ئیسلامی سیاسی بردووە.
ئەمریکیەکان لە میسر ئیخوانییەکانیان بۆ میسرییەکان پاڵپشت کرد، هەم بۆ لێدانی گەشەسەندنی نەتەوەیی و هەم بۆ لێدانی تەوژمی سۆسیالیزم و دادپەروەری لەو وڵاتەدا. بەکورتی؛ ئەم بازرگانییە بە ئاینەوە بەردەوامی هەیە، بۆ گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتاندا.
ئیسلامی سیاسی بە ئێستای ئۆردوگانیشەوە، بەردەوامە لە خزمەتی پیاوی سپی، بەمجۆرە گەمەکە بەردەوامە. ئیسلامی سیاسی کوردیش نە کەس ئاوڕی لێ دەداتەوە و نە هیچە لەم هاوکێشە خزمەتکارییەدا، لە گاڵتە خۆی جەڕاندووە و دشداشە لەبەر دەکات، بۆ غەزە و حەماس جاڕی سەرکەوتنێک لێ دەدات نە هی ئەوە و نە بۆ ئەوە و نە خزمەتکاریەکەشی قبووڵە.
لەڕووی فەلسەفی و هزییەوە کۆی ئەم هاوکێشە خۆرئاوایی و ئیسلامی و سەردار و کۆیلەیە، پێیدەڵێن؛ ئەقڵی گاڵتەجاڕی مۆدێرن - سینیزم؛ ئەمەیان قووڵبوونەوەی هزری دەوێت.
