ئەو دەمەی لەکۆلیژی (یاساو ڕامیاری) لەبەشی زانستە سیاسییەکان دەمخوێند

12 كاتژمێر لەمەوپێش
شۆڕش تۆفیق
لە قۆناغی چوارەم هەموو هەفتەیەک کەسایەتییەکی شارەزا بە مەبەستی قسەکردن لە بوارەکانی( سیاسی، دبلۆماسی، سەربازی، میدیایی، هەڵبژاردن…هتد) لەلایەن ئیدارەی زانکۆوە بانگهێشت دەکرا، سیمینارێکی دوو کاتژمێری بۆ ڕێکدەخرا. لەو کاتەی کە بۆی دیاری دەکرا نیو کاتژمێری کۆتایی تەرخان دەکرا بۆ پرسیاری خوێنکاران و وڵامدانەوەیان.
بیرمە یەکێک لەو کەسایەتیانەی سیمناری بۆ ڕێکخرا خوالێخۆشبوو د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک بوو کە بابەتێکی لەسەر دۆخی ئەوکاتی کەرکوک پێشکەش کرد. دوای ئەوەی دکتۆر کۆتایی بە بابەتەکەی هێنا، بەندە وەک کەرکوکییەک ویستم هەبوو چەند پرسیارێکی بەو شێوەیە ئاڕاستە بکەم؛
پرسیاری یەکەم/ بەڕێز د. نەجمەدین، ئێمە دەزانین دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی فاشی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساڵی 2005 دەنگدان بە دەستوری نوێی ئێراق، زۆرێک لە جومگەکانی حکومەتی خۆجێیی لەپارێزگای کەرکوک بەدەست کوردەوەیە، ئایا توانیوتانە وەبەرهێنان لەو پێگەیە بکەن، بۆ بەهێزکردنی پشتیوانی کورد لە ناوچەکانی ماددەی140 سیاسەتی پێگەوەژیان لەگەڵ پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکان پەیڕوە بکەن..؟
پرسیاری دووەم/ بەڕێز د. نەجمەدین، ئێوە دەزانن چەندین ساڵە لەلایەن ڕژێمی ڕوخاوی بەعسی ئێراقی سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستنی زۆرەملێ لە بەرامبەر کوردانی کەرکوک و خانەقین پەیڕەو کراوە، وە لەبەرامبەردا عەرەبی هاوردە لە شوێنیاندا نیشتەجێ کراون و هاوکاری ماددیش دەکرێن. ئایا لەئێستادا دەسەڵاتدارانی کورد تا چەند کاریان بۆ گەڕانەوی خێزانە عەرەبەکان کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان..؟ یان تا چەند درکتان بەو مەترسیانە کردووە کەوا لەکاتی هەڵبژاردندا عەرەبە هاوردەکان وەک کارتی فشار دژ بە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بەکاریان نەهێنن و لە هەمان کاتدا نەبن بە هەڕشە لەسەر تێکچوونی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان. لە کاتێکدا لەڕووی زانستییەوە پێکهاتەی عەرەب بەهۆکاری کاریگەری گەرمی ناوچەیی لەسەریان،لە ڕووی بایۆلۆجی و وەچەخستنەوە جیاوازن، زۆر زیاتر لە پێکهاتەکانی دیکە ژمارەیان زیاد دەکات…؟
بەداخەوە وڵامی هەردوو پرسیارەکەم بەم شێوەیە وەرگرتەوە؛
بەداخەوە بەهۆکاری پەرتەوازەیی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کورد و نەبوونی یەک سیاسەتی یەکگرتوو نەمانتوانیووە نەشەڕی خاک بکەین نە دەستور…!؟ هیوادارم دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 12 ساڵ دەسەڵاتدارانی کورد درکیان بەو مەترسیانە کردبێت، ستراتیژی نەتەوەیی و سیاسەتی پێکەوەژیان بخەنە پێش بەرژەوەندی شەخسی و حزبی..
