خەیاڵێکی سوریالیانە: کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل تەنها بە کورد چارەسەر دەکرێت

8 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
بەدوای راگەیاندنی کۆتایی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، خۆپیشاندانێکی گەورە لە غەززە ئەنجام درا. لە ناو خۆپیشاندانەکەدا ئاڵایەکی کوردستان لەپاڵ ئاڵای فەلەستیندا دەشەکایەوە.
تەنها سی چل کیلۆمەتر لەولاتر و لە تەلئەڤیڤی ناو جەرگەی ئیسڕائیلدا، کوردە جووەکان، ساڵانێکە لە بۆنە و ئاهەنگەکانیاندا هەمان ئاڵای نەتەوەیی کورد لەپاڵ ئاڵای ئیسڕائیل، بەرز دەکەنەوە و ئاهەنگەکانیان بەجل و بەرگ و گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی رازاوەتر دەکەن.
با ئێستا هەردوو ئاڵا کوردستانیەکەی غەززە و تەلئەڤیڤ بخەینە پاڵ یەک و بیکەینە ماک و هەوێنی خەیاڵێکی سوریالیانە.
خەیاڵەکەمان سوریاڵی نابێت، ئەگەر هیچ گومناێک خراپمان لە ئامانجی پشت هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە غەززە بکەین، کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی فەلەستینیەکاندا حاڵەتێکی وەها روودەدات.
هەروەک چۆن خەیاڵەکەمان دەپچڕێت ئەگەر گومان بخەینە سەر مەبەستی پشت ئاڵای جووەکان و یان سەر کوردبوونی نزیکەی نیو ملیۆن جووی کورد، کە لە کوردستانەوە کۆچیان کردووە و دوای هەفتا ساڵ هێشتا تام و بۆی کفتەی سابونکەران و دۆڵمەی کۆییان و کەلانەی موکریان و تاس کەبابی ئامەد و دۆغای هەولێریانیان لە ماڵ دێت.
ئەمەش روو نادات ئەگەر ئەو ریشە سوننیە شافیعیەی خراوتەسەر روخساری کوردبوون نەتاشین و مافی دابەش کردنی کارتی کوردبوون و نەبوون لە دەستی ئەم کوردە سوننیە شافیعیە دەر نەکەین.
بۆ خەیاڵەکەمان وا پێویست دەکات کە هەموان وەک یەک مافی کوردبوونمان هەبێت، هەر لە کوردی بە ئایینزادە شیعی و جوو و ئێزیدی و یارسانیەوە تا دەگاتە کوردی کریستیان و سوننی و عەلەوی.
خەیاڵ پڵاوەکەمان بەچێژتر دەبێت ئەگەرئیدیعای ئەو کادیرە ئیخوانیە بەهەند wەرگرین کە لە گەرمەی کەمپینی پارە کۆکردنەوە بەناوی کۆمەک بۆغەززە گۆتی لە سەدا سی خەڵکی غەززە کوردن.
ئێستا و سوپاس بۆ ئیدیعای ئەو کادیرە ئیخوانیە مەوالیەی یەکگرتوو، ئێمە خاوەنی زیاتر لە نیو ملیۆن کوردی فەلەستینین، بەڵام بەو مەرجەی ئەوە فەرامۆش بکەین کە ئایا ئەو نیو ملیۆن کوردە هەرگیز بەخەیاڵیاندا هاتووە کە کوردن یان نا
ئێستا هەموو کەرەستەی خەیاڵە سوریالییەکەمان لەبەر دەستدایە، خەیاڵێک کە کوردبوون دەکاتە کلیلی ئاشتی هەمیشەیی نێوان جوو و عاڕەب.
خەیاڵەکە ئاوەهاییە، دوو وڵات یان دوو گەلمان هەیە، لە غەزوەی بەنی قوڕەیزەوە تا ئێستا بەخوێنی یەکتر تینوون و تیر و شیر لەیەک دەسون.
ئەم دوو گەلە نە هیچ خاڵێکی هاوبەشیان هەیە و نە بەهیچ کەسیش ئاشت دەکرێنەوە.
کێشە ئەمانە نە بە چێرچل و ستالین، نە بە غاندی و ماندێلا، نە بە شەمعون پیرێز و عەرەفات، نە بە رێگان و کارتەر و نە بە ماو و خرۆشۆڤ، نە بە سۆڤیەت و بلۆکی رۆژهەڵات و نە بە ناتۆ و بلۆکی رۆژاوا، بە هیچیان چارەسەر نەکرا.
ئاخر ئەو دوو گەلە ئامۆزایە وەک لەسەر دوو هەسارەی جیاواز بن بە هیچ ڕایەڵەیەک بەیەکەوە نەبەستراونەتەوە، نە ڕایەڵەی خاک، نە مێژوو، نە زمان، نە عەقیدە و نە مرۆڤایەتی و نە کەلتور و یاداوەری.
لەم بێ ئومێدییەدا، تاکە ئومێدێک خەیاڵی سوریالی کورد بوونە، کوردبوونی بەشێک لە گەلی جوو و فەلەستینی. لەم خەیاڵەدا، کوردایەتی دەبێتە ناسنامەی هاوبەشی نیو ملیۆن کوردی فەلەستین و نیو ملیۆن جووی ئیسڕائیل.
کوردایەتی بە مانای دانانی کوردبوون لەسەرووی هەموو ئیعتیبارە دینی و مەزهەبی و زاراوەیی و ناوچەییەکانە.
ئێستا ئەو ملیۆن کوردە، لەدەوری ئاڵای کوردستان و ناسنامەی کوردبوون کۆدەکەینەوە و لەیەکەم هەنگاودا لە کیانێکی خۆسەریدا کۆیان دەکەینەوە و زمانی کوردی دەکەینە زمانی فەرمی هاوبەش و خۆسەریەکە دەکەینە نموونەیەکی جوانی پێکەوە ژیان.
یەکەم ئەرکی ئەو خۆسەریە دابڕانی باقی فەلەستینی و جووەکانە لەیەکتری و بەجۆرێک کە نەتەنوانن چیتر نەیەکتری ببینن، نەیەکتری ببیستن، وە نە یەکتری بکوژن.
لێرەدا، ئاشتی بۆ خۆی دابین دابین دەبێت و کێشەی پازدە سەدەی دوو گەلی ئایینزادە دەخرێتە سەر رەفەکانی مێژوو.
هێشتا خەیاڵپڵاویەکە مەودایەکی زۆری بۆ فراوانبوون و جوانبینی هەیە، بەڵام من لێرەدا دەوەستم.
دەوەستم چونکە کورد لە بنەڕەتدا بونەوەرێکی دەرەوەی مێژوو و دەرەوەی مرۆڤبوونە نە دەتوانێت، نە خۆی دەیەوێت وە نە مافی ئەوەشی هەیە خەیاڵی هەبێت.
ئەگینا بێننە پێش چاوتان، ئەگەر لە جێی کورد تورکەکان بوونایە و نیو ملیۆن جوو و نیوی تری عەڕەبیش تورک بوونایە، ئێستا تورکیا چ قوبرسێک و تەورێزێکی لەسەر خاکی پیرۆز بونیاد نابوو.
هەر تورکەکان وا نین، یابانی، سربی، رووسی یان هەر نەتەوەیەکی سەرفرازی تر کە نەتەوە بوون لایان گەورەترین رایەڵە و پیرۆزترین شکۆمەندییە، بە هەمان شێوەن.
بەو ئومێدەی رۆژێک بێت هۆشی کوردیش هێندە کامڵ و فراوان بێت بتوانێت پارچە شکاوەکانی خۆی کۆ بکاتەوە هێندە بکەوێتە سەر پێ کە توانای خەو بینین و خەیاڵپڵاوی لەو جۆرەی هەبێت.
