لۆ دەچن لۆ بەغدا؟

4 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە لەساڵی ١٩٢٠، لەبەر ئەوەی بە ویستی پێکهاتەکانی عێراق نەبووە، عێراق نەبووە جێی باوەڕی پێکهاتەکان و بەغداش نەبووە پایتەختی هەموو عێراقیەکان، بۆیە بەردەوام لە شەڕو شۆڕش و پێکدادانی نێوان حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان و کوردو شیعەدا بووە.
لەدوای ڕوخانی بەعس نووسینەوەی دەستوری نوێ بۆ عێراق، هەموو لایەک پێی وابوو عێراق سەرەتای حیکایەتێکی نوێ دەنوسێتەوە بۆ نەوەی نوێ، بەڵام کات پێچەوانەی ویستی ئازادیخوازان بوو، ئەکتەرە سیاسیەکان هاتن هەمان حیکایەتی ڕابردویان هێنایەوە لە فەزای گشتی عێراقدا خوێندیانەوە بەتایبەتی بەرامبەر گەلی کوردستان، هەندێ باس و خواسی ناو حیکایەتە کۆنەکەیان گۆڕی و نالەبارتر کوردیان کردە قوربانی ناو حیکایەتە نوێ، کە لەبری ئەوەی حیکایەتخوان بێت و بڵێ بەعس کوردی جینۆساید کرد.
گەلی کوردستان بەشێکی سەرەکین لە بەدەستهێنانی ئازادی عێراق، بۆیە دەبێت خاوەنی ڕاستینەی ئەم هەلومەرجە نوێیەبن، کەچی بە پێچەوانەوە هاتن لە حیکایەتی نوێی عێراقدا منداڵانی کوردیان بێ شیر کرد، لەم حیکایەتەدا لە ڕێگای شەڕی سەربازییەوە سەرکوتی کورد ناکەن، بەڵکو لەڕێگای شەڕی تایبەتەوە دەیانەوێ تەفروتونامان بکەن و هەڵمانبوەشێنن، بەڵام ئێستا هەلومەرجی ناوچەکە گۆڕاوەو بەرەو گۆڕانکاری گەورەتر دەڕوات پێدەچێ هەڵبژاردنی ئەم جارە سەرەتای حیکایەتێکی نوێبێت بۆ عێراق.
بۆیە پێویستە ئەو حزبانەی کورسی پەرلەمان دەبەنەوە لەئێستاوە خۆیان ئامادەبکەن بزانن لۆ دەچن لۆ بەغدا جیاواز لە گوتاری بەربژێرەکان و سایکۆلۆجیای بانگەشە، بیر لەهاوپەیمانیەتی کوردستانی بکەنەوە بۆ دوای هەڵبژاردن، لێرەوە کار بۆ لۆبی کردن بکەن بۆ ئەوەی لە چیرۆکی عێراقی دوای هەڵبژاردندا ڕۆڵی قوربانی بە کورد و هیچ پێکهاتەیەک نەدرێ، بەڵکو هیچ نەبێت ئەو دەستورەی کە ئێستا هەیەو سڕکراوەو کاری پێناکرێ کارابکرێتەوە و وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەمەش لەڕێگای یەک گوتاری کوردستانی و دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ لەتەک ئەو هێزانەی باوەڕیان بەوە هەیە، کە بەڵێ هەڵبژاردنی ئەمجارە عێراق دەباتە قۆناغێکی نوێ و حیکایەتێکی نوێ دەنووسینەوە، ئیتر ئەوە ئەقڵی سیاسیەکانی عێراقە ئەو چیرۆکە بە تراژیدیا وەک ڕابردوو دەنووسنەوە یان بە کۆمیدیا، خۆ ئەگەر ئامانجیان عێراقێکی ئارام و ئاوەدان بێت دەبێت چیرۆکی ئەم جارە چیرۆکی کار بێت،.
کار بۆ ئاوەدانی کار بۆ بنیادنانەوەی عێراقێکی نوێ، پەروەردەیەکی نوێ، کە بتوانێ کەسایەتیەکی نوێ دروستبکات، کار بۆ عێراقێک هەموو پێکهاتەکان بەپێی ئەو دەستورە مافەکانی خۆیان بچننەوە، ئەگینا ئەم کارانە نەکەن عێراق دەبێتە کەلاوە، بۆیە دەبێت هێزە کوردستانیەکان بزانن عێراقی دوای هەڵبژاردن دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، دەبێت خۆیان بۆ ئەو هەلومەرجە ئامادەبکەن، بەربژێرەکانیش بزانن لۆ دەچن لۆ بەغدا تەنها لۆ پارە نەچن دەنگدەریش بزانێ دەنگ لۆ کێ دەدات و چی بەربژێرێک هەڵدەبژێرێت، پێویستە دەنگدەر بەربژێرێک هەڵببژێرێ لە لیستەکەی خۆیدا، کە ڕابردویەکی کوردپەروەریان هەبێت و کەسێکی وشیارو خاوەن فیکرو بڕوابێت بە مەسەلە باڵاکانی کورد، ئەوکاتە دەزانین لۆ دەنگمان بەخشی و لۆ دەچین لۆ بەغدا ، گەر وانەکەن و ئەم ململانێ بێمانەیە تێنە پەڕێنین و بیگوازینەوە بۆ بەغدا ،
ئەوا داواکاری کوردی لەخولگەی مووچەهات و نەهاتدا دەخو لێتەوە .
