لەبەرچی حەماس دۆڕاوە؟ لە وەڵامی چەند خوێنەرێکدا

4 كاتژمێر لەمەوپێش



مەریوانى وریا قانع

دوو رۆژ لەمەوپێش پۆستێکم لەسەر دۆخی ئاگربەستی ئەم ساتەی غەزەکرد و تیایدا رەخنەم لەو دیدگایە کرد کە پروپاگەندەی ئەوەدەکات لە حەماس جەنگەکەی بردۆتەوە و موعجیزەی خولقاندوە. ئەم نووسینە وەڵام بە هەندێک لەو خوێنەرانەی کە پێیانوایە حەماس نە دۆڕاوە و حەماس جەنگەکەی بردۆتەوە. 

با سەرەتا لەو پرسیارەوە دەستپێبکەین ئایا حەماس لە رۆژی ٧ ئۆکتۆبەردا چ جۆرە بۆچون و تێگەیشتنێکی بۆ هێزی ئیسرائیل هەبوو؟ حەماس پێیوابوو، ئەمەشیان زۆر بە ئاشکرایی دەگوت، کە ئیسرائیل "لە تۆڕی جاڵجاڵۆکە لاوازترە" و مەحکومە بە دۆڕان و لەناوچوون. لەبەرامبەر ئەم وەهمە گەورەیەدا، تواناکانی خۆی و توانای دۆستەکانی، حیزبوڵا و سوریا و ئێرانی، بەلاوە هێجگار گەورەتر و بەهێزتربوو لە تواناکانی ئیسرائیل. پێشیوابوو شتێک هەیە ناوی "یەکێتی گۆڕەپانەکان"ە و هێزەکانی ناو ئەم گۆرەپانە زۆر لەوە بەهێزترن ئیسرائیل بتوانێت دەرەقەتیان بێت. دەرکەوت ئەم بۆچوونەی حەماس سەبارەت بە هێز و توانای دوژمنەکەی و سەبارەت بە هێز و توانای خۆی و دۆستەکانی بۆچوونێکی تەواو خورافیی و وەهمیی بوو. 

ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە وایکرد ئامانجەکانی پەلاماری ٧ ئۆکتۆبەریش، وەک لەسەر زاری سەرکردەی سەربازیی هێزەکانی حەماسەوە، باسکرا، تەواو خورافیی و بێبنەمابن. لە سەرەتای پەلامارەکانی «تۆفانی ئەقسا»دا، محەممەد دیف، فەرماندەی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، هەندێک لە ئامانجەکانی پەلاماری ٧ ئۆکتۆبەری بەمشێوەیە روونکردەوە: “ئەمە ڕۆژی ئێوەیە بۆ ئەوەی ئەم دوژمنە تاوانبارە تێبگەیەنن کە سەردەمی ئەو تەواو بووە... شەڕ بکەن، و فریشتەکان لەگەڵتاندا، هەم لە پێشەوە و هەم لە دواوە، دەجەنگن... ئەمڕۆ ڕۆژی ئێوەیە بۆئەوە ئەم داگیرکەرە و مستەوتەناتەکانی لە هەموو خاکەکەمان لە زیفەی غەربی، گسکبدەن و بسڕنەوە...». لە رۆژانی دواتریشدا چەند ئامانجێکی تر بۆ ئەم ئامانجانە زیادکرا: کۆتاییهێنان بە نیشتەجێکردنی بەزۆری جولەکە لەناو خاکی فەلەستینییەکاندا، هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر غەزە، ڕاگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر قودس و مزگەوتی ئەقسا، بەردانی زیندانییە فەلەستینییەکان، راوەستاندنی تاوان و کوشت و بڕەکانی ئیسرائیل و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی روخانی ماڵی فەلەستینییەکان. ئەوەی یەک تۆزقاڵ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ جیهاندا راستگۆبێت، دەزانێت هیچ یەکێک لەم ئامانجانە بەدینەهاتوون.

خاڵێکی دیکە لە پەیوەندیدا بە پەلامارەکانی ٧ ئۆکتۆبەرەوە، ئەوەبوو کە ئەوان لە شەڕەکەیاندا تەنها پشتیان بە هێزی خۆیان و هێزی دۆستەکانیان نەبەستوە، بەڵکو خودا خۆیشی فریشتە دەنێرێت بۆ هاریکاریکردن و سەرخستنیان. هەموو ئەم شتانەش بەیەکەوە، هێزێکی وا بە حەماس و دۆستەکانی دەبەخشن کە بە پەلامارێکی یەکجارەکی گەورە، کۆتایی بە ئیسرائیل بهێنن و فەلەستین رزگاربکەن. 

کەچی نەک تەنها هیچ یەکێک لەو ئامانجانە بەدینەهات، بەڵکو ئیسرائیل توانی تەواوی غەزە وێران بکات، دۆخی زیفەی غەربی لە ئێستادا لەهەموو کات خراپترە، ئیسرائیل لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیشیدا، لە سوریا و لوبنان و ئێراندا زیانی زۆر گەورەی بەو بەرەیە گەیاند کە ناوی «بەرەی بەرگریی» بوو، کە دۆست و هاریکاری ژمارە یەکی حەماس بوون. شتێکیش بەناوی "یەکێتی گۆڕەپانەکان"ەوە بوونی نەماوە. هیچ فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە نەهات درۆنێک یان راکێتێک یان فرۆکەیەکی ئیسرائیلی پەکبخات و نەهێڵێت کارە وێرانکەرەکانی خۆیان جێبەجێبکەن. لەمەش بترازێت جەنگەکە ئیسرائیلی گۆڕی بۆ پۆلیسی بەهێز و ژمارە یەکی ناوچەکە، ئەم جەنگە هەیمەنەی ئیسرائیلی نەک تەنها لەناو خاکی فەلەستیندا بە ئاستێکی ڕەها گەیاند، بەڵکو ئەم هەیمەنەیەی بەسەر سەرجەمی ناوچەکەشدا، سەپاندوە. 

هەموو ئەو خاڵانە نیشانیئەدەن کە پەلامارەکانی ٧ ئۆکتۆبەر سەرچڵییەکی سەربازیی حیساببۆنەکراو بوو. لەسەر وەهم و خورافەتی خۆ بە بەزلزانین و بەلاواز زانینی بەرامبەر، دروستبووبوو. جەنگەکە نیشانیدا ئیسرائیل لە هەموو روویەکەوە لە سەرجەمی دوژمنەکانی لەناوچەکەدا بەهێزترە، هەم لە رووی سەربازیی و تەکنۆلۆژیی و  توانای جەنگییەوە، هەم لە رووی هەواڵگریی و پشکنین و بڵاوبوونەوە بەناوچەکەدا. 

ئەوەی پێیوایە حەماس جەنگەکەی بردۆتەوە، باز بەسەر ئەو هەموو راستییە سادانەدا ئەدات. باسکردنی دۆڕانیش وەک بردنەوە، تاوانێکە، بەر لەهەموو کەس، بەرامبەر بە قوربانیەکانی ئەو جەنگە دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار