لە نەبوونی دەوڵەتـدا، زمان و نەتەوە لەناودەچن، کەیسی کورد
5 كاتژمێر لەمەوپێش
شێرکۆ کرمانج
بەشی یەکەم
ئەم بابەتە کە بە چەند بەشێک لێرەدا بڵاو دەکرێتەوە بەشێکن لە توێژینەوەیەک لەسەر ئەگەرەکانی لەناوچوونی نەتەوە و زمان لە غیابی دەوڵەت یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسادا. لێرەدا کەیسی کورد وەک نموونە وەرگیراوە و شیکارییەکی مێژوویی بۆ دۆخی کورد لەنێوان مانەوە و لەناوچووندا کراوە. بونیاتگەرایی (constructivism) وەک چوارچێوەیەکی تیۆری کەڵکی لێ وەرگیراوە بۆ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی خێزان وەک دامەزراوەیەک لە مانەوەی کولتوور و زمانی کوردیـدا بە بەراورد لەگەڵ ڕۆڵی دەوڵەت لە لەناوبردنی زمان و کولتوور و ناسنامە لە دەوڵەت-نەتەوەدا. بەدواداچوون بۆ ڕۆڵ و کاریگەریی دامودەزگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەکات (وەک: خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی گشتیی، هەروەها زمانی فەرمی و زمانی زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار) لەسەر مانەوە و گەشەی زمان و نەتەوە بێدەوڵەتەکان. توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر هۆکارە سەرەکییەکانی پشت مانەوەی کورد لە هەزار ساڵی ڕابردوودا بەگشتی و سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی بەتایبەتی. پاشان دۆخی کورد لە سەردەمی هەردوو ئیمپراتۆریەتەکەدا بەراورد دەکات لەگەڵ بارودۆخیان لە ژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەت-نەتەوە (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) لە سەد ساڵی ڕابردوودا. بۆچی کورد لەژێر سایەی ئیمپراتۆریەتەکاندا ماوە و بۆچی ئەگەری لەناوچوونی هەیە لەبن دەستی دەوڵەت نەتەوەکاندا پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەیە پێک دێنن. لە کۆتایی، توێژینەوەکە پێداگری لەوە دەکات کە کورد وەک نەتەوە مەحکومە بە لەناوچوون ئەگەر هەلومەرجی ناو ئەو چوار دەوڵەت-نەتەوەیەی کە ئێستا کورد تێیاندا دەژیت گۆڕانکاری ڕادیکالانەی بەسەردا نەیەت. هۆکاری ئەمەش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بۆ مانەوەی نەتەوە دەوڵەتێک یان دامەزراوەی هاوشێوەی دەوڵەت زەرورە.
پێگەی زمانی کوردی، چوونە ناو بابەتەکە
لە جیھاندا نزیکە ٧٦٠٠ زمان ھەن، نیوەیان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە (Jones 2024). ئەم داتایە لەپاڵ ئەو تێگەیشتنە کە زمانەکان و نەتەوەکان لە پرۆسەیەکی مێژوویی-سیاسیی-کۆمەڵایەتیی لە دایکبوونەوە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە لە پرۆسەیەکی هاوشێوە لەناویش بچن، ڕێگە خۆشکەرن بۆ درک کردن بە مەترسییەکانی سەر زمان و نەتەوە. بە واتایەکی دیکە، زمان و نەتەوە ئەزەلی نین، چۆن پەیدابوون ئاواش ئەگەری لەناوچوونیان هەیە.
لەو پەیوەندەدا، ڕۆژانە هەواڵی ئەوە دەبیستین کە بەشێکی زۆر لە کوردی باکوور (لە تورکیا) بە کوردی قسە ناکەن یان هەر کوردی نازانن. لە ڕاپرسییەکی ڕاوێست (Rawest)، کە ناوەندێکی توێژینەوەیە لە ئامەد، دەرکەوتووە کە تەنیا ١٨٪ ی گەنجانی کورد (تەمەن ١٨-٣٠ ساڵ) لە باکوور دەتوانن بە کوردی قسە بکەن و بخوێنەوە و بنووسن (Dri 2020). لە توێژینەوەیەکی دیکەدا لە شارەکانی باکووری کوردستان و هەندێک گەورەشاری تورکیا دەرکەوتووە کە نزیکەی ٦٠٪ ی کورد لە ماڵەکانی خۆیان بە کوردی نادوێن بەڵکوو تورکی بەکاردێنن (ئیسماعیل ٢٠٢٤). تەنانەت قسە لەوە دەکرێت کە گەریلا و کادیرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە قەندیل بە تورکی گفتوگۆ دەکەن. هاوکات، ئەوەشمان گوێ لێ دەبێت کە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات (لە ئێران) پڕبووە لە وشەی فارسی و زمانەکەیان خەریکە خسڵەتەکانی خۆی لە دەست دەدات. ئەم وێنەیە ئەگەر بۆ کوردی ڕۆژاڤا ڕاستتر نەبێت ئەوە دوور نییە لە ڕاستیی. کورد لە باشوور شانسی باشتر بووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە زمانی کوردی هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ١٩٢١ دانی پێ نراوە و کەم تا زۆر تا ١٩٩١ لە عێراق خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە بەشێکی زۆری کوردستان بە کوردی بووە. هەر چۆنێک بێت، لە ١٩٩١ ـەوەش لە باشوور بە دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی نیمچە-سەربەخۆ و لە ٢٠١٣ ـەوە لە ڕۆژاڤای کوردستان بە بوونی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەری دەوڵەتئاسا، زمان و کولتوور و ناسنامەی کوردی لەو دوو بەشی کوردستانـدا گەشەیان بەخۆیانەوە بینیووە.
کورد وەک نەتەوە ژمارەیان لە ٤٠-٥٠ ملیۆن کەس دەبێت، قسەکەر بە زمانی کوردیش لەو ژمارەیە نزیکە. ئەوە پێمان دەڵێت کە ئەگەرەکانی نەمان و لەناوچوونی کورد/کوردی وەک نەتەوە/زمان لەم ساتە وەختەدا لە ئارادا نییە. بەڵام وەک باوە توێژینەوە بەگشتی بە سێ شێواز و مەبەست ئەنجام دەدرێت: یەکەم، توێژینەوەی وەسفی (descriptive)، کە وەسفی دۆخێک یان دیاردەیەک دەکات. دووەم، توێژینەوەی ڕوونکردنەوەیی (explanatory)، کە لە هۆکارەکانی پشت دۆخێک یان دیاردەیەک دەگەڕێت. سێیەم، توێژینەوەی پێشبینیکەر (predictive)، کە هەوڵدەدات لە ئەنجامی خوێندنەوەی دۆخێک، دیاردەیەک یان پێشهاتێک پێشبینی دەرکەوتەیەک یان ئەنجامێک بکات.
