بترسە
(1).jpg)
4 كاتژمێر لەمەوپێش
شارۆ شاهۆ
بترسە لەوانەی کە بە پۆشاکی گران بەهاوە باسی ڕزگاری نیشتیمان و سەربەخۆی دامەزراوەکانت بۆدەکەن.
بترسە لەوانەی کە باسی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکانت بۆ دەکەن.
بترسە لەوانەی کاتێک نازناوی بنەماڵەکانیان لێدەکەیتەوە مرۆڤانێکی ڕووت و قووتن لە واقعدا.
بترسە لەوانەی کە مەقلوبە دەخۆن و شین بۆ برسییەکان دەکەن.
بترسە لەوانەی کە ڕەوایەتی بە کوشتار و نەتەوەپەرستی ئەدەن.
بترسە لەوانەی کە توێژەرن و ڕەوایەتی دائەتاشن بۆ ئەو ستەمکارانەی کە چارەنووسیان تاریک کردین.
بترسە لەوانەی کە باسی یەکبوون و یەک دەنگی و یەک ڕەنگی دەکەن لە پشتەوەی مرۆڤێک کە ڕەنگ لەژیانیدا نیە.
بترسە لەوانەی کە لەناو قسەکانیاندا بەردەوام وشەی بیانی بەکاردەهێنن وەک ماکیاژێک بۆ نەزانییەکانیان.
بترسە لەوانەی کە بە خێرای دەوڵەمەند بوون.
بترسە لەوانەی کە بەردەوام خێڵگەرایی نوێ دەکەنەوە.
بترسە لەوانەی کە ئاینداری توندن، هەر وەک چۆن ئەوانەشی کە بێ ئاینی بووە بە ئاین بۆیان.
بترسە لەوانەی هەمو شتێک وەک کێبڕکێ دەبینن.
بترسە لەوانەی کە لە هەمو جێگایەک دەیانبینیت.
بترسە لەوانەی کە (بەڵێ) بۆ هەمو شتێکت ئەکەن.
بترسە لەوانەی کە وەک ئامێرێکی پێدانی خۆشەویستی دەتبینن.
بترسە لەوانەی کە زۆر دەڵێن و هیچ ناڵێن لەهەمان کاتدا.
بترسە لەوانەی کە بەدوای کاری بێ ماندووبوون دەگەڕێن.
بترسە لەوانەی کە حەزیان لە قردێلە بڕینی هەمو بۆنەیەکە.
بترسە لەوانەی گۆڕەکان دەکەنە مەزارگا و بەپیرۆزی دەکەن.
بترسە لەوانەی کە شارچێتی دەکەن.
بترسە لەو ژنە چالاکوانانەی کە باسی مافەکانی ژنان دەکەن و دواجاریش شوگەر دادی و پیاوسالارەکان هەڵدەبژێرن بۆ ژیان و هاوسەرگیری.
بترسە لەوانەی کە بەردەوام باسی خەباتی شاخ و زیندان دەکەن و پێتی دەفرۆشنەوە.
بترسە لەوانەی بەناوی ئاسایش نیشتیمانی، سەقامگیرییەوە بەردەوام چاودێریت دەکەن و ئازادییەکانت سنوردار ئەکەن.
بترسە لەوانەی ڕەشێک مناڵ ئەخەنەوە بەبێ ئەوەی خەمی پەروەردەکردنیان هەبێ.
بترسە لەوانەی یاری بەزمان دەکەن بۆ گەوجاندنت.
بترسە لەوانەی کە هەمو شتێک دەکەنە کۆمیدیا.
بترسە لەوانەی کە کاتێک کە مایک دەگرنە دەست دەیشکێنن یان هاواردەکەن و دەڵێن: ئێرە شوێنی ئومێدە، نابێت بنیادەم لەناو ئەم هەمو بێماناییەدا بێ ئومێدبێت.
دواجار تۆ بەو شتەوە زیندوویت کە ئەوانی تر لێی ڕادەکەن و پێی دەمرن، ئەو شتەی کە ناونراوە تەنیایی.
