هەڵبژاردن تەوابوو و هەموو شت وەک خۆیەتی !!
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هونەر تۆفیق
هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە : بەم دۆخە سیاسی و جۆرە حوکمداریە ڕازیت یان نا ؟
ئەگەرنا ، دەبێت ڕەوتی نا( نەخێر) پرۆژەی چۆنیەتی گۆڕین و بەڕێوەبردنەوەکەی خۆی لەگەڵ ناڕەزایەتی خەڵکدا هاوتا بکات و زۆرینە لەڕێگای دەنگدانەوە گۆڕانکاری دروست بکات.
واتە هەڵبژاردن لەدوو ئەگەر بەدەر نیە ، یان دەیگۆڕیت یان نایگۆڕیت و ڕازیت بەوەی هەیە .
لەگەڵ ئەوەی کە زۆینە بیست ساڵە ناڕازیە بەشێوازی حوکمداریەکەی و داوای گۆڕینی دەکات کەچی لەکاتی دەنگداندا بە نەگۆڕین وەڵام دەداتەوە !؟
هۆکاری سەرەکی جیاوازی دەنگی خەڵک لەکاتی ئاسایی لەگەڵ هەمان دەنگ لە کاتی هەڵبژاردندا ، ڕێکنەخستنی هەمان دەنگە بەڵام لەدوو کاتی جیاوازدا .
بەڵێ زۆرینەی خەڵک گۆڕانکاری دەوێت بەڵام ئەو خواستی گۆڕینە کە دەبوو ببێت بە فیکریەکی سیاسی بۆ گۆڕین ڕوونادات .
هۆکاری ڕوونەدایشی لەئەستۆی ئۆپۆزسیۆنە .
گەرچی هێزی دژە گۆڕین ( دەستەڵات ) لەناوخۆشیدا توانای بەرگریکردنی نەماوە ، تەنانەت ئەوانیش لەشێوازی حوکمداریەکەی خۆیان ناڕازین کە دەکاتە لاوازبوون ، بەڵام هێزی گۆڕین هێندە لاوازترە کە نەیتوانیووە لە ناڕەزایەتی دەستەڵاتیش تێپەڕبکات .
سەرباری ئەو لاوازی و بێ گوتاری و بێ پرۆژەییەی بەرەی گۆڕین و پەرتەوازییەکان ، هێشتاکە گۆڕین بەلایانەوە ڕێژە و ژمارەی کورسیەکانی پارلەمانە .
لەحاڵێکدا بەر لە پارلەمان و کورسیەکانی ، گۆڕانکاری بیرکردنەوە و تێڕوانێکی جیاوازە بۆ دەستەڵات و سیستەمی سیاسی ، تاوەکو ئەو تێڕوانینەش نەکرێتە فیکرەیەکی هاوبەش هەموو شت هەر وەک خۆیەتی !!
