فاروق جه‌میل، وه‌زیرى پێشووترى داد بۆ هاوڵاتى: سه‌وه‌رى یاسا له‌ کوردستان بوونى نیه‌و وه‌زعه‌که‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم


وه‌زیرى پێشوترى داد ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات حزبه‌کان ده‌ترسن داواکارى گشتى جیابکه‌نه‌وه‌ له‌وه‌زاره‌تى دادو ده‌یانه‌وێت له‌ژێر رکێفى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن بیهێڵنه‌وه‌ و پێشیوایه‌ سه‌روه‌رى یاسا بوونى نییه‌ له‌هه‌رێمى کوردستاندا.
فاروق جه‌میل، وه‌زیرى داد له‌ کابینه‌ى پێنجه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر پشکى یه‌کێتى، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ته‌داخولاتى حزبى له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و ناو قه‌زا هه‌یه‌و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر هه‌ردوو ده‌زگاى داواکارى گشتى و دیوانى چاودێرى دارایى کاراو چالاک بکرێت دۆخه‌که‌ له‌هه‌رێمى کوردستان زۆر به‌ره‌و باشى ده‌گۆڕێت".
باس له‌وه‌شده‌کات، ئه‌و کاته‌ى وه‌زیر بووه‌ له‌رێگه‌ى ئه‌ندامانى داواکارى گشتییه‌وه‌ پرۆژه‌ یاسا پێشکه‌شى حکومه‌ت و په‌رله‌مان کراوه‌ تا جیابکرێته‌وه‌، به‌ڵام رێگه‌ نه‌دراوه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت.
فاروق جه‌میل پێى باش نییه‌ دادوه‌ره‌کان ده‌ستله‌کاربکێشنه‌وه‌و داوایان لێده‌کات له‌ جیاتى ئه‌وه‌ یه‌ک هه‌ڵوێست بن و پێکه‌وه‌ هه‌وڵى گۆرانکارى و چاکسازى بده‌ن له‌سیستمى دادوه‌ریدا.


هاوڵاتى: وه‌کو وه‌زیرى پێشووى داد، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و نیگه‌رانى و ره‌خنانه‌ى که‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیستمى دادوه‌رى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان؟
فاروق جه‌میل: سیسته‌مى دادوه‌رى له‌ مێژه‌ تێکچووه‌، له‌سه‌ره‌تاى دووئیداره‌یى و مه‌حکه‌مه‌ى ته‌میز بووه‌ دوان و خه‌ڵکێکى زۆر ئه‌و کاته‌ به‌ناهه‌ق دامه‌زرێندران و کران به‌ دادوه‌ر، به‌ڵام دواتر که‌ حکومه‌ت یه‌کی گرته‌وه‌ دادگایه‌کى ته‌میزى باش دامه‌زرا به‌ره‌زامه‌ندى هه‌موو لایه‌ک و خه‌ڵکیش هه‌مووى پێیان باش بوو.
دواتر که‌ ده‌سه‌ڵاتى قه‌زائى له‌ وه‌زاره‌تى داد جیاکرایه‌وه‌و وه‌زاره‌تى دادیش کارێکى باشى کرد که‌ ده‌سه‌ڵاتى قه‌زائى رۆڵى خۆى ببینێت، به‌ڵام له‌دوایدا فشاریان له‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى قه‌زا کرد که‌ (ساڵه‌ح  یه‌عقوبى) بوو بۆ ئه‌وه‌ى ئیشى نایاسایى پێبکه‌ن، ئه‌ویش پیاوێکى زۆر دادوه‌رانه‌ بوو ره‌تیکرده‌وه‌ ئه‌و ئیشه‌ نایاساییانه‌ بکات.
لایه‌نێکى سیاسى هه‌ستا به‌وه‌ى هه‌موارى یاساى قه‌زایان کردو ته‌مه‌نه‌که‌یان گۆڕى بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى قه‌زا خانه‌نشین بکه‌ن و بۆخۆیان ئه‌وه‌ى بیانه‌وێت ئه‌وه‌ دابنێین پلانه‌که‌یان سه‌رى گرت، له‌ورۆژه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌نجومه‌نى قه‌زا که‌وته‌وه‌ ژێر رکێفى حزبى ئیتر رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و  خراپتر رۆشتووه‌.


هاوڵاتى: دیارترین کێشه‌کانى به‌رده‌م سیسمسى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان چین؟ ئه‌رکى کێیه‌ چاره‌سه‌ریان بکات؟
فاروق جه‌میل: ئه‌رکى ئه‌نجومه‌نى قه‌زایه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ى به‌رده‌م سیستمى دادوه‌رى چاره‌سه‌ر بکات، ئه‌گه‌ر لێبگه‌رێن ته‌داخول له‌ ئیش و کاره‌کانیان نه‌که‌ن با بۆخۆیان ئیشکه‌کانیان بکه‌ن، بۆ نمونه‌ دادگاى ته‌میز دوو سێ که‌س خانه‌نشین ده‌بن بۆ ده‌بێت به‌رێکه‌وتنى حزبى ئه‌ندامه‌کانیان دابنرێت، یاساى ده‌سه‌ڵاتى قه‌زائى هه‌یه‌ رێوشوێنه‌کانى دانانى مه‌حکه‌مه‌ى ته‌میزو هه‌مووى دیارى کردووه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى قه‌زایه‌ ئیشه‌کانى خۆیان بکه‌ن،باشتره‌ له‌وه‌ى به‌رێکه‌وتنى حزبى دابنرێن.
هاوڵاتى: له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوودا ژماره‌یه‌ک دادوه‌ر ده‌ستیان له‌ کارکیشاوه‌ له‌ داوکارى گشتى و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ری، که‌ دواترینیان حاکم شیخ له‌تیفه‌. کێ به‌رپرسه‌ له‌مانه‌؟
فاروق جه‌میل: گوێم له‌ قسه‌کانى کاک حاکم شێخ له‌تیف بوو، پیاوێکى راشکاوه‌ بۆچونه‌کانى به‌شێکى پشتیوانى ده‌که‌م، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ نا که‌ ئه‌و باسى کرد، ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ئه‌و دادوه‌ره‌ باشانه‌ که‌ په‌رۆژى قه‌زان ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌یان به‌ ئیشێکى باشى نازانم، چونکه‌ ئه‌وانه‌ له‌ناو قه‌زا بن ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ن قه‌زاکه‌ چاک بکه‌ن نه‌ک وازى لێ بهێنن.
وه‌زعى قه‌زا باش نییه‌و زه‌حمه‌تیشه‌ له‌ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێستا دۆخى قه‌زا باش ببێت، چونکه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێستا نایه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌ویستى خۆیان بێت و هه‌رشتێک به‌دڵیان نه‌بێت ده‌یگه‌رێننه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و ئه‌وانیش به‌که‌یفى خۆیان گه‌مه‌ى پێده‌که‌ن.


هاوڵاتى: له‌سه‌روبه‌ندى پێکهێنانى حکومه‌تى هه‌رێمداین، کاتى ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ وه‌زیرى داد ده‌سه‌ڵاتى داواکارى گشتى جیابکاته‌وه‌؟
فاروق جه‌میل: ئه‌مه‌ هه‌ر له‌و کاته‌ى که‌ وه‌زیرى داد بووم ئه‌و براده‌رانه‌ى داواکارى گشتى ده‌زانن بانگم کردن پێم وتن پرۆژه‌ یاسایه‌ک دابنێن بۆ ئه‌وه‌ى جیاببنه‌وه‌ له‌وه‌زاره‌تى داد، چونکه‌ داواکارى گشتى ده‌بێت له‌وه‌زاره‌تى داد جیابکرێته‌وه‌، پرۆژه‌که‌یان چووه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و له‌وێوه‌ چووه‌ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم نه‌یانهێشت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سه‌ر بگرێت و بچێته‌ په‌رله‌مان، جارێکى تریش پرۆژه‌یان پێشکه‌ش به‌ په‌رله‌مان کرد هه‌ر نه‌کرا، له‌وکاته‌وه‌ وه‌زاره‌تى دادیش که‌وتۆته‌ ژێر رکێفى حزبه‌وه‌ به‌که‌یفى خۆیان داواکارى گشتى لاده‌به‌ن و دایده‌نێن به‌بێ ئه‌وه‌ى موراعاتى دۆخه‌که‌ بکه‌ن.
جارێ نازانم حکومه‌تى کابینه‌ى نۆیه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای حزبه‌کان پێکده‌هێندرێت یان نا، هه‌تا ئه‌و حزبانه‌ى ده‌سه‌ڵاتیان له‌ژێر ده‌سته‌ که‌ به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ى ئێستا حکومرانى ده‌که‌ن شتى ئیجابیان نییه‌، ئه‌مه‌لى ئه‌وه‌مان نییه‌ که‌ دۆخه‌که‌ چاک بکه‌ن.


هاوڵاتى: داواکارى گشتى له‌سه‌روو دادگاوه‌یه‌، ئایا حزبه‌ سیاسییه‌کان ترسیان له‌داواکارى گشتى هه‌یه‌ وا نایانه‌وێت جیابکرێته‌وه‌ له‌وه‌زاره‌تى داد؟
فاروق جه‌میل: ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌کان که‌ ترسیان له‌داواکارى گشتى هه‌یه‌، داواکارى گشتى که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى دادبێت ده‌که‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆش بکرێت ئه‌گه‌ر ده‌زگاى داواکارى گشتى سه‌ربه‌خۆ نه‌کرێت به‌ته‌وه‌تى له‌ئیش و کار نه‌ک ته‌نها له‌رووى ئیشى ئیدارییه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێت بوێر بن بچنه‌ هه‌موو کون و قوژبنه‌کانى حکومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیى و فه‌ساده‌ى که‌ حکومه‌ت هه‌یه‌تى ئاشکراى بکه‌ن بیده‌نه‌ دادگاکان.
داواکارى گشتى وه‌زیفه‌یه‌کى گرنگه‌، دوو شت له‌ناو حکومه‌ت کارا و چالاک بکرێن، یه‌ک ده‌زگاى داواکارى گشتى و جده‌سته‌ى چاودێرى دارایى، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیى ته‌واو و ده‌سه‌ڵاتى کاملى هه‌بێت که‌ بتوانێت له‌هه‌موو لێپرسینه‌وه‌یه‌ک بکات وه‌زعه‌که‌ ده‌گورێت و ئه‌سڵه‌ن پێویستمان به‌ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ هه‌ر نابێت، نازانم ئه‌و ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌یه‌ چیه‌ داییانناوه‌ وه‌ک ده‌زگاێکى شکڵى هه‌مووشى حزبیه‌، به‌ڵام کاکه‌ زۆر زۆر زه‌حمه‌ته‌ بهێڵن داواکارى گشتى کارا بکرێت.


هاوڵاتى: به‌ریزت وه‌زیر بووى له‌سه‌ر پشکى یه‌کێتی، ١٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مام جه‌لال بریارێکى ده‌رکرد که‌ ده‌بێت ده‌ستوه‌ردانى حزبى له‌ زانکۆکان و دادگاکاندا نه‌مێنێ دواى زیاتر له‌ ١٠ ساڵ هه‌ست ده‌که‌ى ئه‌و بریاره‌ جێبه‌جێ کراوه‌؟
فغاروق جه‌میل: به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و وه‌زعانه‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌روات نه‌وه‌ک باشتر، مام جه‌لال حه‌زى ده‌کرد به‌ڵام که‌ بووه‌ سه‌رۆک کۆمار و چوه‌ به‌غدا ئاگاى له‌کوردستان نه‌ما، ده‌ستێوه‌ردانى حزبى له‌دادگاکاندا ماوه‌.


هاوڵاتى: ئایا دادوه‌ره‌کان ده‌توانن فشار دروست بکه‌ن بۆ چاککردنى سیستمى دادوه‌ری؟
فاروق جه‌میل: له‌جیاتى ئه‌وه‌ى ده‌ستله‌کاربکێشنه‌وه‌ دادوه‌ره‌ به‌رێزه‌کانمان فشار دروست بکه‌ن باشتره‌، ئه‌نجومه‌نى قه‌زائى چاره‌سه‌رکردنى له‌ده‌ست دادوه‌ره‌کان خۆیاندایه‌، ئه‌گه‌ر خۆیان یه‌ک بن و نه‌هێڵن ته‌داخولاتى حزبى بکرێت، به‌ڵام حزب به‌شێکى زۆریانى داناوه‌ له‌ژێر کاریگه‌رى حزبه‌کاندان.


هاوڵاتى:  ره‌شبینى یان گه‌شبینى بۆ چاکردنى سیستمى دادوه‌رى له‌هه‌رێمدا؟
فاروق جه‌میل: بۆ خۆم کابرایه‌کى ره‌ش بین نیم، به‌ڵام حه‌قیقه‌تیش هه‌یه‌ ناتوانى لێى لابده‌یت، حه‌قیقه‌تى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى که‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ حکومرانى ده‌کات، راسته‌ له‌که‌ناڵه‌کان باسى ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ سه‌روه‌رى یاسا و دادگاکان هه‌یه‌ و یاسا له‌سه‌رو هه‌موو شتێکدایه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ئه‌و قسانه‌ ده‌که‌ن بۆ خۆیان ئاوایان له‌ قه‌زا و سیستمى دادوه‌رى کردووه‌ له‌هه‌رێمى کوردستاندا و سه‌روه‌رى یاسا پێشێل ده‌که‌ن، سه‌وه‌رى یاسا بوونى نیه‌و ئه‌و کاته‌ى وه‌زیرى داد بووم وام وتووه‌.
هاوڵاتى: په‌یمانگاى دادوه‌ران هه‌یه‌ و ده‌وترێت به‌ته‌سکیه‌ى حزبى که‌سه‌کان وه‌رده‌گیرێن؟ تاچه‌دن زانیاریت له‌وباریه‌وه‌ هه‌یه‌؟


فاروق جه‌میل: په‌یمانگاى قه‌زائى رێگه‌یه‌کى زۆر باشه‌ بۆ پێگه‌یاندنى کادرى قه‌زائى باش، به‌ڵام ئه‌و په‌یمانگایه‌ له‌ژێر کاریگه‌رى حزبیدایه‌، راسته‌ به‌ تاقیکردنه‌وه‌ ده‌کرێت و به‌نهێنییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زانیاریم هه‌بێت له‌م لاولا خه‌ڵکى ترى تێ ده‌کرێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، وانیه‌ که‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى دادپه‌روه‌رانه‌ هه‌موو که‌سه‌کان وه‌ربگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار