ئەمریکا چاودەبڕێتە بیرە نەوتەکانی کەرکوک.. بیرە نەوتەکانی کەرکوک بۆ هێندە گرنگن؟
6 ساڵ لەمەوپێش
یاد قوربانی
لەگەڵ سەپاندنی دووەم قۆناغی ئابڵۆقە ئابووریەکان بەسەر ئێراندا کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک گرنگییان زیاد دەکات. دوای سەپاندنی ئابڵۆقەکان لە لایەن ئەمریکاوە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە، کەمبوونەوەی خستنە بازاڕی نەوت و بەرهەمەکانی لە لایەن ئێرانەوە بۆشاییەکی خستنە بازاڕی نەوتی درووستکردووە کە وڵاتانی تری بەرهەمهێنی نەوت هەلی پڕکردنەوەیان هەیە. لە ئێستاشدا و بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز عێراق لە پلانیدایە بڕی هەناردەی نەوت لە پێنج ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ هەشت ملیۆن و پێنج سەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە، کە پێدەچێت یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کەرکوکەوە هەناردەبکرێت.
کەرکوک بۆ هێندە گرنگە؟
دوو هۆکار: قەبارەی نەوت و قازانجی دارایی. لە ساڵی پارەوە و دوای وەستانی ناردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان لە ڕێی تورکیاوە، تا ئێستا عێراق ٨ ملیار دۆلار زیانی دارایی پێ گەیشتووە.
هەرچەندە زۆرینەی هەناردەی نەوتی عێراق لە کێڵگەکانی باشورەوەیە، بەڵام کەرکوک یەکێکە لە گەورەترین و کۆنترین کێڵگە نەوتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە پێی خەمڵاندنەکان نزیکەی ٩ ملیار بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێت.
بە پێی زانیاریەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کەرکوک وەک بژاردەیەک سەیر دەکات بۆ پڕکردنەوەی کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت لە لایەن ئێرانەوە کە دوابەدوای سەپاندنی دوەم قۆناغی ئابڵۆقە ئابووریەکان، کڕینی نەوت لە ئێران قەدەغەکراوە.
لە زاری سەرچاوەیەکی نادیارەوە ئاژانسەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە واشنتۆن فشاری خستوەتە سەر بەغداد کە هەموو هەناردەکانیان بۆ ئێران ڕابگرن و لە بەرانبەردا هەناردەی نەوت لە کەرکوکەوە بەرەو تورکیا بخرێتەوە گەڕ.
هەناردەی نەوتی کەرکوک بە هۆی چیەوە وەستا؟
لە دوای ١٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار و لەشکرکێشی سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری کەرکوک لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی بیرە نەوتەکانی کەرکوکی لە دەستدا کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە و دوای جێهێشتنی سوپای عێراق بە هۆی ڕێکخراوی داعشەوە کۆنترۆڵی دەکردن. دووبارە خستنەوەکاری هەناردەی نەوت لە کەرکوکەوە پەیوەستە بە ڕێکەوتنی حکومەتی عێراق و هەرێـی کوردستان.
بە پێی زانیاریەکانی ڕۆیتەرز، ئەو بۆریە نەوتەی کە بەغداد پێشتر بەکاری دەهێنا بۆ هەناردەی نەوت بەرەو تورکیا لە لایەن ڕێکخراوی داعشەوە شکێندراوە و لە کارکەوتوە. تەنها بۆری نەوت کە دەکرێت کاری پێبکرێت بۆریە نەوتە نوێکەیە کە حکومەتی هەرێم دروستی کردوە و کاری پێدەکرد. لە ئێستادا حکومەتی ناوەندی عێراق دوو بژاردەی لەبەردەستدایە: یان دەبێت بۆریەکی نەوتی نوێ دروستبکات یاخود دەبێت بۆریە نەوتە نوێکە کارپێبکات، لە ئێستاشدا هەردوو بژاردە هەڵدەسەنگێنێت.
هەناردەی نەوتی کەرکوک کەی دەستپێدەکاتەوە و بڕی هەناردە چەند دەبێت؟
فشاری ئەمریکیەکان بۆ گەیشتنە ڕێکەوتنی بەغداد و کوردستانە. گەر ئەم دوو لایەنە نەگەنە ڕێکەوتن ئەوا حکومەتی عێراق دەبێت سیستەمێکی بۆری نەوتی نوێ بنیاتبنێت کە ڕەنگە دوو ساڵ بخایەنێت.
بە پێی وتەی بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بۆری ڕۆزنەفت قەبارەی ناردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا کە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ناوچەکانی تری کوردستانەوەیە جگە لە کەرکوک و گەر هەناردەی نەوتی کەرکوک دەستپێبکاتەوە دەتوانێت ٣٠٠ هەزار بەرمیلی کەرکوک هەناردە بکات.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسە عێراقیەکانەوە ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە ئێستادا نەوتی کەرکوک بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەنێردرێت. لەبەر ئەمە گەر هەناردەی نەوتی کەرکوک بکەوێتەوە گەڕ لە سەرەتاوە تەنها ١٠٠ هەزار بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا و بەمەش کۆی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەڵام ئەم بڕە بە بەراورد بە بڕی هەناردەکراوی نەوتی کوردستانی پێش ڕیفراندۆم کەمترە کە ئەوکات ٧٠٠ هەزار بەرمیلبوو لە ڕۆژێکدا. ئەم بڕە نوێیەی هەناردەی نەوت هێندە نابێت کە ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە کە تورکیا لە کڕینی نەوتدا توشی دەبێت بەهۆی ئابڵۆقەکانی سەر ئێران.
ئابڵۆقە ئابوریەکانی سەر ئێران کاریگەری لەسەر کەرتی نەوتی عێراق دەبێت؟
پێش سەپاندنی قۆناغی دوەمی ئابڵۆقەکان بازرگانی نەوت لە نێوان عێراق و ئێراندا تەنها بڕێکی کەمبوو کە نزیکەی ٣٠ هەزار بەرمیلبوو لە ڕۆژێکدا لە لایەن هەردوو لاوە کە هەندێکی لە کەرکوکەوە دەنێردرا. بەڵام سەرەڕای کەمی بازرگانی نەوت لە لایەن دوو وڵاتەکەوە، ئابوری عێراق تا ڕادەیەکی زۆر پشتی بە ئێران بەستوە. بۆ نموونە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق زۆری بە گازی سروشتی کە لە ئێرانەوە دێت کار دەکات.
لە ئێستادا واشتنۆن ڕوخسەتی داوە بە عێراق کە هەناردەی گازی ئێران و بەر و بوومی خواردن بکات لەو وڵاتە بەڵام ڕاشیگەیاندوە کە ئەمە تەنها کاتیە و ئەگەری وەستانی هاوردەکردنی ئەم بەرهەمانە بۆ عێراق بوەتە مایەی قەلەقی و ناسەقامگیری ئابوری.
گفتوگۆی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک
لەئێستادا گفتوگۆ لهنێوان ههرێم و بهغدا هەیە بۆ ههناردهکردنى نهوتى کهرکوک لهڕێگهى بۆری نهوتى، بهڵام تائێستا هیچ رێککهوتنێک لە نیوانیاندا لەسەر ئەو پرسە واژۆنەکراوە. بهڵکو تهنیا له چوارچێوهى گفتوگۆدا ماوهتهوه.
له 16ى تشرینى یهکهمى ساڵى رابردوو، کهرکوک و بهشێک له ناوچه دابڕێندراوهکان لهلایهن سوپای عێراق و حهشدى شهعبى کۆنترۆڵکران، بهمهش گرفت بۆ ههناردهکردنى نهوت کێڵگهکانى باى حهسهن و جهمبوور و هاڤانه دروستبوو، که پێشتر لهلایهن ههرێمهوه ههناردهى دهرهوه دهکرا.
بێوار خنسی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاساییشی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە دەڵێت حکوومەتی ھەرێم بە مەرج ئامادەیە نەوتی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە لە رێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردەی دەرەوە بکرێت. ئەویش گەڕاندنەوەی ئارامییە بۆ ئەو ناوچانە بۆ پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر.
ئەمەش لەکاتیکدایە داعش لەوناوچانە سەری ھەڵداوەتەوە و کورد دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە ئاسایشی ناوچەی کەرکوک هەروەها مەرجیکی تری کورد ئەوەیە پارێزگاری نوێی کەرکوک دابنیرێت کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە وەکالەت بەریوەدەبرێت.
بێوار خنسی، وتیشی "ئەگەر پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئاسایی بێتەوە و دۆخەکە ئارام بێت و رێککەوتنێک بەپێی دەستوور بکرێت و ئارامی بۆ ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەتواندرێت ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لەو ناوچانەدا بۆ رێژەیەکی زۆر بەرز زیاد بکرێت و نەوتەکەیش لەرێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردە بکەن".