خانوى جنۆکە دەرگاى دۆزەخ دەکاتەوە؟
کاتژمێرێک لەمەوپێش
خەبات کوردە
سەرەتا ڕەوایە بزانین ماڵی جنۆکە چیە و لە کوێیە و لە چیەوە هاتوە ؟
خانوی جنۆکە بە واتا عەڕەبیەکەی ( بیت الجن ) ە، ناوی گوندێکە لە خواروی دیمەشقی پایتەختی سوریایە. ناوەکەش لەوەوە هاتوە بە پێی شوێنە جوگرافیاکەی ماڵەکانی ئەو گوندە هەتا نەچیتە ناو گوندەکەوە دەرناکەون
چەند شەوێک پێش ئێستا سوپای ئیسڕائیل پەلامارێکی ناوچەکەیدا و چەند تیرۆریستێکی جیهادی ئیسلامی دەستبەسەر بکات و خەڵکی گوندەکە و دەوروبەریشی بە بێ ئەوەی بزانن چیە کەوتنە تەقە کردن و ۱۳ سەربازی ئیسڕائیلیان بریندار کرد کە تا ئێستا سێ لەو سەربازانە باری تەندروستیان ناجێگیرە و هەمەڕێکی سەربازیشیان لە پاش خۆیان بەجێ هێشت و لە ناوچەکە کشانەوە
لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسڕائیل کەوتە بۆردومانێکی خەستی گوندەکە و دەوروبەری و هەمەرە بەجێماوەکەشیان تەقاندەوە و ۱٥ کوژراو و ۳٠ برینداریش تا ئێستا لە خەڵکی ناوچەکە هەیە
ئەو چالاکیەیەی سوپای ئیسڕائیل و زۆری بریندارەکانی وایکردوە کە ناتانیاهۆ هەڕەشەی کردنەوەی دەرگای دۆزەخ بە ڕووی دیمەشق دا بکاتەوە ، ئەگەر حکومەتەکەی ئەلشەڕع هاوکار نەبێ لە پاکتاو کردنی ئەو گروپە توندڕەوانەی کە بونەتە مەترسی لە سەر ئیسڕائیل و داوا لە ئەلشەڕع دەکەن کە
هەرچی زووە ڕێککەوتنی ئاشتی لە گەڵ ئیسڕائیل ئیمزا بکات
لە بەرامبەریشدا ئەحمەد ئەلشەڕع لە ناو دەرگای قەڵای حەڵەبی مێژوویی و بە بۆنەی یەک ساڵەی ئازاد کردنی شاری حەڵەب لە دەستی سوپاکەی ڕژێمی بەشار ئەسەد دا ، ڕایگەیاند کە ئیسڕائیل ئارامی و ئاسایشی سوریای ناوێ و ئیسڕائیل ناچاریان دەکات کە بەرگری لە خۆیان و پایتەختەکەیان بکەن .
ئەوەی جێی سەرنجە لە تەواوی ئەو ساڵەی کە ڕژێمەکەی بەشار ڕوخاوە و گروپە چەکدرەکانی بەرەی نوسرە دەستیان بە سەر لە سەدا حەفتای خاکی سوریادا گرتووە و بێجگە لە شەڕی چوار مانگەیان لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە دوو کۆمەڵ کوژی عەلەوی و دروزەکانیشیان ئەنجام داوە و لە هەموو پەلامارەکانیشیان لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بانگەواز و فتوای ( حي علی الجهاد ) یان ڕادەگەیاند .
بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵەدا ئیسڕائیل لە سەدا ۸٠ چەکە قورسەکان و کۆگاکانی سوپای سوریایان تێکشکاندوە ، بۆ تەنها جارێکیش فتوایان بەرامبەر دەست درێژیەکانی سوپای ئیسڕائیل ڕانەگەیاندوە .
پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە ، ئایا سوپای ئیسڕائیل دەرگای دۆزەخ بە ڕووی باڵا دەستانی حکومەتەکەی ئەلشەڕع لە ڕێی هێزی زەمینی و ئاسمانیەوە دەکاتەوە ، هاوشێوەی خواروی لوبنان و کەرتی غەززە و پەلاماری دیمەشق دەدات ، چونکە سوپایەکەیان تەنها ۱٥ کیلۆمەتر لە ناوجەرگەی پایتەختی سوریاوە دوورە ، یان هەڕەشەیە و دەیەوێ جیهادیە ئیخوانیە توندڕەوەکانی باڵادەستی حکومەتە لەرزۆکەکەی دیمەشقی پێ بترسێنێ .؟
