نابێت ئەمریکا کوردەکان بکاتە ئامانج بۆ ڕازیکردنی تورکیا
6 ساڵ لەمەوپێش
نوسینی: مایکڵ ڕوبین – واشنتۆن ئێگزامینەر
وەرگێڕانی: یاد قوربانی
شەشی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە لە ئاگاداریەکدا ڕایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە خەڵاتی دەستنیشانکردووە لە بەرانبەر ناردنی زانیاری کە ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی شوێنی بەرپرسانی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان: مورات قەرەیلان (تا پێنج ملیۆن دۆلار)، جەمیل بایک (تا چوار ملیۆن دۆلار)، دوران کاڵکان (تا سێ ملیۆن دۆلار)." دانانی ئەم جۆرە خەڵاتانە شتێکی نامۆ نیە کە دێتە سەر گەورە تیرۆرستەکان. بۆ نموونە لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی ئەمریکا خەڵاتی دیاریکرد بۆ دەستگیرکردنی هەر یەکێک لە ئوسامە بینلادنی ئەمیری قاعیدە و ئەبوبەکر بەغدادیی ئەمیری داعش و ئەبووبەکر شیکاوی ئەمیری بۆکۆ حەرام.
بەڵام ئەو سێ ناوە (سەرکردەکانی پەکەکە) لەگەڵ سێ ناوەکەی دواتردا لە یەک ڕیزدانین.
نەوەک هەر سەرانی پەکەکە هەرگیز ئەمریکیەکان نەکردوەتە ئامانج، بەڵکوو ناشتوانین بە ڕوونی بڵێین کە ئەوان تیرۆرستن. قەرەیلان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و لە ئێستادا ڕابەری باڵی سیاسی ئەو پارتەیە (کەجەکە). جەمیل بایک بە هەمان شێوە یەکێک لە دامەزرێنەرانە و جێگری قەرەیلانە. لە بارەی کالکانیش، ئەو بەرپرسی ئەرشیفی پارتەکە و هاوکات بەرپرسێکی باڵای کەجەکەیە. ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە هەوڵێکی کاڵ و کرچی بیرلێنەکراوە دەچێت بۆ ڕازیکردنی تورکیا.
لە ژێر دەوڵەتمەداریی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا سیاسەتکردنی نێودەوڵەتی تورکیا زیاتر ڕێکەوتنی دوو لایەنەی تێدا دەبینردێت. ئەوان بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئەمریکیەکانیش لای خۆیان بە بارمتەدەگرن. تورکیا هاوڵاتیانی ئەمریکی زیندانی دەکات، هەرچەندە قەشە ئاندرو برونسن لە ژێر فشاردا ئازادکرا، بەڵام زانای بواری گەردونناسیی ئەمریکی، سەرکان گۆلگێ، کە زانای ڕێخراوی ناسایە، هێشتا لە تورکیا دەستبەسەرە. جگە لە هاوڵاتیانی ئەمریکی، تورکیا بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاشی بە بارمتە گرتووە وەک سنوردارکردنی کارایی ناتۆ، ڕوخسەتدان بە ئەمریکا بە بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانی ئەنجەرلیک، و هەروەها هاوکارینەکردنیان لە شەڕی داعشدا.
ئەردۆغان ئەم ماوەیە زیاتر خووی داوەتە کوردەکان. ئەمە بە هۆی بەهێزبوونی شۆڕشی کوردەکانەوە نیە بەڵکوو بە هۆی ئەوەوەیە کە کوردەکان لە تورکیا و سوریا بە شێوەیەکی بەردەوام شووناسی نەتەوەیی و کلتوری خۆیان لەسەروو ئاینەوە دادەنێن.
چۆن زۆرێک لە دیپلۆماتکارە ئەمریکی و ئەوروپیەکان لە ڕابردوودا باوەڕیان بەوە هەبوو کە بەڵێنەکانی ئەردۆغان بۆ پابەندبوونی بە بەهاکانی دیموکراسیەوە دێنە دی، سەرەڕای هەموو بەڵگەیەک لە دژی، لە ئێستاشدا دەیانەوێت باوەڕ بە خۆیان بهێنن کە ئەردۆغان زیاتر باوەڕی بە نیشتمان پەروەری هەیە وەک لە ئیسلامی سیاسی. بەڵام تورکەکان دەتوانن لەگەڵ کوردەکان بژین، ئەوە ئیسلامیەکانن کە ناتوانن. بێ متمانەیی ئەردۆغان بە بیر و باوەڕە لیبراڵی و ئازادیخوازەکانی لایەنە کوردەکان وایکردوە کە ڕق ئەستووربێت بەرانبەر بە کوردەکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە سەرکردە کوردەکانی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و فەگین یوکشەکداغی لەسەر تۆمەتی بێ بنەما دەستگیرکردووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە سوپای تورکیای جوڵە پێکرد بۆ عەفرین و دوای پاکتاو کردنی نەتەوەیی کوردەکان لە جێی ئەوان دانیشتوانێکی ئیسلامیی هێنایە شارەکە و حوکمی شەریعەی سەپاند لە شارەکەدا، هەرچەندە بۆ هەموو ئەم ڕەفتارانەی شەڕی تیرۆر وەک پاساو دێنێتەوە.
ئەوەی ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی دەرەوە زیاتر دەکاتە بڕیارێکی بەرژەوەندی خواز لە لایەن ئەمریکاوە ئەوەیە کە ئەمریکا بە ڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە پەکەکە دەکرد لە شەڕی داعشدا، کاتێک تورکیا نەک تەنها ڕێگربوو لە شەڕی ئەو ڕێکخراوەدا، بەڵکو کارایانە پاڵپشتیشی دەکردن. بەرپرسە تورکەکان گلەیی لە ئەمریکا دەکەن لەسەر هەماهەنگیان لەگەڵ پەکەکە، بەڵام ئەوەی پشتگوێی دەخەن ئەوەیە کە ئەمریکا سەرەتا ڕووی کردە ئەوان تا یارمەتیدەریانبن لە شەڕی داعشدا و تەنها کاتێک ئەوان ڕەتیانکردەوە هاوکاریان برد ڕوویان کردە پەکەکە. دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکان ڕەنگە بڵێن پەیوەندی نیە لە نێوان پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە. لە ئێستادا کە داعش چیدی کۆنترۆڵی شار و شارۆچکەی گەورە ناکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەرمیکا پشت دەکاتە دۆستەکانی لە شەڕی داعشدا بۆ ڕازیکردنی حکومەتێک کە نەک تەنها یارمەتیدەربوو بۆ هاتنە ناوەوەی ئەندامە نێودەوڵەتیەکانی داعش و بەهێزبونیان بەڵکوو هەوڵیشی دەدا سوودیان لێ ببینێت.
بە پێی یاساشبێت، جێی پرسیارە کە ئایە پەکەکە لە لیستی تیرۆردایە یاخود نا.
پەکەکە کاتێک خرایە لیستی تیۆرەوە کە جەنگی سارد بەرپاببوو و ئەوان باوەشیان بۆ بیر و باوەڕی مارکسی کردەوە و جگە لە سوپای تورکیا ئەندامانی ناتۆشیان کردە ئامانج. بەڵام لە کۆتایی جەنگی ساردا وازیان لە بیر و باوەڕە مارکسیەکانیان هێنا و جیاواز لە چەند گروپێکی تر کە ئێستا ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات (وەک ڕێکخراوی تەحریری فەڵەستینی) بۆ چەندین دەیەیە هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەمریکیان نەکردۆتە ئامانج (ئەمە ڕاستنیە بۆ ئەو لق و پۆپانەی لە پەکەکە بوونەتەوە، بەڵام ئەوان بەشێکنین لە پەکەکە کە ئێستا لە لیستی تیرۆردایە). لەمە گرنگتر، لە ساڵی ٢٠١٢ دا ئەردۆغان خۆی پەکەکەی وەک لایەنێکی سیاسیی فەرمی ناوبرد کە نوێنەرایەتی کوردەکان دەکات کاتێک دەستی بە دانوستانی نهێنی کرد لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی بەندکراوی ئەو حیزبە.
بە کورتی: هەرچەندە پەکەکە هێندەی وتەی لایەنگرانی پاک و بێتاوان نیە، بەڵام زۆرێک لە تۆمەتەکانی خراونەتە پاڵی هیچ ڕاستیەکان نیە و تەنها تۆمەتی دەوڵەتی تورکیایە کە خاوەنی دادگا و دەزگای هەواڵگریەکە کە وەک لە کەیسەکەی قەشە ئەمریکیەکەدا دیمان، میزداقیەتێکی ئەوتۆ یاخود هیچ مزیداقیەتیان نیە.
تۆمەتی قاچاغی مادەی هۆشبەر و تیرۆر-کە دەدرێنە پاڵ پەکەکە- لە ئێستادا زیاتر هەڵبەستراون وەک لە ڕاستی، لە ڕاپۆرتەکاندا کە دەستاودەست ماونەتەوە ئەم تۆمەتانە وەک ڕاستی لەقەڵەمدراون بەڵام هیچ بەڵگەیەک بەردەست نیە ئەم تۆمەتانە پشتڕاست بکاتەوە. لە کاتێکدا، چیرۆکی تاوان و خراپیەکانی پەکەکە بێ ڕەخنەگرتن و لێ وردبوونەوە لە لایەن نەوەیەک لە دیپلۆماتکاری ئەریکیەوە قبوڵکراوە کە ئامانجیان ڕازیکردنی تورکەکانبوە. بە داخەوە، چۆن هەندێک دیپلۆماتکاری ئەمریکی لە عەرەبەکان عەرەبترن لە ڕقیاندا بەرانبەر ئیسرائیل و لە ئامادەییاندا بۆ باوەڕهێنان بە پلانە ژێربەژێرەکان تا دوای خانەنشینبوونیان ئۆفەری کاریان لە سعودیە پێشکەشبکرێت، بە هەمان شێوە زۆر دیپلۆماتکاری پێشوو لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تورکیا لە تورکەکان تورکترن لە دژایەتیکردنی ڕێکخراوە کوردیە سیاسیەکاندا.
سێ خراپترین بەشی ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمانەن:
یەکەم: بەرژەوەندی خوازیی ئەمریکا لەم بڕیارەیدا وا دەکات کوردەکان دوودڵبن لە هاوپەیمانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا، لە کاتێکدا کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە مەترسیدابێت. ئەم دوودڵیەش بەرانبەر ئەمریکا تەنها لە لایەن کوردەکانەوە نابێت. لە کاتێکدا کە تیرۆریزمی ئیسلامی هێشتا لە سەرانسەری جیهاندا کێشەیە، هەموو گرووپێکی نەتەوەیی بیر لە وەفاداریی داهاتووی ئەمریکا دەکاتەوە بۆیان. بۆ نمونە، ئەفغانیەکان بۆچی خۆیان بخەنە مەترسیی شەڕکردنەوە دژ بە تاڵیبان کاتێک بزانن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێک لە کاتەکاندا پشتیان تێ دەکات بۆ ڕازیکردنی پاکستان؟
دووەم: کەمکردنەوەی میزداقیەتی لیستی تیرۆر. هاوتاکردنی قەرەیلان و بایک و کالکان بە بین لادن و ئەیمەن زەواهیری جێگرەوەی یاخود سەدام حسێن هیچ مانایەکی نییە. ڕەنگە (مایک پۆمپیۆ)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یاخود (جیم جێفریی)ی نێردەی تایبەت و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە تورکیا پێیان وابێت ئەم بڕیارە ئەردۆغان ڕازیبکات بەڵام لە ڕاستیدا پرسیار دروستدەکات لەسەر میزداقیەتی لیستەکەیان و هەڵبژاردەکانیان بۆ ئەو لیستە. گەر بێ لایەنانە هەڵسەنگاندن بکەین، کەسانی وەک ئەردۆغان و بەرات ئەلبایرەکی زاوای زۆر زیاتر شیاوی دەسنیشانکردنن وەک تیرۆرست بە هۆی پەیوەندیەکانیان بە ڕێکخراوی حەماس و قاعیدە و داعشەوە وەک لە چالاکەوانە کوردەکان.
سێیەم: ئەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوە گریمانەی ئەوە دەکات کە ئەردۆغان دەکرێت ڕازی بکرێت. بەڵام ڕازیکردنی دیکتاتۆرەکان بە دەگمەن سەرکەوتوو دەبێت، لەگەڵ ئەردۆغانیشدا هەرگیز سەرکەوتوو نابێت. تا ئێستا هەرچی لە لایەن دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکانەوە بۆ ئەردۆغان کرابێت و پێی بەخشرابێت تەنها توڕەیی زیاتری ئەو و داواکاری زیاتر و توندتری ئەوی لێکەوتۆتەوە.
ئەمریکا ناتوانێ تورکیا ڕازیبکات و پێگەی خۆی بەرەوپێش بەرێت بە خاوەنداریکردنی ڕق و کینەکانی ئەردۆغان. کاتی ئەوە هاتووە کە ئاسەوارەکانی جەنگی سارد بە یەکجارەکی فڕێ بدرێت، ئەو بیر و باوەڕە وەلا بنرێت کە تورکیای پێش ئەردۆغان و دوای ئەردۆغان زیاتر هاوشێوەن وەک جیاواز، تاوانکار و قوربانیەکان تێکەڵنەکرێن، و پلان و سیاساتی شەڕ دژ بە تیرۆر لەسەر ڕاستی ڕووداوەکان بنیاتبنرێت نەک موجامەلەی دیپلۆماسی.