مەسرور بارزانی لە بەردەم پرسیارێکی وجودی دا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاسۆ حاجی
کاتێک پێشکەشکاری کەناڵی SkyNews پرسیار لە مەسرور بارزانی دەکات: ئایا تۆ کوردی یان عێڕاقی؟ پرسیارێکی نیازپاکانە نیە، بەڵام وەڵامەکەش هەڕەمەکی نەبوو. کاتێک بارزانی گوتی:”خوا بە کوردی دروستی کردووم و شانازی بە کوردبوونم دەکەم و ئەو ناسنامەیە بە هیچ ناسنامەی دیکە ناگۆڕمەوە”.
ئەوە تەنها لێدوانێکی سەرپێی و قسەیەک نیە بۆ مەجلیس خۆشکردن و ختووکەدانی عاتیفە، بەڵکو وەرگرتنی هەڵوێستێکی فرەڕەهەند و تەواوکارییە، بەشێوەیەک سیاسەت ڕووبەڕووی فەلسەفە دەکاتەوە و بۆ پرسیارە بەناوبانگەکەی شکسپیرمان دەگەڕێنێتەوە: یان هەی یان نی، To be, or not to be. ئەوەش کورتکراوە و کڕۆکی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردە.
لێرەدا ناسنامە وەک بڕیارێکی وجودی دێتە پێشەوە، لە شانۆگەری هاملێت، پرسیاری “هەی یان نی” وەک دەنگدانەوە و دووبارەکردنەوەیەکی شیعری دەربارەی ‘مردن’ نیە، بەڵکو بژارێکی ئەخلاقییە لە نێوان بەردەوام بوونی ژیان بە ئازار و کەڕامەتەوە، یان خۆدەربازکردن لە ڕێگای نەفیکردنەوەی خود (خۆسڕینەوە-خۆڕادەستکردن). ئەو واتا وجودییەی کە ئەمڕۆ لە کۆنتێکستی دیسکۆڕسی کوردی دووپات دەبێتەوە، مرۆڤی کورد- کوردستانی دەخاتە بەردەم دووڕیانی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە: کوردی- کوردستانی یان عێڕاقی؟ وەک ئەوەی ئەو دوو ناسنامەیە دەکرێ جێگۆڕکێیان پێ بکرێت، بە شێوەیەک یەکیان ئەوەی دیکە بسڕێتەوە.
وەڵامەکەی مەسرور بارزانی ڕەتکردنەوەی ئەو لۆجیکەیە لە ڕەگوڕیشەوە، بۆیە نەیگوت:’من کوردم لە چوارچێوی عێڕاق’ یان ‘من عێڕاقیەکی کوردم’، بەڵکو هەبوون (وجود)ی بەپێش وەسفە یاساییەکە خست، چونکە لەو خاڵەدا کورد بوون ناکرێتە ناسنامەیەکی لاوەکی، بەڵکو وەک حەقیقەتێکی وجودی لە سەرەوەی چێوە و ناونیشانی دەوڵەت دادەندرێت، و بەپێش ناو و قناونیشان و نازناوی دیکە دەکەوێت.
لە فەلسەفەی سیاسی، ترسناکترین شێوازی خۆزاڵکردن، پاکتاوکردنی ڕاستەوخۆ (کوشتن-لەناوبردنی جەستەیی) نیە، بەڵکو قایلکردنی قوربانییەکەیە بە سەر لە نوێ ‘خۆناساندنەوە’یە بە گوێرەی خواست و پێوەرەکانی دەسەڵات (میللەتی سەردەست). پرسیاری ‘ئەتوو عێڕاقی یان کوردی’ زیاتر لە بژارێکت ناداتێ، بەڵکو سەپاندنی وەڵامێکی دیاریکراوە. کە یەک ئامانجی هەیە: کە کورد وەک نەتەوە لە ڕەهەندە سیاسی و مێژووییەکەیەوە دابماڵن و تایبەتمەندی ‘فەرهەنگی’بدەنە پاڵ، لە پێناو دوورخستنەوە و بارنجی کردنی لە مافی ‘بڕیاردان لە چارنووس’. بەر لەوەی وەڵامەکە هەر چیەک بێت، قبوڵکردنی ئەو پرسیارە و دەمکوت نەکردنی ‘بکەرەکە’، یان وەڵامدانەوەی بە تێگەیشتنی ‘نەشیش بسوتێ نە کەباب’ جۆرێکە لە جۆرەکانی نەبوون Not to be, بە واتایەکی دیکە دەرفەت پێدانە بە هەبوون بە شێوەیەکی بایۆلۆژی (جەستەیی) و ڕەتکردنەوە و سڕینەوەیەتی بە شێوەیەکی سیمبولی (ڕەمزی)، واتا خزاندنە ناو چێوەیەکی دانپێدانان و قبوڵکردنی سنووردارە “چەندە دەستبەرداری هەبوونت بی، ئەوەندە دانتپێدادەنێم و پێت ڕازی دەبم”.
ئەو پرسیار و وەڵامە، دەمانباتەوە بەردەم چەمکەکانی ‘هەبوونی تاک و هەبوونی کۆمەڵ’، ئەگەر لەو چێوەیە (سیاق)جارەکی دی بە شانۆگەرەی هاملێتەوە گرێی بدەین، دەکرێ ئەوها شڕۆڤەی بکەین: کورد تێکڕا هاملێتن بە شێوەی بە کۆمەڵ نەک تاک، کە داوایان لێ دەکرێت بێ دەنگ بن لە پێناو سەقامگیری، تەنازول بکەن لە بەرامبەر دانپێدانان. بەڵام ئەوەی سەلمێندراوە بە درێژایی مێژوو، هیچ میللەتێک لە ڕێگای سەربازییەوە نەسڕاوەتەوە، بەڵکو ئەو کاتە لەناوچووە، کاتێک بەو پێناسە و ناسنامەیە قایل بووە کە دەستکرد و زادەی باوەڕی خۆی نەبووە. هەڵوێستەکەی مەسرور بارزانی لەو چێوەیەدا، گوتارێکی سۆزداری (عاتیفی) نیە، بەڵکو دووپاتکرەنەوەی هەبوونێکی سیاسیانەی مێژووکردە: ئێمە هەین چونکە بڕیاری خۆمانە، نەک لەبەر ئەوەی دەوڵەت ڕێگەمان پێدەدات و لێمان قبوڵدەکات.
ئەوە پرسێکی قووڵتر و هەستیارتر قیت دەکاتەوە، پرسی هەبوون و شەرعیەت، کامەیان وەپێش کامەیان دەکەوێت و هێز بەوەی دیکە دەدات، لە وەڵامەکەی مەسرور بارزانی هەبوون (وجود) بەپێش شەرعیەت دەکەوێتەوە. لە فەلسەفەی وجودی بە تایبەتی لەلای سارتەر، ناسنامە بە ئامادەکراوی نابەخشرێت، بەڵکو لە ڕێگای کار و کردار وەدەست دێت. کاتێک بارزانی دەڵێت: “ئەو ناسنامەیە بەهیچ ناسنامەیەکی دیکە ناگۆڕمەوە”، ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتییە تەنانەت لە ڕێگای ناونان و بەخشینی سیفاتی ئیدارییەوە، جەختکرەنەوەیە لەوەی هەبوونی نەتەوەیی دەرئەنجامی دانپێدانانی دەرەکی نیە، بەڵکو بڕیارێکی ناوخۆیی خۆکردەیە. واتا کوردبوون و کوردایەتی دەبنە جاڕدانی ناسنامە و ڕەتکردنەوەی گۆڕینی پرسە ڕەسەنەکەیە، لە پرسی هەبوون بۆ گفتگۆیەکی بەتاڵ و بێتامی زمانەوانی و وشەسازی و داتاشینی ناسنامە (ناسنامەیەکی ساختە).
لە سەردەمی ئێستا، کە میدیا ڕۆڵی هەیە لە دروست کردن و پێناسەکردنەوەی ناسنامەکان، و بانگەشەی درۆینانەی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی لەلایەن نەتەوە سەردەستەکان. گوتنی “ئێمە کودین- کوردین ئەم) چەمکێکی فەلسەفی و گوتارێکی سیاسی باڵایە، چونکە ئەوە هەڵبژاردنی (هەبوونە) نەک لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگایە ئاسانە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەدیلەکەی (ئەلتەرناتیڤ) نەمان و نەبوونە، واتا تەسلیم بوون و لەناوچوون.
