پڕۆژەی گەورەو گەمەی بچوک
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
لەدوای ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان قسە و باسی جیاواز ، تایتڵی جیاواز خۆیان نیشانداین، یەکێک لەو تایتڵانە ( دەبێ ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە وانەیەک بۆ کورد) ئەم ڕوانگەیە دوو لایەنەیە، تێڕوانینێکی مەبەستی ناوماڵی کوردە و تڕوانینێکی مەبەستی دەرەوەی ماڵی کورد تا ئەو شوێنەی مەبەستی ناوماڵی کوردە پەیوەندی بەتابایی و ناتەبایی ناوماڵی کورد و یەکتر شکاندنی هێزە کوردیەکانە لەناوخۆیاندا، دیوی دووهەمی ئەو ئەو تایتڵە پەیوەندی بە متمانەی کوردەوە هەیە بەدەرەوەی ماڵی کوردەوە مەبەست لێی هاوپەیمان و دۆستەکانی کوردە، بەتاتیبەتی دەوڵەتە گەورەکانی جیهان ( ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیسرائیل ) لەڕاستیدا ئێمە لەهەردوو دیوەکەیدا دەوڵەمەندین واتە چی لەسەر هاوپەیمانی فریودەرانە لەئاستی دەوڵەتەجیهانی و دەوڵەتانی ناوچەکە چی لەسەر ئاستی ناوماڵی کورد خۆی وشەڕی براکان، ئەوەی پێویستە وەبیری بێنینەوە، ئەوەیە بزانین ئێمە تەنها لەڕۆژئاوای کوردستان پشتمان تێنەکراوە بەڵکو لەدەیان وێسگەدا مامەڵەیان پێوە کردووین، بۆ ناوخۆشمان ئەوەندە یەکترمان شکاندوە و درێژەمان بەناتەبایی داوە بێ نموونەیە لەناوگەلانی دیکەدا بەڵام لەهیچ ئاستێکدا نەبوەتە وانە بۆمان کە نەگەڕێینەوە سەری.
بۆ تێگەیشتن لەبەردەوامی ئەو دۆخی یەکتر قبووڵ نەکردنە، پێویستمان بەسایکۆلۆجیست و کۆمەڵناسی گەورە هەیە کەتوێژینەوە لەسەر تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی بکات کە بۆچی زاکیرەی سیاسی کوردی یارمەتی دەرنیە و وانە وەرناگرێ لەو هەموو شکست و پیلانگێڕییە مێژوویانە کە ئەزموونمان کردووە بۆ ئەوەی وەک ئەزموونەکانی دیکە بەسادەیی تێنەپەڕێ ئەم ڕووداوەی ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە نموونە پێویستە .
١- دڵخۆشبین کە شەقامی کوردی تائاستێکی زۆر باڵا هەڵوێستێکی مەردانەیان نواند، لەهەمان کاتدا سەرکردایەتی کورد و هەرێمی کوردستان ڕۆڵی گەورەو کاریگەری هەبوو بۆ ڕێگا گرتن لەو پیلانگێڕییەی دژی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچوو، بۆیە دەکرێ بڵێین ئەمە تەنها هەڵوێستێکی سۆزداری نەبوو بەرامبەر لەشکرکێشی و پیلانگێڕییە بۆ سەر ڕۆژئاوا بەڵکو گۆڕانکارییەکی مەعریفی بوو لەزیهنی تاکی کورد و کۆنەستی کۆمەڵگەی کوردیدا دەتوانین وەک شۆڕشی هەستانەوە پێناسەی بکەین، ئەوەی پێویستە بۆ بەردەوام بونی ئەم هەستانەوەیە پێویستە وەبەرهێنانی تێدا بکرێ و لەئەقڵی سیاسی کوردیدا جێگای بۆ بکرێتەوە ئەمەش پێویستی بەدامەزراوەکردنی گوتاری سیاسییە کە بتوانێ نوێنەرایوتی هەموان بکات بۆئەوەی جیهان گوێمان لێبگر ێت .
٢- ئێمە پێویستمان بە ناوەندی گرنگی توێژینەوەی سەربەخۆ هەیە لەدەرەوەی ویستی ئەحزاب کەخاوەنی ئابوری سەر بەخۆی خۆیان بن، بۆ ئەوەی بتوانن توێژینەوەی زانستی لەسەر کێشەو قەیرانە جیاوازەکان بکەن و چارەسەر بخرێتە ڕو بدرێتە لایەنی پەیوەندیدار کاری لەسەر بکەن.
٣- پێویستە سیاسەت ئاراستەی ئەحزاب بکات نەک ئەقڵی حزبی ئاراستەی سیاسەت بکات چونکە سیاسەت لەچوارچێوەی هونەری مومکیندا دەتوانی ئەوەی لەتوانادا بێت بۆ چاکەی گشتی ئەنجامی بدا، بەڵام کەحیزب ئاراستەی سیاسەتی کرد داوای موستەحیل دەکات بۆ بەرژەوەندی خۆی.
بۆیە پێویستە ئەم دیدگایە پێچەوانەکەینەوە، سیاسەت بۆ بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی ئاراستەی حیزب و هەموو ناوەندەکانی دیکە بکات.
٤- ئەو ڕووداوانەی لەناوچەکەدا ڕوودەدەن بەرەنجامی بەریەککەوتنی پرۆژەی زلهێزەکان لەپێناوی پێگە و هەژمونی سیاسی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و ئابوری جیهانە ئیتر لەنێوان ئەم دوو پرۆژە گەورەیەدا وەک دوو بەرداش دەسوڕێنەوە، ئەگەر پرۆژە بچوکەکان ئەقڵانی جوڵە بکەن دەتوانن دەرەنجام لەپانتاییەکدا جێگای خۆیان بکەنەوە خۆ ئەگەر ئەقڵانی مامەڵە نەکەن لەنێوان بەرداشی پرۆژە گەورەکاندا دەهاڕێن بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد و ئەحزابی کوردی دۆزی گەورە و ڕەوای کورد لەم قۆناغە هەستیارەدا لەنێوان ئەم پرۆژە گەورانەدا خۆیان و میللەت بەگەمەی بچوکەوە سەر قاڵ نەکەن .
