سەرکردەیەکی هاوپەیمانێتییەکەی مالکی سەبارەت بە سەردانەکەی بارزانی: هەندێک پرس بە ڕێکەوتنو موجامەلە ناکرێت
6 ساڵ لەمەوپێش
سەروەر خەلیل
محەمەد سەیهود سەرکردە لە لیستی بونیادی نوری مالکی رایگەیاند لە سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا باس لەپرسە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە کە گرنگترینیان پرسی بودجەو ناوچە جێناکۆکان و پرسی نەوت و گازە، بەڵام ئەو بە دووری زانی ئەو پرسانە بە سازان چارەسەر بکرێن.
محەمەد سەیهود بە هاوڵاتی وت «ئەو پرسانە پێویستیان بەتەوافوق و رێککەوتن نییەو ونابێت کار بە ئاسانکاری کردن و لێخۆشبوون و موجامەلە بکرێت، بەڵکو پێویستە دەستوور بوونی هەبێت و کاری پێبکرێت و هەردوو لایەنیش دەست بەدەستوورەوە بگرن».
وتیشی «هەرچی ئەو داواکارییانەن کە لەسەرووی دەستوورەوەن ئەوە بەدڵنیاییەوە جێبەجێ ناکرێن».
سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت کە هەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلولی 2017، ریفراندۆمی بۆ جیابوونەوە لە عیراق ئەنجامدا، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ یەکلاییی کردنەوەی پرسە هەڵواسراوەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا کە زیاتر لە دەیەیەکە درێژەیان هەیە.
بەڵام لە کاردانەوەی ئەوەدا حکومەتی فیدراڵ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجامدا و دەستیگرتەوە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، وێڕای گرتنەبەری رێوشوێنی تر کە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و هەوڵدان بۆ گرتنەدەستی مەرزە سنورییەکانی بەدواداهات.
لە دوای هەڵبژاردنی ١٢ی ئایارو پێکهێنانی حکومەتیکی نوێ بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەیانەوێت لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ ئەم کابینەیەدا کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمەش بەبێ بەربەست نییە، بەو پێیەی هەندێک لە هێزە سیاسیەکانی عێراق رازی نین بە هەندیک لە داواکانی کورد.
محەمەد سەیهود وتی «داواکاریەکانی کورد بۆ پشکی 17%ی بودجە نادەستوورییەو پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیش لەدوای رووداوەکانی ئەمدواییە یەکلایی بووەتەوە».
وتیشی «دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە ناکرێت بگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم، کەرکوک شارێکی عێراقییەو ناکرێت بۆ لایەنێکی دیاریکراو بێت بەڵکو پێویستە بۆ هەمووان وەک یەک بێت، ماددەی 140 ی دەستووریش وادەی تێپەڕیوەو ناکرێت جێبەجێ بکرێت».
لەوەڵامی ئەوەی ئایا بە بارزانی راگەیەنڕاوە کە لەپرسی کەرکوکدا نابێت بگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، سەیهود دەڵێت «بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە نییە بەبارزانی راگەیاندراوە یاخود نا، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەرکوک خاڵی ئارامییە لەناوچەکەدا و خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شارەش لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە ناوچەکەو کەرکوکیش ئارامی بەخۆیەوە بینیوە».