ئه‌مریکا "هۆشدارى" ده‌داته‌ بازرگانانى هه‌رێم

6 ساڵ لەمەوپێش



وێنە: مستەفا چاوڕەش سەرکردە لە یەکێتی و ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ حەسەن دانایی فەڕ راوێژکاری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی

هاوڵاتی

ئه‌مریکا هۆشدارى داوه‌ته‌ بازرگانانى هه‌رێم له‌مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ هه‌ندێ کۆمپانیاى ئێرانى که‌ سزاکانى ئه‌مریکا گرتوونیه‌ته‌وه‌، له‌کاتێکدا ئێران هه‌وڵه‌کانى چڕکردووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ى قه‌باره‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێم.

ڕۆژى پێنجى ئه‌م مانگه‌ قۆناغى دووه‌مى سزاکانى ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران که‌وته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌، که‌ زیاتر که‌رتى وزه‌ى ئه‌و وڵاته‌ى گرتووه‌ته‌وه‌.

 تا ئێستا سزاکانى ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران کاریگه‌رییه‌کى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر بازاڕه‌کانى هه‌رێم به‌تایبه‌تى سنورى پارێزگاى سلێمانى نه‌کردووه‌ که‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ى له‌سه‌دا 70ى پێداویستى ناوخۆیی پشت به‌ ئێران ده‌به‌ستێت.
مسته‌فا عه‌بدوڕه‌حمان سه‌رۆکى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێمى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتی وت «ئه‌مریکییه‌کان هۆشداریانداوه‌ به‌ بازرگانه‌کان که‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانى ئێران نه‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى روبه‌ڕووى زیان نه‌بنه‌وه‌ کاتێک ئه‌و کۆمپانیایانه‌ خرانه‌ لیستى ڕه‌شه‌وه‌«.

وتیشى «ئێستا بازرگانانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران زیاتر به‌ دۆلار مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، وه‌ک له‌ تمه‌ن، چونکه‌ نرخى دۆلار جێگیرتره‌ به‌راورد به‌ تمه‌ن و بازرگانان سڵ ناکه‌نه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانى کارى بازرگانى له‌گه‌ڵ کارخانه‌کانى ئێراندا».

هۆشدارى ئه‌مریکا بۆ بازرگانانی هه‌رێم له‌کاتێکدایه‌، ئێران که‌ سنورێکى به‌رفراوانى له‌هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ له‌ هه‌وڵى چڕدایه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ى قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێم، وه‌ک هه‌وڵێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى کاریگه‌رى ئه‌و سزایانه‌ى له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و 20ى ئه‌م مانگه‌، ‌وه‌فدێکى بازرگانى سلێمانى له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ راوێژکارى ئابورى جێگرى سه‌رۆک کۆمارى ئێران کۆبوونه‌وه‌ و یاداشتێکیان ڕاده‌ست  کرد، له‌باره‌ى کێشه‌کانى تایبه‌ت به‌ بازرگانى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌.

دواى کۆبوونه‌وه‌که‌، حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ به‌ ڕۆژنامه‌نوسانى ڕاگه‌یاند، ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌ خاڵه‌ سنورییه‌کانى نێوان هه‌رێم و ئێران ئاساییه‌و گه‌مارۆکانى ئه‌مریکا کاریگه‌رى له‌سه‌ر جوڵه‌ى بازرگانى دروستنه‌کردووه‌.
جه‌ختیشیکرده‌وه‌، وڵاته‌که‌ى په‌یوه‌ندییه‌کى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ و پارێزگارى له‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانى ده‌که‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌، یاسین مه‌حمود وته‌بێژى یه‌کێتى وه‌به‌رهێنه‌رانى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، که‌ یاداشتێکى 37 خاڵیان ڕاده‌ستى حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ کردووه‌، له‌باره‌ى کێشه‌کانى تایبه‌ت به‌ بازرگانى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ئه‌و کێشانه‌ى دیکه‌ که‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ به‌هۆى سزاکانى ئه‌مریکاوه‌ دروستبن.

وتیشى هه‌رێم له‌سه‌دا 70 بۆ له‌سه‌دا 80ى کاڵاکانى له‌ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌کات بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ هه‌بێت که‌ کاره‌کان به‌رده‌وام بن و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن.

ئێران و هه‌رێمى کوردستان خاوه‌نى هه‌شت ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نافه‌رمیین به‌پێی ئاماره‌کانیش قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوانیان له‌مساڵدا بۆ زیاتر له‌ شه‌ش ملیار دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

 سه‌عدوڵڵا مه‌سعودیان ‌سه‌رکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ سلێمانی ڕۆژى دوشه‌ممه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بۆ 10 ملیار دۆلار به‌رزبکه‌نه‌وه‌.

جگه‌ له‌و هه‌وڵانه‌، بازرگانه‌ ئێرانییه‌کان زیاتر له‌ جاران به‌ گه‌رم و گوڕییه‌وه‌ به‌شداریان له‌ سیانزه‌هه‌مین پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانیدا کرد، به‌ڵام به‌شێکیان ئاماژه‌یان به‌وه‌کرد که‌ بازاڕیان نییه‌.

له‌کۆى 180 کۆمپانیاى ناوخۆیی و بیانى به‌شدار له‌ پێشانگاکه‌، کۆمپانیا ئێرانییه‌کان له‌ پله‌ى یه‌که‌مى کۆمپانیا بیانییه‌کاندا بوون که‌ کاڵا و که‌لوپه‌لى جۆراوجۆریان نمایش کردبوو.

یه‌کێک له‌و بازرگانه‌ ئێرانیانه‌ که‌ هه‌ندێ جۆرى شیرینى ئێرانى  بۆ فرۆشتن خستبووه‌ڕوو به‌ ‌ وت «بازاڕى ئێره‌ بۆ ئێمه‌ بازاڕێکى مردووه‌، هیچ کڕیارمان نییه‌و به‌رهه‌مه‌کانمان نافرۆشرێن سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نرخمان دابه‌زاندووه‌«.
وتیشى «به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بازاڕى عێراق بۆ ئێمه‌ زۆر باشه‌، به‌شداریم له‌ پێشانگایه‌کدا کرد له‌به‌غدا ڕۆژانه‌ به‌به‌هاى چوار ملیۆن دینار کاڵام ده‌فرۆشت، به‌ڵام لێره‌ خه‌رجى هاتنمان بۆ ده‌ربهێنێته‌وه‌ باشه‌«.

له‌باره‌ى کاریگه‌رى سزاکانى ئه‌مریکاوه‌ له‌سه‌ر کاروبارى بازرگانى، ئه‌و بازرگانه‌ ئێرانییه‌ باسى له‌وه‌کرد، که‌ ئه‌وان له‌هه‌ر شوێنێک بێت کارى بازرگانى خۆیان ده‌که‌ن و په‌یوه‌ندییان به‌سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌.

ئه‌و کاڵایانه‌ى ئێران هه‌نارده‌ى بازاڕه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى ده‌کات، زیاتر پێکهاتوون له‌ سه‌وزه‌ و میوه‌ و که‌لوپه‌لى خۆراکى ڕۆژانه‌، که‌ به‌شێکى له‌ رێگه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌کانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق ده‌کرێن.

مسته‌فا عه‌بدوڕه‌حمان سه‌رۆکى یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکاران ده‌ڵێت «وه‌فده‌ بازرگانییه‌کانى ئێران زۆر به‌چڕى ده‌یانه‌وێت کارى بازرگانى له‌هه‌رێم بدۆزنه‌وه‌ و ئاره‌زوومه‌ندن، به‌تایبه‌تى له‌م کاته‌دا که‌ گه‌مارۆیان له‌سه‌ره‌«.
وتیشى «نرخى کاڵا ئێرانییه‌کان گونجاوه‌، به‌ڵام نرخى هه‌ندێ کاڵایان به‌رزبووه‌ته‌وه‌، چونکه‌ مه‌وادى سه‌ره‌تایی به‌ دۆلار ده‌کڕن».

باسى له‌وه‌شکرد، ئێران نزیکتره‌ له‌هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى بۆ هه‌ندێ کاڵا که‌ ماوه‌ى به‌سه‌رچوونیان نزیکه‌، وه‌کو که‌ره‌سته‌ى خوارده‌مه‌نى، بۆیه‌ به‌لاى بازرگانانى هه‌رێمه‌وه‌ شوێنێکى باشه‌ بۆ کارى بازرگانى.
مسته‌فا عه‌بدوڕه‌حمان جه‌ختیکرده‌وه‌، ڕه‌وشى بازرگانى له‌هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاوى ناوه‌ و به‌رده‌وام ده‌بن له‌کاره‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌که‌ به‌ره‌و باشتریش ببه‌ن.

به‌وته‌ى ئه‌و، هۆکاره‌کانى به‌رزبونه‌وه‌ى قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بریتین له‌ نه‌مانى شه‌ڕى داعش، نه‌مانى ترسی بازرگانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ که‌ پێشتر به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌ له‌ئارادابوو، دروستبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌نێوان بازرگانانى پارێزگاکان، دڵنیایی بازرگانان له‌کاره‌کانیان.

به‌پێی ئاماره‌کانى یه‌کێتى هاورده‌ و ناردنکارانى هه‌رێم، به‌گشتى له‌ساڵانى 2012 و 2013 قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى هه‌رێم له‌ گه‌ڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانى دیکه‌ 22 ملیار دۆلار بووه‌، به‌ڵام له‌ساڵى 2014 به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و شه‌ڕى داعشه‌وه‌ دابه‌زی بۆ 15 ملیار دۆلار، به‌ڵام له‌مساڵدا قه‌باره‌که‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و نزیک بووه‌ته‌وه‌ له‌ ڕێژه‌ى پێشوو.

هه‌رێمى کوردستان دوو جۆر مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، جۆرێکیان بە شێوەی ترانزێتە بۆ ئەو شمەک و بەروبومانەی کە لە ڕێگەی بەندەرەکانی ئێرانەوە دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، جۆرێکی تریان تایبەتە بەو شمەک و بەروبوومە ناوخۆیانەی کە لە  ناو ئێران دەکڕێن و راستەوخۆ دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ ئه‌مریکا قۆناغی دووه‌مى گه‌مارۆکانى خسته‌ سه‌ر ئێران و پێش ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا هۆشداری بداته‌ بازرگانانى هه‌رێم، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا ڕایگه‌یاند، تا ئێستا بازرگانانی هەرێم بە گشتی ھیچ کێشە و گرفتێکیان نیە بۆ هێنانی بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئێران بۆ هەرێم و مەرزەکان.

سەبارەت بەو بازرگانانەی تری هەرێم کە تا ئێستا لەبەندەرەکانی ئێرانەوە بەترانزێت کەل و پەلیان هێناوە بۆ هەرێم، ژووری بازرگانی ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو، ئەو بازرگانانه‌  لە ئێستادا کاردەکەن  بە پێی پێوست بۆ گۆڕینی ئاراستەی ڕێگاکانیان بەرەو بەندەرەکانی تر لە ئوم قەسر، مێرسین، عەقەبە  یان هەر ڕێڕەوێکی تری گونجاو. تائێستاش کەشتیە ئێرانیەکان بەردەوام کاردەکەن، تەنها کەشتییە بیانیەکان لەکار وەستاون لە بەندەرەکانی ئێران.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئه‌وه‌شى خستبووه‌ڕوو، ئه‌وه‌ى ئه‌وان چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن یەکلابێتەوە لە داهاتوودا،  تەنها کێشەی هێنانی سوتەمەنییە بۆ هەرێم، چ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە دەکڕێت و دەهێنرێتە هەرێم وە چ ئەوەی لە پێش دا دەهێنرێتە بەندەرەکانی ئێران لە ڕێگەی ئەو کەشتیانەی کە لە ئیماراتەوە دێن و  لە پاشان بەرهەمەکانیان بەترانزێت دەهێنرێنە هەرێم. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار