د. دانیاڵ سەعدی: ئەگەر شۆکی دەروونی دوای ٢٤ کاتژمێر لەرووداوە سروشتییەکان لەسەر کەسێک بەردەوام بوو دەبێت چارەسەر وەرگرێت

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: لۆڤا محەمەد

هەمیشە لە ڕووداوە سروشتی و دەستکردەکاندا هاوڵاتیان تووشی دۆخێکی دەروونی نائارام دەبن و زۆرجاریش ئەو دۆخە بووەتە هۆی تۆقین و دڵەڕاوکێ و جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان، پسپۆڕێکی دەروونیش دەڵێت کاریگەرییەکانی کارەساتە سروشتی و دەستکردەکان زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە خۆیان لە بنەڕەتدا جۆرێک لە جۆرەکان نەخۆشی دەروونیان هەیە.

دانیاڵ سەعدی، پسپۆڕی دەروونی لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی کاریگەرییەکانی بومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکان لەسەر دەروونی تاک و تووش بوون بە حاڵەتە دەروونیەکان و چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی و ئەرکی میدیا و دامەزراوە حکومییەکان لە ئاساییکردنەوەی باری دەروونی هاوڵاتیان دەخاتەڕوو.

هاوڵاتی: بومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکان تاچەند کاریگەرییان لەسەر دەروونی تاک هەیە؟

دانیاڵ سەعدی: حاڵەتە سروشتییەکانی وەک بومەلەرزە و لافاو و هەورەبروسکە و هەورە گرمە و ڕەشەبا و تەقینی گڕکانەکان و حاڵەتە دەستکردەکانی وەکو شەڕ و کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی سێکسی و تەقینەوەکان کە ڕووداوە دەستکردەکان زەبری دەروونیان بەرزترە بەسەر دەروونی تاکدا وەک لە کاریگەری ڕووداوە سروشتییەکان، ڕوداوە سروشتییەکان بە پێی ناوچەکان دەگۆڕێت و لە هەندێک شوێندا کاریگەرییەکانی زیاترە و ئەمەش دەبێتە هۆی برینداربوونی ڕێژەیەکی زیاتری هاوڵاتیان بە بێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەز و نەتەوە، ئەگەر کەسەکە خۆی لە بنەڕەتدا خەمۆکی یان قەلەقی یان وەسوەسەی لەگەڵدا بێت، یاخود کەسایەتیەکی پێنەگەیشتووی هەبێت، ئەم کەسانە زیاتر موعەرەزن بۆ دەرکەوتنی ئەم حاڵەتە تیایاندا و زۆر کاریگەری لەسەری جێدەهێڵێت وەک لە کەسانی ئاسایی، هەر بۆیە ئەم کەسانە تووشی تۆقین و دڵ پەلە لێدان و دەم و لێو وشک بوون و گیان لەرزین و تێکچوونی خەو دەبنەوە.

هاوڵاتی: چۆن بزانرێت کەسێک تووشی دۆخێکی دەروونی بووە لە حاڵەتە سروشتیەکاندا؟

دانیاڵ سەعدی: خەڵک مافی خۆیەتی بترسێت و هەریەکێکیش بە جۆرێک ئەم ترسەی دەربڕێت، یەکێک بە گریان و یەکێک بە قیژاندن و یەکێکیش بە ڕاکردن، ئەگەر ئەم کاریگەرییە لە دوای ٢٤ کاتژمێرەوە مایەوە و کەسەکە هەر ترس و تۆقین لە دڵیا بوو ئەوا دەبێت ببرێتە لای پزیشکی پسپۆڕ و چارەسەر وەربگرێت، بەڵام ئەگەر ئەو هاوار و گریانەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تەواو بوو ئەوا کاردانەوەیەکی نۆرماڵە و هیچ زیانێکی نیە، وە ئەو ترسەش یاخود ئەو کاردانەوانەی کە دەیکات مافی خۆیەتی، چونکە ئەوانە بەشێکن لە هەستی مرۆڤ کاتێک  دەریدەبڕێت.

هاوڵاتی: چۆن کۆنترۆڵی حاڵەتی دەروونی کەسەکان بکرێت؟

دانیاڵ سەعدی: ئەرکی دەزگاکانی میدیایە کە تاک هۆشیار بکەنەوە لەو حاڵەتە دەروونیانە و بەرنامە و ڕاپۆرتی تایبەت بڵاوبکەنەوە کە کۆمەڵێک ڕێنمایی تێدابێت و ئەو هەواڵانە بڵاوبکەنەوە کە چەقەکەی لە شوێنی دوورە و کە تا دەگاتە لای ئێمە ئەو کاریگەرییە وێرانکەرەی نامێنێت، وە بیناکان لە کوردستاندا بە شێوازێکی توندوتۆڵتر دروست دەکرێن نەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و لە کاتی بومەلەرزە و لافاو و ئاگرکەوتنەوە و کارەساتەکانی دیکەدا زیانێکی ئەوتۆی نابێت و بەو شێوازە نابێتە هۆی مردن، وەک لە وڵاتان نیە، ئەوان وەک کوردستان بیناکانیان توندوتۆڵ نیە، هەربۆیە گرنگە ئەمانە بڵاوبکرێتەوە نەک مردن و بریندار بوون و کاولکارییەکان گەورەبکرێت و دەروونی خەڵک زیاتر تێکبدرێت،

هاوڵاتی: چۆنیەتی چارەسەرەکان بۆ ئەو کەسانە چیە کە تووشی بارێکی نائاسایی دەروونی دەبن؟

دانیاڵ سەعدی: ئەگەر کەسێک تووشی حاڵەتی دەروونی بوو لە دوای ڕودانی ڕووداوە سروشتییەکان و ٢٤ کاتژمێری خایاند و هێشتا هێور نەبۆیەوە، ئەوا دەبێت ئەو کەسە بە زوترین کات بگەیەندرێتە لای پزیشکی پسپۆڕ تاوەکو نەخۆشییەکە لێی نەبێتە تۆقین و زیاتر بێت لەسەری، چارەسەرییەکانیش سەرەتا بە ڕاوێژ و گفتوگۆ دەبێت، ئەگەر زۆر کاریگەری لەسەری هەبوو ئەوا بە دەرمان چارەسەری دەکەین، نەخۆشمان هەیە کە هەردوو جۆرە چارەسەرەکەی دەوێت واتا پێویستیشی بە گفتوگۆ و دەرمانیش هەیە.

هاوڵاتی: هاوڵاتیان تا چەند سەردانی تۆیان کردووە وەک پسپۆڕێکی دەروونی؟

دانیاڵ سەعدی: لە بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو کە ١٢-١١-٢٠١٧ بوو هاوڵاتیان کە تووشی نەخۆشی دەروونی ببوون بەهۆی ئەو بومەلەرزە بەهێز و مەودا درێژەوە لە ٢٤ کاتژمێری سەرەتادا ڕێژەیەکی زۆری نەخۆش وەک خۆڵ سەردانیان دەکردین تاوەکو شەش بۆ حەوت مانگ دوای ڕوودانی بومەلەرزەکە لە گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانیش نەخۆش هەر دەهات، بەڵام لە بومەلەرزەی ئەمجارەدا هەم گوڕەکەی کەم بوو هەمیش مەوداکەی کەم بوو، هاوڵاتیانیش بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕاهاتوون لەگەڵ ئەم حاڵەتە سروشتیەدا، بۆیە لەم ٢٤ کاتژمێرەدا تەنها یەک حاڵەت سەردانی کردووم و چارەسەری پێویستم بۆی کردووە.

هاوڵاتی: ئەرکی دەزگا میدیاییەکان و دامەزراوە فەرمییەکان چیە بۆ ئاسایی کردنەوەی باری دەروونی هاوڵاتیان؟

دانیاڵ سەعدی: لە دەزگا میدیاییەکاندا پێویستە کە ڕاستییەکان باسبکرێت، نەک ئەوەی کە بەپەلە دابنرێت و بنوسرێت بەردێک کەوتە خوارەوە، یاخود بنوسرێت بەپەلە بەهۆی بومەلەرزەوە کەسێک بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە و چەندین هەواڵی بەپەلەی دیکە، کە سەرجەمیان دەروونی تاک تێکدەدەن و تووشی قەلەقی و خەمۆکی و دڵەڕاوکێیان دەکەن، بەداخەوە کە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان گێچێک کە چەندە بچوکە دەیکەن بە گایەک، زۆرترین بە پەلە کە دادەنرێت و زۆربەشیان پێویستنین، بۆیە گرنگە کە لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان لە بەرچاوبگیرێت، هەروەها دەبێت دامودەزگا حکومەییەکانیش بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتانە بکەن و کە هاتنە سەر شاشە ڕووداوەکان وەک خۆی باس بکەن، تا دۆخی دەروونی هاوڵاتیان بەرەو هێوربوونەوە بچێت نەوەک بەرەو خراپتر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار