شیرین ئهمین: ئەندامێکی تەڤگەر ویستی خۆی بسووتێنێت، منیش بە بەڕێوەبەری ئاسایشم وت خوێنی لە ئەستۆی ئێوەدایە
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شیرین ئهمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند ئاسایش پێنج ئهندامى تهڤگهرى له بارهگهکهیان لە کەلار "زیندانى" کردوە، کەسێکیان ویستووێتی خۆی بسووتێنێت.
شیرین ئهمین بە ماڵپەڕی هاوڵاتی وت "دوێنێ پێنج ئهندامى تهڤگهرى ئازادى لە کەلار رێکهوتون کە لەناو بارەگاکەدا بمێننەوەو ئاسایشیش لە دەرەوەبیت و نەچنە بارەگاکەیانەوە، بەڵام دواتر ئاسایش بڕیارەکەیان گۆڕیوەو دهرگاکهیان لهسهر داخستن و زیندانیان کردن".
بەپێی بریاریکی قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەریکرد، دەبێت هەموو ئەو حزبانەی مۆڵەتیان نیە بارەگاکانیان دابخەن، بەلام تەڤگەری ئازادی دەڵیت ئەوان داوای مۆڵەتیان کردوەو وەڵامیان نادەنەوە، ئەوەش بە مەرامێکی سیاسی ناودەبەن.
تەڤگەری ئازادی پارتێکی نزیکە لە پەکەکە هەر بۆیە پێیان وایە بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی لەژێر فشاری تورکیادایە، لەکاتیکدا ئەو وڵاتە گەمارۆی خستۆتە سەر فرۆکەخانەی سلێمانی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تەڤگەر لە سلێمانی بارەگای هەیە.
ماوەی دوو رۆژە یەکێتی لە رێگەی هیزەکانی ئاسایشەوە فشاری خستۆتە سەر تەڤگەری ئازادی کە بارەگاکانیان لە سنووری سلیمانی دابخەن، تا ئیستا پێنج بارەگای ئەو حزبە لە سلێمانی داخراون، بەڵام هێشتا بارەگایان لە کەلار دانەخراوە.
شیرین ئەمین ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵکێکی زۆر لە کەلار بۆ پشتیوانی لە تەڤگەر لە بەردەم بارەگاکەیان کۆبوونەتەوە بۆ پاڵپشتیان، دواتر لەگەڵ هیزەکانی ئاسایش ریکەوتوون کە خەڵکەکە بگەڕێنەوەو ئەندامانی تەڤگەریش بمێننەوە، وتی "بەڵام دواتر ئاسایش لەو رێکەوتنەوە پاشگەزبوونەوە، دەرگایان بەسەر پینج ئەندامی تەڤگەر داخست".
هەروەها وتی "یەکیک لە ئەندامەکانیان لەسەر بارەگاکە ویستوویەتی خۆی بخاتە خوارەوە یان خۆی بسووتێنیت وەکو نارەزایەتی، منیش بە بەڕیوەبەری ئاسایشم وت خوێنى ئهندامانى تهڤگهر له ئهستۆى ئێوەدایە"