حکومه‌ت ده‌ڵێت به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه ناتوانێت هاوکارى منداڵانى ئیشکه‌ر بکات
6 ساڵ لەمەوپێش
سه‌روه‌ر محه‌مه‌د لیندا کامه‌ران
محەمەد عوسمانی ١٠ ساڵان قه‌مسه‌ڵه رهشوکەى بەردابوویە سەر بلوسە سورەکەی، بە هیلاکیەوە دەستەکانی راگرتبوو بۆ پاکەتیک بنیشت تاکو پێشکەشی کڕیارەکانی بکات.
محه‌مه‌د رۆژانه له‌ناو بازاڕی شاری سلێمانی کاری بنێشت فرۆشی ده‌کات، دواى ئه‌وه‌ى وازی له خوێندن هێنا به‌هۆى خراپی دۆخی ئابووری خێزانه‌که‌یه‌وه. ئێستا ته‌واوى ڕۆژه‌که‌ى ئه‌و کاره ده‌کات و چه‌ند هه‌زار دینارێکی که‌می ده‌ستده‌که‌وێت.
محه‌مه‌د وتى که ئه‌گه‌ر ڕۆژانه بازاڕی هه‌بێت پێنج هه‌زار دینار قازانج ده‌کات ، به‌ڵام رۆژی واش هه‌یه ده‌ستکه‌وته‌کانی له فرۆشتنى بنێشت دوو هه‌زار دینار تێپه‌ڕ ناکات.
به‌ته‌نها محه‌مه‌د تاکه مناڵ نیه که ده‌ستبه‌رداری خوێندن بووبێت و ده‌ستى دابێته کارکردن، به‌ڵکو له‌ناو بازاڕی سلێمانیدا هاوشێوه‌کانی محه‌مه‌د زۆرن.
ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه که به‌پێی یاسا منداڵ نابێت هیچ کارێکى پێبکرێت، به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه ساڵانێکى زۆره له هه‌رێمى کوردستان دروستبوه به‌هۆى قه‌یرانه ئابوریه‌کانه‌وه که گوزه‌رانى خه‌ڵکى قورس کردوه هه‌ندێک له خێزانه‌کان ناچارن کار به منداڵه‌کانیان بکه‌ن.
یه‌کێکی دیکه له‌و منداڵانه‌ی له‌ناو بازاڕی سلێمانی کار ده‌کات ناوی ئارامه که ته‌مه‌نى 15 ساڵه و له‌شه‌قامى مه‌وله‌وى چوار چووت نه‌على بۆ ئه‌و که‌سانه دانابوو تـــــــــــاپێڵاوهکانیان بۆیاغ بکه‌ن.
ئارام جووتێک نه‌على به‌ده‌سته‌وه بوو ده‌چووه دوکان و چێشتخانه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى که‌سێک رازى بکات تا پێڵاوه‌کانى بۆیاغ بکات.
ئارام به هاوڵاتی وت «کاری بۆیاخچێتی پێڵاو ده‌که‌م ڕۆژانه له‌گه‌ڵ براکه‌م پێکه‌وه دێین بۆ کارکردن، چونکه باری داراییمان زۆر خراپه، ڕۆژانه له‌نێوان 5 بۆ 10 هه‌زار دینار په‌یدا ده‌که‌ین ، ئێواران پاره‌که ده‌ده‌ینه ماڵه‌وه‌مان».
له مافه‌کانى منداڵاندا هاتووه که له زۆربه‌ى وڵاتاندا واژووى له سه‌ر کراوه نابێت منداڵ پێش ته‌مه‌نى 15 ساڵان کارى پێبکرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و کارانه‌ى که منداڵ ده‌یکات له نێوان ساڵه‌کانى 15-18 ساڵ نابێت کاری قورس بن. هه‌روه‌ها رێکخراوی کاری نێوده‌وڵەتى داواده‌کات منداڵان نابێت له خوار 15 ساڵیه‌وه کاریان پێبکرێت و پێویسته له هه‌فته‌یه‌کدا 40 کاتژمێر زیاتر کارنه‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه له کوردستان ڕه‌چاو ناکرێت.
سلێمان جه‌رجیس، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ڕێکخراوى هۆشیارکرنهوهى کۆمه‌ڵگا به‌هاوڵاتى وت «به‌داخه‌وه له عێراق و هه‌رێمى کوردستان کارکردنى منداڵان بوه‌ته دیارده‌و دیاره هۆکارى ئابوورى و خراپى ژیانى ڕۆژانه‌ى خێزانه‌کانیش هۆکارى سه‌ره‌کییه«.
وتیشی «هه‌ندێک جاریش له‌دواى باشبوونى بارى ئابوورى وه‌کو فێربوون یان بووه‌ته نه‌ریت، ئه‌و منداڵانه به‌رده‌وام ده‌بن له کارکردن، زۆرجاریش به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ى منداڵه‌کان کارى تێدا ده‌که‌ن ناچار به‌کارى زۆر و دوور له حه‌زوو تواناى خۆیان ده‌بنه‌وه، هه‌ندێک جاریش له ژێر فشاردا کارى به‌دڕه‌وشتییان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت، زۆرێک له‌وانه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خراپى له ته‌مه‌نى گه‌وره‌ییدا لێده‌که‌وێته‌وه«.
به‌ڕێوبه‌رى گشتى ڕێکخراوى هۆشیارکرنهوهى کۆمه‌ڵگا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد «کارپێکردنى زۆره ملێ به‌منداڵانى خوار ته‌مه‌نى 18ساڵ ده‌وترێت، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ى منداڵ له سیستمى په‌روه‌رده و خوێندن و قوتابخانه دووربکه‌وێته‌وه، جگه له‌وه‌ش ته‌مه‌نى منداڵى به فیڕۆ بڕوات و مافه‌کانى منداڵ بوونى له ده‌ستبدات، هه‌روه‌ها به‌هۆى کارکردنیه‌وه له بارى جه‌سته‌ى و ئه‌خلاقى و کۆمه‌ڵگه‌یی ئازارى پێبگات و تووشى خه‌سار بێت».
به‌پێی ئامارێکی ساڵی 2016ى رێکخراوی یونیسێفی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له‌عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا 575 هه‌زار منداڵ خه‌ریکی کارکردنن و ڕێژه‌که به‌رده‌وام له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه.
عومه‌ر گوڵپی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاروکاروباری کۆمه‌ڵایه‌تى سلێمانى ده‌ڵێت «نابێت منداڵان له خوار ته‌مه‌نى ١٨ ساڵه‌وه کاربکه‌ن، به‌تایبه‌ت له خوار ته‌مه‌نى ١٦ ساڵه‌وه هیچ جۆره کارێک بکه‌ن و پێویسته هه‌موو تواناى منداڵ و کاته‌کانى بۆ په‌روه‌رده‌و فێربوون ته‌رخان بن».
عومه‌ر گوڵپی به هاوڵاتی وت «خۆ ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێکى ناچاری هه‌بوو به‌هۆى دابونه‌ریت یان کلتور و ڕ‌ۆشنبیرى جیاوازى کۆمه‌ڵگه که هه‌ندێک له خێزانه‌کانى کوردستان تا ئێستاش پێیان وایه پێویسته منداڵ کار بکات بۆ ئه‌وه‌ى له ئاینده‌دا فێرى که‌سابه‌ت و په‌یداکردنى بژێوى خۆى بێت، له حاڵه‌تى له‌و جۆره‌شدا نابێت منداڵ له ده‌ره‌وه‌ى چاودێرى دایک و باوکى کار بکات و پێویسته له ژێر چاودێرى بهخێوکارهکانیدا بێت تا دوور بێت له‌هه‌ر جۆره ژینگه‌یه‌کى خراپ که مه‌ترسى هه‌یه بۆ که‌سایه‌تییه‌که‌ى له ئاینده‌دا».
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاروکاروباری کۆمه‌لایه‌تى سلێمانى باس له‌وه‌ده‌کات که هه‌موو کارکردنهکانى منداڵان به‌هۆى هه‌ژارییه‌وه نین، به‌ڵکو به‌شێکى به‌هۆى داب و نه‌ریت و ئاستى ڕۆشنبیرییهوهیه.
عومه‌ر گوڵپی وتى «به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا پێویسته ده‌زگا په‌یوه‌دیداره‌کان به ئه‌رکى سه‌رشانى خۆیان هه‌ستن و به‌دواداچوونى ته‌واو بکه‌ن بۆ ژیانى ئه‌و منداڵانه و به‌هیچ جۆرێک نابێت به‌هۆى کارکردنه‌وه منداڵان خوێندن بهجێبهێڵن
وتیشی «ئه‌رکى دامه‌زراوه‌یى په‌روه‌رده‌یى و کۆمه‌ڵایه‌تى و پۆلیسى نه‌وجه‌وانانه کاربکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواداچوونى ته‌واو بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیاببه‌وه له‌وه‌ى منداڵان به دۆخێکى خراپ و مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕنابن و له‌لایه‌ن خێزانه‌کانیان و کۆمه‌ڵگه‌وه سته‌میان لێناکرێت».
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاروکاروباری کۆمه‌ڵایه‌تى سلێمانى بۆ ساڵى ٢٠١٩ به هاوکارى ڕێکخراوى یونسێف دوو تیم پێکدێنێت بۆ به‌دواداچوونى ژیانى منداڵانی ئیشکه‌ر، که بریتین له تیمه‌کانى توێژه‌رى ده‌روونى و کۆمه‌ڵایه‌تی.
عومه‌ر گوڵپی ده‌ڵێت حکومه‌ت به‌هۆى قهیرانیى داراییه‌وه ناتوانێت هه‌موو هاوکاریه‌کى ئه‌و مندالانه بکات، به‌ڵکو له‌ئێستادا ته‌نها کار بۆ ئه‌و منداڵانه ده‌کات که خێزانه‌کانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و که‌سی تر نایانگرێته خۆ.
به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه مووچه‌ى چاودێرى خێزان بۆ منداڵ و ماڵه هه‌ژاره‌کان زیاتر له سێ ساڵه ڕاگیراوه.
عومه‌ر گوڵپی وتى «چه‌ندین جار داوامان کردووه ئه‌و مووچه‌یه به‌رده‌وام بێت و به پێى ڕێنماییه‌ک منداڵ و خێزانه هه‌ژاره‌کان بکاته ئامانج و بیان کاته خاوه‌نى بڕه پاره‌یه‌ک هه‌تا ناچار نه‌بن بچنه ناوبازارو شه‌قامه‌کان بۆ په‌یداکردنى بژێوى ژیانیان، هیوادارین کابینه‌ى داهاتووى حکومه‌ت ئه‌م بابه‌ته یه‌کلا بکاته‌وه«.
به‌پێی ئامارێکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له دوو ساڵی ڕابردوودا له‌کۆی 48 هه‌زار خوێندکار 10 هه‌زار وازیان له‌خوێندن هێناوه که‌به‌شێکیان سه‌رقاڵی کارکردنن .
د.که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانى پسپۆڕى ده‌روونى باس له هۆکاره‌کانى خراپى کارکردنى منداڵان ده‌کات و ده‌ڵێت «کارکردنى منداڵان له‌و ته‌مه‌نه‌دا کارییگهرییهکى ڕاسته‌وخۆى ده‌بێت له‌سه‌ر خوێندنه‌که‌یان».
به بڕواى ئه‌و پسپۆڕه کارکردنى منداڵان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى کاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر خوێندنه‌که‌یان، هەمان کات به‌هۆى ماندوو بوون و هیلاکى و سه‌رما و گه‌رما و قورسی کاره‌که‌یه‌وه و سوکایه‌تی پێکردن له‌لایه‌ن که‌سانی تره‌وه بارى ده‌روونیشیان ئاڵۆز ده‌بێت.
د.که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانى به هاوڵاتی وت «ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ده‌ره‌وه کار ده‌که‌ن ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک کێشه ده‌بنه‌وه و زۆرجار له‌لایه‌ن گه‌وره‌کانه‌وه ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه« .
وتیشی «ئه‌مانه هه‌مووی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر باری ده‌روونی دروست ده‌که‌ن ، چه‌ند زیره‌ک و بلیمه‌تیش بن ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌هره و تواناکانیان ده‌مرێت و هه‌ستی خۆ به‌که‌م زانین و ڕه‌شبینی و دروستبووونی گرێ و درک کردن به نادادپه‌روه‌رییان لا دروست ده‌بێت ، ئه‌مانه هه‌مووی کاریگه‌ری ده‌روونی دروست ده‌کات و ده‌بێته هۆی دروستبوونی ڕه‌فتاری شه‌ڕانگێزی و گۆشه‌گیری بۆ منداڵه‌کان».
بۆ ڕێگه چاره‌ی ئه‌م بابه‌ته د.که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی ده‌ڵێت «گه‌ر بمانه‌وێت نه‌وه‌کانمان نه‌وه‌ی ده‌رون دروست بن ده‌بێت منداڵ منداڵی خۆی بژی تا ده‌گاته ته‌مه‌نی 15 ساڵان ، هه‌روه‌ها پێویسته له‌چوارچێوه‌ی قوتابخانه و خوێندنگاکان‌دا په‌روه‌رده بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێتیه‌کی ته‌ندروستیان هه‌بێت . ئه‌رکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه و ده‌بێت هه‌وڵی خۆش کردنی ژینگه‌ی قوتابخانه‌کان بدات و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ڕا نه‌کات له‌خوێندن «.
هه‌روه‌ها وتى «پێویسته له‌سه‌ر خێزانه‌کان منداڵه‌کانیان له‌قوتابخانه دوور نه‌خه‌نه‌وه و ناچار به کارکردنیان نه‌که‌ن له ژێر ههربارو دۆخێک‌دا بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر بێت و ڕۆژانه بڕێکی زۆریش ده‌ستکه‌وتیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌لایه‌نی ده‌روونی و ته‌ندروستی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ورد بینه‌وه له‌داهاتوودا ناتوانرێت به‌چه‌ند هێنده‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی که‌ده‌ستی که‌وتووه قه‌ره‌بوی ژیانی منداڵی خۆی بکاته‌وه«.