بوشی باوک، ئەو ســــــەرۆکەی بەجارێک سەدامو کوردو شیعەشی فــریودا
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی.، یاد قوربانی
لە شایی خێزانێکی بەدەوی لە دەوروبەری شاری کوەیت شتێکی نامۆ دەبیندرێت. وێنەیەکی گەورەی جۆرج بوشی باوک هەڵواسراوە و لە دەوری خێزانە بەدەویەکەوە شایی دەگێڕن.
کوڕەکەیان (بوش ئەلویدان) کە دوابەدوای جەنگی کەنداو لە ١٩٩١دا لەدایکبووە لە ساتی وەدەرنانی عێراق بە دەستی ئەمریکیەکان لە کوەیت. لەو ساتەدا کە ئەمریکیەکان لە بەرانبەر لەشکرکێشی سەدام حسێن هاتنە دەنگ و سوپای عێراقیان لە کوەیت وەدەرنا، موبارەک ویدان کوڕەکەی ناو دەنێت جۆرج بوش.
«ئەو بەڕاستی پیاو بوو، شێر بوو شێر. ئەو بەرگری لە ماف و ئازادیمان کرد و وڵاتەکەی دایەوە دەستمان.» ئەمە وتەی باوکی جۆرج بوشەکەی کوەیتە بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی.
جۆرج بوشی باوک کۆتایی هەفتەی پێشوو لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو لە کاتێکی تەواو هەستیار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٣ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکابوو. چەندین دەیە دوای حوکمڕانی بوش، بڕیار و ئەجێندای کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستاش ڕەنگدانەوەی هەیە.
بەڵام هەموو لایەنەکان لە ناوچەکە وەک کوەیتیەکان نزای خێر بۆ بوشی باوک نانێرن و منداڵەکانیانی بە ناوەوە بنێن. یەک لەوانەش سەدام حسێنی دیکتاتۆری پێشووی لەسێدارەدراوی عێراقە، کە کەوتە یەکێک لە تەڵە ستراتیجیەکانی بوشی باوکەوە و لە شەڕی کوەیتدا زیانێکی ئەژنۆ شکێنی پێکەوت. سەدام لە ڕقیدا بۆ بوشی باوک، فرمانی بە کێشانی وێنەیەکی ئەوی لەسەر زەویی هۆتێلی ئەل ڕەشید کردبوو کە هونەرمەند (لەیلا عەتار) جێبەجێی کردبوو و لە ژێر وێنەکە نوسرابوو (بوشی تاوانبار).
هەر کاتێک سەدام کۆبونەوەی لەگەڵ شاندە بیانیەکاندا هەبووایە کۆبونەوەکەی دەبردە هۆتێلی ئەل ڕەشید و ئەندامانی شاندەکە لەگەڵ چونە نێو هۆتێلەکە بە پێڵاوەکانیانەوە دەبوو بەسەر وێنەکەی بوشی باوکدا تێبپەڕن تا بچنە ژورەوە.
بوشی باوک چۆن سەدامی فریودا؟
لە ساڵی ١٩٩١دا کاتێک بیرۆکەی هێرشکردنە سەر کوەیت لای سەدام حسێن گەڵاڵەبوو، دیکتاتۆرە عێراقیەکە ڕاوێژی بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد کە گەر ئەو بڕیارە بدات کاردانەوەی ئەوان چۆن دەبێت. بە پێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری پۆلیتیکۆی ئەمریکی ئەمریکا ئەوکات سەدام حسێنی ئاگادار کردوەتەوە لە ڕێگای باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کە ئەمریکا هیچ پەیوەندیەکی بە شەڕ و ناکۆکی نێوان وڵاتە عەرەبەکانەوە نیە و گرنگی پێنادات. ئەمەش وای لە سەدام کرد بێ لێکدانەوەی زیاتر بۆ هەڵوێستی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر کوەیت.
بەڵام دوا بەدوای هێرشکردنە سەر کوەیت و لەشکرکێشی سەربازی بۆ سەر وڵاتە دراوسێکەی، ئەمریکا بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیەوە هەر زوو هاتە دەنگ و دوابەدوای ئیدانەکردنی هێرشەکە هاوپەیمانیەکی نێودەوڵەتیی دەستبەجێ دروستکرد دژ بە سەدام حسێن و لە ٢٤ی شوباتی ١٩٩١ دا هێزەکانی سوپای ئەمریکاو هاوپەیمانانی ڕژانە کوەیتەوە و هاوکات هێزی ئاسمانی لە دژی سوپای عێراقی هەڵهاتوو کەوتە کارو لە جەنگێکی کورتدا کە تەنها ١٠٠ کاتژمێری خایاند زیاد لە ٢٠ هەزار سەربازی سوپای عێراق کوژران لە کاتێکدا تەنها ١٤٨ سەربازی سوپای ئەمریکا لە جەنگەکەدا بوون بە قوربانی.
بوشی باوک چۆن کوردو شیعەکانی فریودا؟
دوابەدوای هەڵگەڕانەوە لە سەدام حسێن و هێرشکردنە سەر سوپای وڵاتەکەی لە کوەیت، زەبرێکی کوشندە بەر سەدام حسێن کەوتبوو و فەرمانڕەوایی لەقببوو. لەم کاتەدا هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی بوش پێشنیاریانکرد کە هێرشەکانی درێژە پێبدات بۆ عێراق و لە ساڵی ١٩٩١دا حوکمی سەدام حسێن کۆتایی پێبێنێت.
بەڵام بوش ئەم پلانەی پێ باشنەبوو. ئەو دواتر دەگێڕێتەوە دەڵێت: «هێرشکردنە سەر عێراق هاوپەیمانیەکانمانی لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەکان تێکدەدا و هەموو عەرەبی لە دژی ئێمە دەکرد بە دوژمن. هاوکات سیمای سەدام حسێنیشی لە دیکتاتۆرێکی شکستخواردوەوە بۆ پاڵەوانێکی عەرەب دەگۆڕی.»
هەر بۆیە بوش بڕیاریدا هێرش نەکاتە سەر عێراق و لە باتی ئەوە عێراقیەکان هان بدات تا لە دژی دیکتاتۆرەکەیان ڕابپەڕن. سەرۆکی ئەمریکا هانی کورد و شیعەکانیدا ڕابپەڕن و لە باکور و باشوری عێراق ڕاپەڕین بەرپابوو، بەڵام لەم کاتەدا، وەک لە ڕاپۆرتەکەی (پۆلیتیکۆ)دا هاتووە بوش پشتی کردە کورد و شیعەکان و هاوکاری سەربازی نەکردن و بە پێچەوانەوە ڕایگەیاند کە ئەو نایەوێت عێراق پارچە پارچە ببێت.
لە ئاکامی بە تەنها بەجێمانی کورد و شیعەکان لە عێراق و وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە لایەن سەدامەوە، ڕاکردن و کۆڕەو بەرپابوو و ترس و تۆقاندن بەرۆکی کەمینەکانی عێراقی گرت.
ئەم کۆڕەوە بە کۆمەڵە کە هەموو دەزانین هەزاران کوژراوی لێکەوتەوە بۆ کوردەکان بە خێر کۆتایی هات و دوای دروستبوونی بارێکی نائاسایی و نامرۆڤانە بۆ کوردەکان کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاتە دەنگ و ئەمریکا هێڵی دژە فڕینی لە باکوری عێراق سەپاند کە بوو بە هۆکاری دروستبوونی خۆبەڕێوەبەری و دواتر هەرێمی کوردستان لە عێراق. بەڵام ڕاپەڕینی شیعەکانی باشور بە کوشتار و بێ ئومێدی کۆتایی هات بێ چنینەوەی بەرهەمی ڕاپەڕینەکەیان.
بۆردمانکردنی ماڵەکەی (لەیلا عەتار)، ئەو هونەرمەندەی سوکایەتی بە بوش کرد
لەیلا عەتار لە ساڵی ١٩٤٤ دا لە بەغدادی پایتەختی عێراق لەدایکبووە و هونەرمەندێکی شێوەکاری بەناوبانگی عێراقیە کە پێشتر بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نەتەوەیی عێراقبووە.
ئەو لە سەرەتای نەوەتەکاندا و دوابەدوای جەنگی کوەیت، وێنەیەکی بوشی باوک لەسەر زەویی هۆتێلی ئەل ڕەشید لە بەغداد دروست دەکات و بە تاوانبار ناوزەندی دەکات. لە ساڵی ١٩٩٣دا کاتێک هێزی ئاسمانی ئەمریکا بۆردمانی بارەگای سەرەکی دەزگای هەواڵگری عێراقی کرد لە بەغداد (کە پشتاوپشت بوو لەگەڵ ماڵی لەیلا عەتاڕ) لە کۆی ٢٤ موشەک دوو موشەک بەر ماڵی هونەرمەندە عێراقیەکە دەکەوێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات و کچەکەی چاوەکانی لەدەست دەدات.
هێزە ئەمریکیەکان لێدانی ماڵی لەیلا عەتاڕیان بە «لێدانێکی هەڵە» لەقەڵەم دا بەڵام زۆرێک شک لەوە دەکەن کە بە دەستی ئەنقەست و لەبەر سوکایەتی بە بوشی باوک ماڵی هونەرمەندەکە کراوەتە ئامانجی موشەکەکانی ئەمریکا.