دوو ملیۆن موسڵمانی چین لەژێر ئەشکەنجەدان

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

بەرپرسێکی باڵای مافی مرۆڤ لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان داوادەکات دەستبەجێ پشکنینی ڕاستەوخۆ بۆ ناوچەی چینجیانگی وڵاتی چین بکرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کەچەندین ڕاپۆرت بڵاوبونەتەوە لەسەر چەند کەمپێکی زۆرەملێ کەکراونەتەوەو کەمینە موسڵمانەکان (بەتایبەتی ئۆیغورەکان)ی ئەو وڵاتەی تیادا نیشتەجێکراون، بەپێی دەنگۆکان موسڵمانە ئۆیغورەکان دوو ملیۆن کەس دەبن لەکەمپەکانداو زۆریان لێدەکرێت کە بیروباوەڕەکانیان بگۆڕن. 

ئۆیغورەکان کەمەنەتەوەیەکی چینن، ژمارەیان ١١ بۆ ١٥ ملیۆن کەس دەبێت لەو وڵاتەو ئاینیان ئیسلامی سوننەیە، زۆربەیان لەڕۆژئاوای چین نیشتەجێن.

داواکاریەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان لەلایەن (میشێل باچلێت)، بەرپرسی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەنەتەوەیەکگرتوەکان، دەرچوەو ئەمەش لەکاتێکدایە کەخراپ مامەڵەکردنی موسڵمانەکان لەو کەمپانە دەنگدانەوەیەکی جیهانی داوەتەوە.

بەپێی دەنگۆکان بەرپرسانی چین هەڵمەتێکی «دووبارە پەروەردەکردنەوە»یان لەوڵاتەکەیاندا دەستپێکردوەو بەم مەبەستە کەمینە نەتەوەییە موسڵمانەکانیان لەچەند کەمپێک داناوە و بەپێی وتەی بەرپرسانی چین موسڵمانەکان لەسەر «یەکێتی نەتەوەیی چین» پەروەردە دەکرێنەوەو ئەم هەڵمەتەیان وەک «ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو فیکری توندڕەوی» ناوبردوە، هاوکات ئەوانەی لەکەمپەکاندان بەزۆرەملێ دەبێت پروپاگەندەی کۆمۆنستیی کۆماری گەلی چین بخوێنن.

تامانگی پێشووی ئەمساڵ حکومەتی چین بەفەرمی ڕەتیدەکردەوە ئەو کامپانە بوونیان هەبێت. بەڵام لەگەڵ بڵاوبونەوەی چەندین ڕاپۆرت و وەرگرتنی وتە لەو موسڵمانانەی کە لەکەمپەکان بوون، دەرکەوتوە کەکەمپەکان بوونیان هەیە و هەر لەو کەمپانە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەئارادایە. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (ئیندیپێندەنت)ی بەریتانی، بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەدواداچوون و دەستتێوەردان لەو دۆخەی لەکەمپەکان دەگوزەرێت هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کەژنێکی ئۆیغوریی موسڵمان ڕایگەیاند کە لەکەمپەکاندا ئەشکەنجە دراوەو دەستدرێژی کراوەتە سەر. 
میهریگول تولسون، ژنە ئۆیغوریەکە، لەواشنتۆن بەڕۆژنامەنوسانی وت کە بۆ چوار ڕۆژ لەسەریەک بێ نوستن لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، سەری تاشراوەو کارەبای لێدراوە دوای ئەوەی بۆ دووەم جار لەساڵی ٢٠١٧دا ڕاپێچی کەمپەکان کراوە.

بەرپرسانی چین ئەم هەڵمەتەی دەستیانپێکردوە بەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو فیکری توندڕەوی دادەنێن، ئەوان سەرەڕای «دووبارە پەروەردەکردنەوە»ی موسڵمانان لەم کەمپانەدا، خەڵکی خۆیان دەنێرنە ماڵی ئۆیغوریەکانەوەو لەگەڵ خێزانەکاندا دەژین تابزانن هیچ کردەوەیەکی «دژە نەتەوەیی» و «ئیسلامی» ئەنجامدەدەن یاخود نا. 

(شۆهرات زاکیر)، کەبەرپرسێکی باڵای حکومەتی چینە، بەئاژانسی هەواڵی (چینهوا)ی سەر بەحکومەتی چین دەڵێت «حکومەتی چین شەڕی تیرۆرو فیکری توندڕەوی دەکات بەپێی ڕێساکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەو فێرخوازانەی نێو کەمپەکانیش دوای ڕاهێنان دەتوانن بیبینن هەڵەکانیان چی بوەو زیانەکانی تیرۆرو فیکری توندڕەو چیە».

بەڕێوەبەری (پڕۆژەی مافی مرۆڤی ئۆیغورەکان)، نوری تورکێل، بەڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی ڕاگەیاندوە کەئەمەی لە چین ڕوودەدات بەرانبەر بەنەتەوەکەی پاکتاوی کلتورییە، ئەو دەڵێت: «ئەوەی مێژووی خوێندبێتەوە دەزانێت کەکاتێک حکومەتێک یاخود سەرۆکێکی دیکتاتۆر فیکرێکی لەم جۆرە بەسەر نەتەوەیەکدا دەسەپێنێت بەچی کۆتاییدێت. ڕەنگە ئۆیغورەکان لەداهاتوودا کۆمەڵکوژ بکرێن، ئەوان لەئێستادا وەک لوویەکی شێرپەنجە دەڕواننە نەتەوەکەی ئێمەو دەیانەوێت نەمانهێڵن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار