به‌رپرسى پێشووى کۆمیته‌ى یه‌کێتى له‌یۆنان: به‌زۆر په‌نابه‌ران سوارى یه‌ختى کۆن ده‌کرێن، ئه‌وه‌ش رووداوى مه‌ترسیدارى لێده‌که‌وێته‌وه
"14 ته‌رمى کۆچبه‌رى کورد له‌ناوچه‌ى پاترا لهگۆڕستانێکدا نێژراون"
6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
به‌رپرسى پێشوى کۆمیته‌ى یه‌کێتى له‌یۆنان ئاماژه به‌وه ده‌دات که رۆژانه هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به خێزان و مناڵه‌وه یان به‌شێوه‌ى تاکه‌که‌سى روو له‌و وڵاته ده‌که‌ن تا بگه‌نه ئه‌وروپاو ده‌شڵێت: زیاتر له 14 ته‌رمى کورد له‌شارێکى یۆنان به‌خاکسپێردراون.
18ى کانونى یه‌که‌مى هه‌موو ساڵێک له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه وه‌ک رۆژى جیهانى کۆچبه‌ران داده‌نرێت. حسێن حه‌مه ساڵح به‌رپرسى پێشوى کۆمیته‌ى یه‌کێتى له‌یۆنان کە چاره‌که سه‌ده‌یه‌که له‌و وڵاته ژیان به‌سه‌رده‌بات و یه‌کێکه له‌وانه‌ى که له‌نزیکه‌وه ئاگادارى ژیانى په‌نابه‌ران و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌یه که رێگه‌ى هانده‌ران ده‌گرنه‌به‌ر لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتی-دا باسی ورده‌کارى دیارده‌ى کۆچ و ئه‌و رووداوانه ده‌کات که‌دێنه سه‌ر رێگه‌ى په‌نابه‌ران.
هاوڵاتی: کۆچ له‌هه‌رێمى کوردستانه‌وه بۆ ئه‌وروپا به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ى یۆنانه‌وه بۆته دیارده؟
حسێن حه‌مه ساڵح: له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه پاش شه‌ڕى براکوژى به‌تایبه‌تى کۆچ له‌هه‌رێمى کوردستانه‌وه په‌یدا بووه‌و تادێت رێژه‌که‌ى به‌ره‌و زیادبوون چووه‌و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه، خه‌ڵک به‌شێوه‌ى تاکه که‌سى یان به‌خێزانه‌وه که‌تێیدایه خاوه‌نى 8 بۆ 9 مناڵه رووده‌کاته تورکیا‌و سنوره‌کانى ئه‌و وڵاته ده‌بڕن و ده‌گه‌نه یۆنان، هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى کۆچ ده‌که‌ن به‌حسابى خۆى بۆ گه‌یشتنه به‌ژیانێکى شایسته بۆ خۆیان و مناڵه‌کانیان، کۆچ بۆته دیارده‌و ناتوانرێت بنه‌بڕ بکرێت یان رێگرى لێبکرێت، چونکه به‌پێى جاڕنامه‌ى گه‌ردونى مافى مرۆڤ که نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌ریکردووه هه‌موو که‌سێک ئازاده له‌کوێ و له چ شوێنێک ژیان به‌سه‌رده‌بات و نیشته‌جێ ده‌بێت، ئه‌م مافه رێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان داویه‌تى بۆیه ناتوانرێت کۆتایى به‌دیارده‌ى کۆچ بهێندرێت.
هاوڵاتی: چاره‌که سه‌ده‌یه‌که له‌وڵاتى یۆنانن ئایا ده‌کرێت په‌نابه‌ران متمانه بهقاچاغچیهکان بکه‌ن که به‌شێوه‌ى نایاسایى ده‌یانگوازنه‌وه بۆ گه‌شتن به‌ئه‌وروپا پاره خه‌رج ده‌که‌ن.
حسێن حه‌مه ساڵح: قاچاغچیه‌کان و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى ئه‌و کاره ده‌که‌ن هیچ کاتێک جێگه‌ى متمانه نین، ئه‌وانه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و ده‌ستکه‌وتنى پاره‌دا ئه‌و کاره ده‌که‌ن، بیرمان نه‌چێت بێجگه لهقاچاغچیه کورده‌کان، قاچاغچى وڵاتانى دیکه‌ى لێیه‌و له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رانى وڵاتانى جیاواز رێکه‌وتن ده‌که‌ن له‌تورکیاوه بۆ یۆنان یا له‌تورکیاوه بۆ ئیتاڵیا‌و ته‌نانه‌ت گه‌شتن به‌ئه‌وروپاش.
هاوڵاتی: ئه‌وه‌نده‌ى زانیاریتان هه‌بێت و په‌نابه‌ران په‌یوه‌ندیتان پێوه ده‌که‌ن ئایا قاچاغچییه‌کان مامه‌ڵه‌ى گونجاویان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن؟
حسێن حه‌مه ساڵح: قاچاغچییه‌کان ده‌کرێت کارى باشتر بکه‌ن و مامه‌ڵه‌ى باشیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن، په‌نابه‌ران پێیان راگه‌یاندوون کهقاچاغچییهکان ده‌یانبه‌نه سه‌ر که‌نارى ده‌ریاکان و یه‌ختێکى سیاحى گه‌وره‌و باش پیشانى په‌نابه‌ران ده‌ده‌ن و به‌و شێوه‌یه رێکده‌که‌ون، به‌ڵام قاچاغچییه‌کان بهیهختى ته‌خته‌ى کۆن که 30 بۆ 40 ساڵه دروستکراوه یان به به‌له‌مى چوپ که له‌بنه‌مادا بۆ 6 بۆ 8 که‌س دروستکراوه‌و بۆ رێگه‌ى کورت مه‌ودایه، به‌ڵام قاچاغچییه‌کان ده‌چن 30 بۆ 40 نه‌فه‌رى تێده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌نابه‌ره‌کان ئاماده نه‌بن سوارى یه‌خته ته‌خته‌کان ببن یان چوپه‌کان هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیان لێده‌که‌ن و ناچاریان ده‌که‌ن سه‌ربکه‌ون.
ئه‌مه‌ش کاره‌ساتى گه‌وره‌ى لێده‌که‌وێته‌وه‌و ژێر ئاو ده‌که‌ون و به‌شى زۆریان رزگاریان نابێت و ده‌خنکێن و قوربانى لێده‌که‌وێته‌وه.
هاوڵاتی: ده‌توانین بڵێین قاچاقچییهکان فێڵ له‌په‌نابه‌ران ده‌که‌ن بۆ گواستنه‌وه‌یان و گه‌شتن به ئه‌وروپا؟
حسێن حه‌مه ساڵح: به‌ڵێ به‌شێکى زۆر له‌په‌نابه‌ران پێشه‌کى پاره‌یان لێوه‌رده‌گرن یان نیوه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌سه‌رى رێکه‌وتوون دواتر ناتوانن بیانگوازنه‌وه‌و به‌شێکى زۆر لهپارهکان ده‌خورێت و چه‌نده‌ها خێزان به‌و هۆیه‌وه سه‌رگه‌ردان بوون.
هاوڵاتی: به‌شێک له‌په‌نابه‌ران له‌ئاودا ده‌خنکێن، هه‌ندێکیشیان ته‌رمه‌کانیان نه‌هێندراونه‌ته‌وه بۆ هه‌رێمى کوردستان، که‌یسى ئه‌وانه چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت؟
حسێن حه‌مه ساڵح: له‌ساڵانى رابردوو باخیره‌یه‌ک گڕى گرت له‌ناوچه‌ى پاترا لهگۆڕستانێکدا 14 ته‌رمى کورد له‌وێدا نێژراون و نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه بۆ هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌و حاڵه‌ته که‌مه‌و هه‌ر که‌سێکیش بخنکێت لهئاوداو ته‌رمه‌که‌ى بدۆزرێته‌وه به دوو هه‌زار یۆرۆ ته‌رمه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ هه‌رێمى کوردستان.
حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق و خه‌ڵکانى تریش هاوکاری ئه‌و خێزانانه‌یان کردووه که که‌سێکیان یا چه‌ند که‌سێکیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.
یه‌کێک له‌هۆکارى زۆرى قوربانیه‌کانى کۆچبه‌ران به‌تایبه‌ت رێگاى ئاوى له‌تورکیا بۆ یۆنان یا یۆنان بۆ ئیتاڵیا به رێگا یاساییه‌کان ناڕۆن که له‌به‌رچاوبن، چونکه ئیشه‌که‌یان به‌ڕێگاى قاچاغ و نایاساییه، بازرگانى بهخهڵکهوهیه ده‌چنه قوڵایى ئاوهوەو دوورن لهبینینى رادار کۆنترۆڵ دیارنامێنن که‌توشى ئه‌و روداوى ژێر ئاوکهوتنە ده‌بن پۆلیسى ده‌ریاوانى ده‌گه‌ڕێن و هه‌ندێ جار فریاى به‌له‌مه‌کان ده‌که‌ون، هه‌ندێکیشیان که‌سیان لێ نادۆزرێته‌وه، چونکه زۆربه‌ى روداو‌و قوربانییه‌کان له‌ده‌ریاى ئیجهدایهو ده‌ریایه‌کى قوڵ و بێ بنه. هه‌ندێک جاریش چه‌ته‌ى ده‌ریا هه‌یه که به‌له‌مى گه‌وره‌یان پێیه‌و خۆیان نزیک ده‌که‌نه‌وه لهیهختهکان تا ژێر ئاو بکه‌ون و ئه‌مه‌ش له‌زۆر وڵات‌دا هه‌یه، دواتر ده‌چن هه‌موو ئه‌و که‌لوپه‌لانه ده‌به‌ن که په‌نابه‌ران پێیان بووه، ئیتر پاره بێت یان ئاڵتون و هه‌ر شتێک که لاى ئه‌وانه به‌نرخ بێت، ئه‌مه‌ش کۆنترۆڵ ناکرێت چونکه هیچ که‌سێک له‌ناو ئه‌و یه‌خته‌دا ده‌رناچێت تا سبه‌ى شاهیدى بدات له‌سه‌ر ئه‌و جۆره روداوانه‌و که‌یسه‌کانیان به ون و نادیارى ده‌مێنێته‌وه.
هاوڵاتی: کۆچکردن به‌و ناڕه‌حه‌تیه‌ى باسى ده‌که‌ن به‌رده‌وامه، چ رێگایه‌ک هه‌یه ئه‌وه‌نده‌ى زانیاریتان هه‌بێت بۆ گه‌شتن به ئه‌وروپا؟
حسێن حه‌مه ساڵح: هه‌موو رێگاکان قاچاغن له‌تورکیاوه رێگاى نایاساییه به‌به‌له‌م ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ دورگه‌کانى نزیک له‌تورکیا که له‌بنه‌مادا دوورگه‌کان هى یۆنانن، رێگاکان یا به‌ڕێگه‌ى پیاده‌و ئوتومبێل له‌نێوان سنوره‌کانى تورکیا و بولغاریا و یۆنان ده‌گه‌نه شارى ساڵۆنیک له‌یۆنان، هه‌موو رێگاکان نایاسایى و قاچاغن.
په‌نابه‌ران که‌ده‌گه‌نه وڵاتى یۆنان به یه‌ک ده‌فته‌ر دۆلار واتا 10 هه‌زار دۆلار بهشاحینه ده‌گه‌یه‌نرێنه ئیتاڵیا کهجارى واهه‌یه 45 کاتژمێر له‌ناو ئه‌و شاحینانهدا ده‌مێننه‌وه که هه‌موو ئه‌مانه رێگاى مه‌ترسیدارن.
هاوڵاتی: ده‌یان که‌مپى په‌نابه‌ران له‌یۆناندا هه‌یه‌و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هاوکارییان ده‌که‌ن، ئایا ئه‌وانه ژیان و گوزه‌رانیان چۆنه که‌کوردى باشور‌و رۆژئاواى تێدایه؟
حسێن حه‌مه ساڵح: چه‌نده‌ها که‌مپ کراوه‌ته‌وه له‌دواى رووداوه‌کانى شه‌ڕ له‌سوریا، که‌کوردێکى زۆرى رۆژئاواى کوردستان روویان له‌یۆنان کردووه تا بگه‌نه ئه‌وروپا، ئه‌وانه به‌شێکى زۆریان خێزانن و مناڵیان له‌گه‌ڵدایه.
هه‌موو دورگه‌کانى سنورى تورکیا‌و یۆنان که‌مپى تێدایە، دورگه‌ى کریتى که گه‌وره‌ترین دورگه‌یه په‌نابه‌ریان له‌وێ داناوه‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى داواى مافى په‌نابه‌رێتیان له‌یۆنان کردووه، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان مانگانه بۆ که‌سى گه‌وره 150 یۆرۆ بۆ مناڵ‌یش 80 یۆرۆیان پێده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ شوێنى نیشته‌جێبون و په‌نجا رێکخراو ئیشى کۆچبه‌ران ده‌که‌ن و نه‌ته‌وه‌یه‌کگتووه‌کان سه‌رپه‌رشتى سه‌رجه‌م که‌مپه‌کانى په‌نابه‌ران ده‌کات.
هاوڵاتی: ئایا حکومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت رێ له‌و که‌سانه بگرێت کۆچ نه‌که‌ن؟
حسێن حه‌مه ساڵح: ئه‌مه تازه بۆته دیارده‌و مرۆڤ ئازاده له‌هه‌ر کوێ بژیت، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌هه‌رێمى کوردستان خۆشه‌ویستى بۆ خاک و نیشتمان نه‌ماوه، ئێستاش هۆکاره‌کان زیاتر که‌مته‌رخه‌میه‌که له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێم و عێراقیهوهیە.
هه‌رێمى کوردستان له‌ڕووى سهروهتى کانزایى و کشتوکاڵى و خاک و ئاو‌و نه‌وته‌وه ده‌بوو خۆشترین ژیانى تێدابوایه، وڵاتانى خه‌لیجى عه‌ره‌بى ته‌نها نه‌وتیان هه‌یه‌و خۆشترین ژیانیان بۆ خه‌ڵکه‌که‌یان دابینکردووه، به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان به‌و هه‌موو سه‌روه‌ته نیشتمانییه‌وه نه‌یتوانیوه وا‌بکات که گه‌نجان و خێزانه‌کان بیر له‌کۆچکردن نه‌که‌نه‌وه‌و ژیان و گوزه‌رانى هاوڵاتیان باش بکه‌ن.