ئەردۆغان هاش‌و هوشی هەڵبژاردن دەباتە ڕۆژئاوای کوردستان

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

رۆژئاوای کوردستان ساڵانێکە بووەتە گرێیەکی سیاسی بۆ  تورکیا و ئەمریکا کەهەردوو بەرژەوەندیەکانیان لەوێ دژی یەک وەستاوەتەوە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونیەوە پاڵپشتیەکی ڕاستەوخۆی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی کردوەو وەک هاوپەیمانێکی کارا لەجەنگ دژ بەداعشدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ کردووە. بەپێچەوانەوە، تورکیا دەسەڵاتداری کوردەکان لەسوریاو بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات نیگەرانی کردوە و دەیەوێت هەژمونی کوردەکان لە سوریا لەناوبەرێت، هەر بۆ ئەم مەبەستە کۆتایی هەفتەی پێشوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە لە «چەند ڕۆژی داهاتوودا» هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەپەگە کۆنترۆڵ دەکاتەوە. 

بەپێی سەرچاوەی میدیاکانی تورکیا ڕۆژی هەینی سوپای تورکیا چەند یەکەیەکی کۆماندۆی بردوەتە سەر سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاو هاوکات ئەردۆغان هۆشداری دا کە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا سوپای وڵاتەکەی دەباتە ناو سوریاوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەهەمان ڕۆژدا ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان لەسەر ئەم لەشکرکێشیە هەبووە، بە پێی زانیاریەکانی ڕۆژنامەی (واڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی چەند سەرچاوەیەک لەکۆشکی سپییەوە کەئاگاداری پەیوەندیە تەلەفونیەکە بوون ڕایانگەیاندوە کە سەرۆکی ئەمریکا داوای لەئەردۆغان کردوە هەڕەشەی هێرشەکانی ڕابگرێت و هەردوولا لەکۆتاییدا ڕێکەوتوون کە «هەماهەنگی باشتر لەنێوانیاندا هەبێت لە سوریا».

لەئێستا نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی و تیمێکی ٢٠ کەسیی پسپۆڕی مەدەنی لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردەکەن لەگەڵ هێزە کوردیەکاندا کەئێستا بەبەشێک لە (هێزەکانی سوریای دیموکرات) ناودەبرێن کار لەسەر بنیاتنانەوەی شارە کاولبوەکانی شەڕی داعش و دروستکردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن. لەچەندین لێدوانیشدا دۆناڵد ترەمپ کوردەکانی ڕۆژئاوای بەهاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا لەشەڕی داعشدا ناوبردووە. هەر ئەمەیە کەتورکیای بێزارکردوەو وایکردوە ئەمریکا بە دووفاق و بێ بەڵێن ناوببات، تورکەکان دەڵێن کەئەمریکا لەسەرەتاوە ڕایگەیاندوە بۆ «ماوەیەکی کاتی» پاڵپشتی هێزە کوردیەکان دەکات لەسوریا بۆ سوود لێوەرگرتن لێیان لەشەڕی داعشدا، بەڵام لەئێستادا هاوکارییان دەکات لەخۆقایمکردن و حوکمداریدا لەو ناوچانەی لەدەست داعش ڕزگاریان کردوون. 

لەئێستادا، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆستی) ئەمریکی، ئەمریکیەکان ڕازیبوون کەچەند بازگەیەکی سنوریی دابنێن و چاودێری هەر کارو کردەوەیەک بکەن کە ئاسایشی تورکیا بخاتە مەترسیەوە، بەڵام ئەردۆغان ئەم هەوڵانەی ئەمریکا بە چەواشە لەقەڵەمدەدات و چوارشەممەی پێشوو ڕایگەیاند: «ئاشکرایە کە مەبەستی بازگە چاودێریەکانی ئەمریکا لە سوریا پاراستنی تورکیا نیە لە تیرۆرستان، بەڵکو پاراستنی تیرۆرستانە لە تورکیا.» ناوبردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل بەتیرۆریست لەلایەن ئەردۆغانەوە شتێکی نوێ نیەو ئەو کوردانی سوریا بەدرێژکراوەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت کە لەلایەن تورکیا و زۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژئاواوە بەڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەمدراون. 

ئەم هەڕەشە توندانەی ئەردۆغان بۆ لەشکرکێشی بەرەو سوریاو بەرپاکردنی جەنگ دژ بەهێزە چەکدارە کوردەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەکاتێکدایە کە مانگی ئازاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی وڵاتەکەی بەڕێوەدەچن. ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیو یۆرک تایمز)ی ئەمریکی ئەوە دەخاتەڕوو کە زۆرێک لەلێکۆڵەرەوە سیاسیە ڕۆژئاواییەکان پێیانوایە ئەم هاش و هوش و هەڕەشە توندانەی ئەردۆغان بۆ جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی دەنگدەرە نەتەوەییەکانی تورکیایە کەهێرشکردنە سەر کوردەکان بەدەستکەوت دەبینن. لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە: «پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بەهۆی قەیرانی ئابوریی تورکیاوە ترسی لەدەستدانی هەندێک لەپارێزگاکانی هەیە، هەر بۆیە پەنادەبات بۆ جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی دەنگدەرەکانی کە لەڕابردوودا سەرکەوتوو بووە».

ئەم بۆچونە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا ڕایگەیاندوە ڕازی نابێت هیچ لایەنێک تاکلایەنانە لەسوریادا لەشکرکێشی بکات، ئەمەش پێچەوانەی هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ئەردۆغانە. 

لەمیانەی جەنگی هەشت ساڵەی سوریادا، کوردەکان توانیویانە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆخۆیان چنگ بخەن لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سنوری تورکیا، ئەمەش ساڵانێکە وای لەتورکیا کردوە بەبەردەوامی هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات. 

وتەبێژێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، موستەفا باڵی، بەڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ڕاگەیاندووە کەهێزەکانیان بەرەنگاری دەکەن لەئەگەری هەر هێرشێکی سوپای تورکیادا بۆ سەریان و ئەمەش وادەکات شەڕ دژ بەداعش ڕابوەستێت. ئەو دەڵێت: «گەر هێرشمان بکەنە سەر، بەرپەرچیان دەدەینەوە، ئێمە لەبەردەم تورکەکاندا چۆکدانادەین. هیوادارین تورکەکان هەڕەشە و گوڕەشەکانیان بوەستێنن، بەڵام گەر لە نەزانیانەوە بڕیاربدەن ئەم هێرشە ئەنجامبدەن، ئەوا شەڕی هەجین دژ بە داعش ڕادەوەستێت».

لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهاوکاری هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە شەڕی داعش و پاککردنەوەی پاشماوەکانی داعش لەسوریا. لە کاتێکدا کە تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەریان و لەناوبردنیانی دەکرد، هێزە کوردیەکان خەریکی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی (هەجین)بوون و ڕایانگەیاند کە بەسەرکەوتوویی کۆنترۆڵی شارۆچکەکەیان کردووەتەوە کە بەکۆتا شارۆچکە دادەندرێت کە لەدەستی ڕێکخراوی داعشدابووە. 

ئەمریکاو تورکیا بڕیاریانداوە بەهەماهەنگی کاربکەن لەسوریا تا بەرژەوەندیەکانی هەردوولا پارێزراوبێت، بەڵام گەر تاکلایەنانە تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی سوریا بکات بەرەو باکوری ڕۆژهەڵات کەهێزە سەربازیەکانی ئەمریکاش لەوێ نیشتەجێن ئەگەری ڕووبەڕووبونەوە هەیەو لەوانەیە گرێیەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە گرێ کوێرە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار