کوڕی شای ئێران داوای ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی دەکات
6 ساڵ لەمەوپێش
یاد قوربانی
ماوەیەکی کورت دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بیرۆکەیەکی نوێ و سەیریان هەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری پۆلیتیکۆی ئەمریکی، چەند بەپرسێکی ئەو ئەنجومەنە پێشنیاریان کردوووە کە دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ شازادە ڕەزا پەهلەڤی، کوڕی شای ئێرانی پێشوودا بڵاوبکاتەوە کەتیایدا پێکەوە پیرۆزبایی نەورۆز لەگەلی ئێران بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کەکوڕەکەی شای پێشووی ئێران لەواشنتۆن نیشتەجێیە. دوابەدوای ڕووخانی شای ئێرانی دۆستی ئەمریکا لەلایەن گەلی ئێرانەوە لەمیانەی شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩دا خێزانی شا لەئەمریکا نیشتەجێبوون.
لەو کاتەدا پێشنیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بەزۆرینەی دەنگ ڕەتکرایەوەو ترەەمپ بە تەنها پەیامی پیرۆزبایی نارد. ڕەنگە لەو کاتەدا (نەورۆزی ٢٠١٧) دەرکەوتنی ترەمپ لەگەڵ شازادە پەهلەڤیەکەدا بیرۆکەیەکی باش نەبووبێت چونکە خێزانی شا خێزانێکی زۆر خۆشەویست و ویستراو نەبوون لای گەلی ئێران، بەڵام لەئێستاداو دوای ئابڵۆقەی ئابوری قورس و بێ دەرەتانی گەلی ئێران، ئاگری خۆشەویستی بۆ شای ئێران و خێزانەکەی خەریکە دووبارە کڵپە دەکاتەوە و پاڵپشتی پەیدا دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی پۆلیتیکۆ، پسپۆڕانی سیاسەتی ئێران پێیان وایە پاڵپشتی و خۆشەویستی بۆ ڕەزا پەهلەڤیی کوڕی شای پێشوو لەزیادبووندایە، کاتێک لەمیانەی ئەم قەیرانە ئابووریەدا کەهەندێک بۆ کۆتایی ڕژێمی ئیسلامی دادەنێن، پرسیاری ئەوە دەکرێت: کێ ڕابەرایەتی ئێرانی دواڕۆژ دەکات؟
لەم کاتە هەستیارەدا، ئەم هەفتەیە ڕەزا پەهلەڤی دەرکەوت و وتارێکی پێشکەشکرد لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاساتی خۆرهەڵاتی نزیک. ئەو داوای پاڵپشتی و هاوکاری کرد بۆ گەلی ئێران کە هەوڵدەدەن ڕژێمێکی ئیسلامی بەدیموکراسیەتێکی سێکیولار بگۆڕن.
ئەو لەمیانەی وتارەکەیدا وتی: «وڵاتانی دیموکراتی ئەمرٶ، لەپێش هەموویان ئەمریکا، دەتوانن بڕیاربدەن لایەنداری کێ دەکەن.»
نزیکەی ٤٠ ساڵ دەبێت خێزانی پەهلەڤی لەئێران وەدەرنراون، بەڵام ئەوان لەئێستادا خەریکە دەگەڕێنەوە مەیدانی سیاسی. خۆپیشاندەرانی ئێران هەندێکیان وتافی لێبوردن دەکێشن بەرانبەر خێزانە مەلەکیەکە کە بۆ ٥٤ ساڵ حوکمداری ئێران بوون.
ڕژێمی ئێران و هاوپەیمانەکانیان وەک گەندەڵێکی بێ ئاست ناوی کوڕی شای پێشوو دەبەن کەهیچ پاڵپشتیەکی ئەوتۆی نیە لەئێرانداو تۆمەتباری دەکەن کەسعودیە و ئیسرائیل پاڵپشتی دارایی دەکەن، پەهلەڤی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
ڕەزا پەهلەڤی، کەئێستا تەمەنی ٥٨ ساڵانە بەکراوەیی داوا ناکات کە کورسی پادشایەتی لەئێران بۆ دابنرێتەوە. ئەو خۆی وەک «سەرکردەیەک و داکۆکیکەرێکی پرینسیپەکانی ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەم» ناودەبات و دەڵێت: «ئامادەم خزمەتی وڵاتەکەم بکەم».
بەپێی ڕاپۆرتەکەی پۆلیتیکۆ، بزوتنەوەیەکی نوێ لەئێران درووستبووە کە بەتاسەوە بیری ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی شا دەکەن و لەئێستادا دەیانەوێت ڕژێمی ئیسلامی بڕوخێت و لەجێگەی دەوڵەتێکی سێکیولاری دیموکرات بنیاتبنرێت. یەکێک لەو لایەنە تازە دامەزراوانە کە بەشێکە لەم بزوتنەوەیە ناوی «فەرەشگگارد» یاخود «ژیانەوەی ئێران»ە کە ئامانجیان بەوتەی خۆیان «ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی سێکیولار کەمافی مرۆڤ بۆ ئێرانیەکان زامن بکات.»
لەئێستادا ئەم گروپە ڕەزا پەهلەڤی وەک کەسایەتیەکی گرنگ لەم کاتەدا تەماشادەکەن، دەڵێن: «شازادە ڕەزا پەهلەڤی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەپێکەوەگرێدانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای ئێرانی. لەجێگرتنەوەی ئەم ڕژێمەی ئێستا بەدەوڵەتێکی دیموکرات و سێکیولار، سەرکردایەتی و هەژموونی ڕەزا پەهلەڤی دەکرێت سوودی لێوەربگیرێت و بەهۆیەوە گۆڕانێکی دەسەڵاتی ئاشتیانە ڕووبدات و وڵات یەکپارچە بمێنێتەوە».
ئەمە هەموو لەکاتێکدایە کە لەهەندێک لەخۆپیشاندانەکانی ئێراندا بەئاشکرا دەبیسترێت خۆپیشاندەران ناوی شازادە پەهلەڤی دێنن و دەڵێن: «ئێمە داوای لێبووردن دەکەین، ئێران بێ شا قورسایی نیە»!
دوابەدوای وتارەکەی ڕۆژی هەینی، لەوەڵامی ڕۆژنامەنوساندا کە ئایا گەر هەل هەبێت حەز دەکات ببێت بەسەرۆکی ئێرانی نوێ، ڕەزا پەهلەڤی وتی: «ئەو ڕۆژەی هەڵبژاردنی ئازادانە لەئێران ئەنجامدرا، ئەوا من هەست دەکەم ئامانجی ژیانی سیاسیم هاتۆتەدی. هەر بیریشم لەو ئەگەرە نەکردوەتەوە سەرۆکی ئێران بم، سەرنج و هەوڵم بۆ ئازادکردنی ئێرانە بەدەستی گەلی ئێران خۆیان».