کچانی گەرمیان فۆتۆگرافی دەکەنە پیشەیەک بۆ بژێوی ژیان

6 ساڵ لەمەوپێش



دیمەن ئیسماعیل

گروپێک لە کچانی گەرمیان دەستدەدەنە کاری فۆتۆگرافەری و وێنەی خێزانی و تایبەتی دەگرن و هەندێکیشیان وەکو دابینکردنی بژیوی ژیان سودیان لێ بینیووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو ئارەزوویەک ئەو کچانە هەوڵی پەرەپیدانی تواناکانی خۆیان لەبواری فۆتۆگرافەریدا دەدەن.

گروپەکە لە قەزای کەلار کە سەنتەری ئیدارەی گەرمیانە دروست بووە، لەم ساڵانەی دواییدا پیشەی فۆتۆگرافەری لەنێو کورانی شارەکەدا پەرەی سەند بەڵام دەرفەت نەبوو کچان بڕۆنە ئەم بوارەوە، هەتاوەکو چەند کچێک لە دەوری بیرۆکەیەک کۆبوونەوەو شەش مانگ لەمەوبەر گروپێکیان راگەیاند کە لە ١٥ کەس پێکدێن.

گروپی فۆتۆگرافەری کچان لە 15 ئەندام پێک دێت، بەڵام ئەندامەکانی ستافەکە لەزیادبوندایە ماوەی 6 مانگە دامەزراوە، سەرەتای چالاکیەکان بەکردنەوەی پێشانگایەک دەستیپێکرد.

ئاسیا حسێن، تەمەن 20 سال، سەرپەرشتیاری گروپەکەیە بە ‌هاوڵاتی وت «ماوەی ساڵێکە کاری فۆتۆگرافەری دەکەم، وەکو حەزو خولیا فێربوم، تاکە ئامانجیشم ناساندنی کچانە بە فۆتۆگرافەری».

ئاسیا لەگەڵ ئەوەی خوێندکارە بەڵام توانیویەتی هاوسەنگی دروست بکات لەنێوان پیشەکەی و خویندکەیدا، وتی «سەرەرای بەردەوامبوونم لەخوێندنەکەم، کاری فۆتۆگرافەری دەکەم، هەر وێنەیەک جوان بێت بەلامەوە دەیچرکێنم و لەپەیجەکەم دایدەنێم».
کارەکانی گروپەکە بەشێوەیەکی مەیدانیەو دەچنە شوێنی جۆراوجۆر بۆ وێنەگرتن. گرووپەکە تەنها لە کەلار چالاکی ئەنجامنادات بریارە لەمانگی داهاتودا چالاکیەک لەکفری ئەنجامبدەن.

فاتمە جومعە، تەمەن 21 سال، یەکێکە لە ئەندامەکانی گروپەکە بە ‌هاوڵاتی وت  «تاوەکو ئێستا دوو چالاکیمان ئەنجام داوە لەژێر ناونیشانی پایزی تەمەن، مندال لە وێنەدا، مانگی داهاتووش چالاکی سییەم لە کفری ئەنجام دەدەین».
وتیشی «کاری فۆتۆگرافی خولیایە، دەشتوانین بیکەین بە سەرچاوەی بژێوی ژیانمان.»

ئاسیا حسێن لەگروپەکە وتی «ژمارەیەکی باشی فۆتۆگرافەر لەپارک و بازارو دوکانەکاندا وێنە دەگرن، بەڵام هەمیشە ئاسان نیە بۆ کچێکی گەرمیانی داوا لەکوڕێک بکات وێنەی بگرێت، بۆیە بوونی فۆتۆی کچ نەک باش، بەڵکو پێویستەو نەبوونیشی بۆشایی دروستدەکات».

گروپەکە بەشێکە لە گروپیکی تری گەرمیان بە ناوی گرووپی گەشەی میدیا کە لە بواری میدیادا چالاکی ئەنجامدەدات، فۆتۆگرافەرەکان لەلایەن ئەو گروپەوە هاوکاریەکی سنورداری مادی و مەعنەوی دەکرێن لە پێشانگاو چالاکیەکاندا.

ئامانج محەمەد، بەرێوەبەری گروپی گەشەی میدیا بە ‌هاوڵاتی وت «لەم کارەدا تەنیا ئامانجمان دەرخستنی تواناو بەهرەکانی کچانە، کەهیچیان کەمترنیە لەکوڕان، دەمانەوێت تواناکانیان بەکامێرای خۆیان دەربخەین».

سارا حەکیم، تەمەن 22 ساڵ، ئەندامیکی گرووپەکەیەو خوێندکاری زانکۆیە توانیویەتی وەکو دابینکردنی پیداویستیەکانی بژێوی ژیانی سوودی لێ ببینێ.

سارا بە ‌هاوڵاتی وت «کاری فۆتۆگرافی دەکەم بەشێوەی گروپ و تایبەتیش، بە تاک دەڕۆمە ئاهەنگ و بۆنەکان ئەوەش بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانم».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار