ساڵح موسلیم بۆ هاوڵاتی: داوا لەکەس ناکەین بمانپارێزێت، خۆمان بەرگری دەکەین
6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هاوڵاتی
ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی کۆمیتەی دیپلۆماسیی پارتیی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) ڕادەگەیەنێت، لە ئێستادا ھیچ دانوستانێک لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان و رژێمی سوریا بوونی نییە و خۆیان دەپارێزن، بۆ ئەوەش بڕوایان بەگەلی ڕۆژئاوا ھەیە.
بەھۆی بڕیارەکەی ئەمریکاوە کە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە درا، سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو سیستمەی کوردەکان لەدوای سەرھەڵدانی قەیرانی ناوخۆیی سوریاوە بنیاتیانناوە کەوتووەتە دوڕیانەوە، نازانێت چارەنوسی بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت.
سەرکردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان سورن لەسەر بەردەوامیدان بە سیستەمەکەیان و بەرگریکردن لەخۆیان و دەڵێن ئەوان پێشتریش پشتیان بەخۆیان بەستووە بۆ پاراستنی خۆیان و کەمتر پشتیان بەلایەنە دەرەکییەکان بەتایبەتی وڵاتانی زلھێز بەستووە.
ساڵح موسلیم یەکێک لەو سەرکردانەی ڕۆژئاوای کوردستان کەھەر لەسەرەتای ئەزموونی بنیاتنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ناوچە کوردییەکانەوە سەرکردەیەکی دیاری ئەو بەشەی کوردستان بووە لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ھاوڵاتی لەبارەی بڕیارەکەی ئەمریکاوە دەڵێت «ئەوە بڕیاری ئەمریکا خۆیەتی، ئەوان بڕیاری خۆیان نەک لەبارەی ڕۆژئاوا بەڵکو لەسەر زۆر وڵاتی جیھان ھەیە، پاساوی ئەوان ئەوەیە کەگوایە داعش نەماوە، بەڵام ئەوە راست نییە، چونکە داعش شەڕی دژوار دەکات، بەوتەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە چوار ھەزار چەکداری داعش لە ریفی دێرەزور ماون کەژمارەیەکی زۆرە».
دوای چەند ڕۆژێکی کەم لەبڕیارەکەی ئەمریکا، چەکدارانی داعش لە ناوچەی ھەجینی پارێزگای دێرەزور ھێرشیان کردەسەر ھێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام شەڕڤانان وەڵامیان دانەوەو ھێرشەکانیان تیکشکاند.
یەپەگە پێکھێنەری سەرەکی ھێزەکانی سوریای دیموکراتە کەژمارەیان زیاتر لە ٦٠ ھەزار شەڕڤانە و لەسەدا ٣٠ی روبەری سوریایان بەدەستەوەیە، ئەمریکا پێشتر چەندین جار بەھاوپەیمانی سەرەکی لەشەڕی دژ بە داعشدا ناویبردووە.
ساڵح موسلیم کە پێشتر ھاوسەرۆکی پەیەدە بووە کەحوکمڕانی سەرەکی ڕۆژئاوای کوردستانە وتی «داعش تەواو نەبووە، بڕیارەکەی ئەمریکاش لەبارەی سەرکەوتنیان بەسەر ئەو ڕێکخراوەو کۆتایی پێھێنانیان ناڕاستە».
بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی لەسوریا ھاوکات بوو لەگەڵ جموجۆڵی سوپای تورکیاو کۆکردنەوەی ھێزێکی زۆر لەسەر سنوری سوریا بەمەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باکوری سوریاو ڕۆژھەڵاتی روباری فورات کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، دوای چەند ڕۆژێک لەبڕیارەکەش تورکیا بۆ ماوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی دواخست.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، بڕیاری کشانەوەکە لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپدا دراوە، کەماوەیەکەمی کەم پێش بڕیارەکە ئەنجامیاندا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سوریا.
ساڵح موسلیم پێیوایە، بڕیارەکەی ئەمریکا و ھەڕەشەکانی تورکیا پەیوەندییان بەیەکەوە ھەیە، ھەرچەندە باسی لەوەکرد کەنازانن چی لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغاندا وتراوە لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا.
ھەندێک بڕیارەکەی ئەمریکا بەخیانەت بەرانبەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دادەنێن، بەڵام بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا ھەڵوێستێکی پێچەوانەیان ھەیە، ئەگەرچی بەپێویستی دەزانن ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ئەندام لەھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام بن لەکارەکانیان لەسوریاو پشتیوانییان بکەن لەشەڕی بەرەنگاربونەوەی داعشدا.
ساڵح موسلیم باس لەوەدەکات ناتوانن ئەو ھەنگاوە بەخیانەت دابنێن، چونکە ھاتنی ھێزەکانی ئەمریکا لەبەرئەوان و بۆ پاراستنی ئەوان نەبووە، جگە لەوەش تەنھا ھاوکارییەک ھەبووە لەنێوانیانداو شتێکی ئیمزاکراو لەنێوانیاندا نەبووە، بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەو مانەوەیان.
لەدوای بڕیارەکەی ئەمریکا کوردانی ڕۆژئاوا دۆستێکی سەرەکیان لەدەستدا کەواشنتۆن بوو، کە هەم ھێزەکانی پڕچەک دەکردن هەم وەکو گرەنتییەک وابوو بۆ ئەزمونە تازە گەشەسەندووەکەی کوردانی ڕۆژئاوا.
بەڵام وادیارە ھێشتا وڵاتی تر هەبن کە دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بەپاراستنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە فەڕەنساو ئەڵمانیا بەپێچەوانەی ئەمریکاوە جەختیان لەپابەندبوون بەئەرکەکانیان کردووەتەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش.
تەنانەت دوای چەند ڕۆژێک لەبڕیارەکەی ئەمریکا، وەفدێکی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کۆبوونەوەو وەفدەکە داوایان لەپاریس کرد کاربکات بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لەڕۆژئاوای کوردستان، تانەکەوێتە بەر مەترسی تورکیاو سوریا، ھاوشێوەی ئەو ناوچەیەی لەسەرەتای نەوەدەکانی سەردەی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەناوچە کوردنشینەکانی عێراق دروستیکرد بۆ پاراستنی کورد لەھێرشەکانی رژێمی سەدام حوسەین، کەدروستبوونی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
ساڵح موسلیم دەڵێت «ئێمە پشت بەھێزو ڕێکخستنی خۆمان دەبەستین، نەک ھیچ ھێزو کەسێکی دیکە کە لەجیاتی ئێمە شەڕ بکات».
وتیشی «ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم مەترسیدا نییە، تائێستا لەسەر زەوی شتێک نەبووە، کە مەترسی دروستبکات، ھەرچەندە ترسێک هەیە لەتورکیا، کە هەڕەشەی ھێرشکردن دەکات و بڕیاری شەڕکردنی داوە، مەترسییەکە لەو ڕووەوەیە، بەڵام ئێمە باوەڕمان بە ھێزی پاراستن و سیستەمی خۆمان هەیە، گەلی ئێمە گەلێکی بەرگریکارە، قبوڵناکات ھێرشی بکرێتە سەر».
دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، باس لە ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان دەکرێت لەنێوان کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و رژێمی سوریا بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەر بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی شەڕڤاناندایە. بەتایبەت کەچەند مانگێک لەمەوبەر بەرپرسانی ڕۆژئاواو رژێمی سوریا چەند جارێک لەو بارەیەوە کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتن بەھیچ ڕێککەوتنێک.
ساڵح موسلیم باس لەوەدەکات، لەئێستادا ھیچ دانوستانێک لەگەڵ سوریا لەئارادا نییە، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەرگای دیالۆگی کردووەتەوە لەگەڵ لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر، بەڵام لەسەر زەوی تا ئێستا ھیچ گفتوگۆیەک نەکراوە.
وتیشی «ئێمە سیستەمی خۆپاراستنی خۆمان هەیە، داوا لەکەس ناکەین بمانپارێزێت، گەل و سیستەمی خۆمان هەیە و ئامادەین بیپارێزین، نە داوا لەئەمریکا دەکەین نە لەڕژێمی سوریا کە بمانپارێزن، ئێمە باوەڕمان بەگەلی خۆمان هەیە، کەھێزی ئێمەیە، کەس لەجیاتی ئێمە شەڕ ناکات و کەس نامانپارێزێت، ئێمە خۆمان خۆمان دەپارێزین».