گۆڕان داواى ڕێککه‌وتنى پێشوه‌خته‌ ده‌کات

هاوڵاتى ورده‌کارى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان بڵاوده‌کاته‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

پارتى دیموکراتی کوردستان لیژنه‌ى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان پێکهێناوه‌، به‌مه‌به‌ستى "په‌له‌کردن" له‌ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش داواى ڕێککه‌وتنى پێشوه‌خته‌ ده‌کات.

 دواى نزیکه‌ى چوار مانگ له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان، رۆژى دوشه‌ممه‌ گه‌ڕێکى دیکه‌ى دانوستانه‌کانى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێی حکومه‌ت ده‌ستیپێکرده‌وه‌، شاندى پارتى و یه‌کێتى له‌ هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌ و رۆژى دواتریش شاندى پارتى و گۆڕان له‌ سلێمانى کۆبوونه‌وه‌.

ئه‌م گه‌ڕه‌ى دانوستانه‌کان، دواى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک هات له‌ وه‌ستانى گفتوگۆکانى تایبه‌ت به‌ پێکهێنانى حکومه‌ت، به‌هۆى دروستبوونى ناکۆکى له‌نێوان پارتى و یه‌کێتیدا له‌باره‌ى ده‌ستگیرکردنى چه‌ند کادیرێکى یه‌کترى و پرسى که‌رکوک پۆسته‌کانى به‌غدا.

پارتى دیموکراتى کوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان رێککه‌وتوون له‌سه‌ر "به‌په‌له‌" پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى هه‌رێم، ئه‌وه‌ش له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌ له‌ سلێمانى ئه‌نجامیاندا، بۆ دوانه‌که‌وتنى زیاترى پێکهێنانى کابینه‌که‌ و "ڕێزگرتن" له‌ ئیراده‌ى ده‌نگده‌ر.

له‌ به‌لاغێکى هاوبه‌شدا که‌ دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ بڵاویانکرده‌وه‌، ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌کردووه‌، کۆبوونه‌وه‌که‌ "له‌ که‌شێکى به‌رپرسیارانه‌ ‌و به‌ گیانى کارى هاوبه‌ش ‌و پێکه‌وه‌یی... له‌سه‌ر بنه‌ماى خزمه‌تگوزارى چاکسازى بنه‌ڕه‌تى ‌و هه‌ڵگرتنى به‌رپرسیارییه‌تی" به‌ڕێوه‌چووه‌.

ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ که‌ نزیکه‌ى چوار مانگه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان کراوه‌ به‌ڵام تا ئیستا لایه‌نه‌کان رێکنه‌که‌توون له‌سه‌ر پێکهینانى کابینه‌ى نوێ.

له‌ به‌لاغه‌ هاوبه‌شه‌که‌دا هاتووه‌، هه‌ردوولا دوو لیژنه‌ دروستده‌که‌ن بۆ "یه‌کخستنى روانگه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ‌و پارتى دیموکراتى کوردستان، له‌سه‌ر کارنامه‌ى حکومه‌ت ‌و لیژنه‌یه‌ک بۆ دانانى پێوه‌ره‌کانى چۆنیه‌تى به‌شداریکردن له‌ حکومه‌ت".

شاندى پارتى له‌هه‌ردوو کۆبوونه‌وه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى یه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرا، که‌ ئێستا سه‌رۆکى حکومه‌ته‌ و له‌لایه‌ن پارتى یه‌وه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم کاندیدکراوه‌.

نێچیرڤان بارزانى له‌ گفتوگۆکانى پێکهێنانى کابینه‌ى هه‌شته‌مدا به‌هه‌مانشێوه‌ سه‌رۆکى شاندى دانوستانکارى پارتى بوو، له‌وکاته‌شدا رۆڵى هه‌بوو له‌ به‌شداریى پێکردنى گۆڕان له‌ کابینه‌که‌دا، به‌ڵام دواى که‌متر له‌ دوو ساڵ پارتى وه‌زیره‌کانى گۆرانى ده‌کرد به‌هۆى ناکۆکیان له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

گۆڕان داواى "ڕێککه‌وتنى پێشوه‌خته‌" ده‌کات

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، ئه‌ندامى وه‌فدى دانوسانکارى حکومه‌ت ڕایگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ى پێکهێنانى حکومه‌ت له‌وه‌ زیاتر دوانه‌که‌وێت، پێویسته‌ هه‌ندێ یاسا ده‌ربکرێت بۆ چاکسازى و ده‌ستورو سیستمى په‌رله‌مانى، ئه‌وه‌ى له‌ ساڵانى رابردوودا باسیان کردووه‌ جێگیر بکرێت به‌ "رێککه‌وتنى پێشوه‌خته‌" بۆ ئه‌وه‌ى دواتر توشى به‌ریه‌ککه‌وتن نه‌بن.

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ساڵانى رابردوودا و تا ئێستاش جه‌خت له‌ سیستمى په‌رله‌مانى ده‌کاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ساڵى 2015 ناکۆکییه‌کانى له‌گه‌ڵ پارتى گه‌یانده‌ لوتکه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌رپرسانى پارتى ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ سیستمى په‌رله‌مانیدان، ئه‌وه‌ش رێگه‌ى گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتنى له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ناکۆکه‌ى پێشوو ئاسان کردووه‌.

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح باسى له‌وه‌کرد دوو لیژنه‌ى هاوبه‌ش له‌نێوان پارتى و گۆڕان دروست ده‌کرێت، لیژنه‌ی یه‌که‌م بۆ نوسینه‌وه‌ى کۆى به‌رنامه‌ى حکومه‌ت و کۆى به‌رنامه‌ سیاسییه‌که‌ که‌ سیستمى حکومرانى و دۆسیه‌ى نه‌وت و چاکسازى و رێکخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌نامه‌ى حکومه‌تدا جێگیر بکرێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌روو لیژنه‌ى دووه‌م بۆ ئه‌وه‌ پێکده‌هێندرێت که‌ به‌رکه‌وته‌و ئیستحقاقاتى لایه‌نه‌کان دیارى بکرێت "ده‌مانه‌وێت به‌پێى سه‌نگ و قورسایى خۆمان پشکى خۆمان هه‌بێت له‌ کابینه‌ى نوێدا".

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح وتیشى "ئێمه‌ به‌رکه‌وته‌ى خۆمان وه‌ک بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دیارى ده‌که‌ین و داواى ئه‌و پۆستانه‌ ده‌که‌ین که‌ لامان گرنگه‌ و گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، به‌بێ ناوهێنانى پۆسته‌کان له‌م قۆناغه‌دا، چونکه‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک خیارو پلانمان داناوه‌، ناکرێت هه‌مووى ئاشکرا بکه‌یت".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى شاندى دانوستانکارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ تا ئێستا هیچ کاتێک دیارى نه‌کراوه‌ بۆ یه‌کلابونه‌وه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان.

باسى له‌وه‌شکرد، قورسه‌ کات دیارى بکرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، چونکه‌ کۆبونه‌وه‌ى دیکه‌ى گۆڕان و پارتى یا یه‌کێتى و پارتى ماوه‌ و دیارنییه‌ که‌ى ده‌کرێت.

به‌رپرسه‌که‌ى گۆڕان راشیگه‌یاند، به‌ وه‌فدى پارتیان راگه‌یاندووه‌ تا ئێستا بزوتنه‌وه‌که‌یان بریارى به‌شداری کردن یا بوون به‌ ئۆپۆزسیۆنى نه‌داوه‌ "که‌ى دوو لیژنه‌که‌ کاره‌کانى خۆیان ته‌واو کردو دواتر درایه‌وه‌ وه‌فدى دانوسانکار دواى ئه‌وه‌ جڤاتى نیشتمانى به‌ به‌ڵێ و نه‌خێر بریارى له‌سه‌ر ده‌دات".

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ یه‌کێک له‌ داواکارییه‌کانى گۆڕان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ پاشه‌که‌وتى سه‌ر موچه‌ لاببرێت، وه‌فدى پارتیش پێیان راگه‌یاندوون که‌ ده‌یانه‌وێت میکانیزمێک هه‌بێت که‌ یاساى چاکسازى خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کان له‌ په‌رله‌مان ده‌ربچێت "بڕه‌ پاره‌یه‌کى زۆر بگه‌رێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت تا چاره‌سه‌رى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى پێ بکرێت".

پارتى: یه‌کێتى و گۆڕان ئاماده‌ییان پیشانداوه‌ حکومه‌ت به‌زویی پێکبهێنرێت

پارتى دیموکراتى کوردستان جه‌ختده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى پێویسته‌ په‌له‌بکرێت له‌ پێکهێنانى کابینه‌ى  نوێ، به‌ڵام هێشتا دانوستانه‌کانى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان نه‌گه‌یشتوون به‌ئه‌نجامێک بۆ پێکهێنانى کابینه‌که‌.

نورى حه‌مه‌ عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "هه‌ر له‌یه‌که‌م رۆژى دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت کابینه‌ى حکومه‌ت پێکبێت، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌رێى حزبه‌کانى دیکه‌مان کردووه‌ به‌تایبه‌ت یه‌کێتى و گۆڕان".

هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ 30 ئه‌یلولى 2018 ئه‌نجامدراو پاش تێپه‌ر بوونى سه‌دو هه‌شت رۆژ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا هێشتا له‌لایه‌نه‌کان نه‌گه‌شتونه‌ته‌ رێکه‌وتن تا ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و حکومه‌ت پێکبهێنن.

نورى حه‌مه‌ عه‌لى ده‌ڵێت "یه‌کێتى و گۆڕان ئاماده‌ییان پیشانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زوترین کات کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌ت پێکبهێندرێت و بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک له‌و قه‌له‌قیه‌دا نه‌مێنێت، زۆر گرنگه‌ له‌م کاته‌دا حکومه‌ت په‌له‌ى تێدا بکرێت و چونکه‌ ناوچه‌که‌ ده‌کوڵێت تا ئه‌و یه‌کریزیه‌ رێکبخرێت".

جه‌ختیشیکرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر رێکه‌وتنه‌کانى نێوان پارتى و گۆڕان و یه‌کێتى ته‌واو بکرێت له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا حکومه‌ت پێکده‌هێنرێت "ئه‌و کۆبونه‌وانه‌ى نێوان پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان و پارتى زۆر باش بووه‌ و ده‌بێت هه‌موو به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بین بۆ پێکهێنانى تا خزمه‌تى خه‌ڵکى پێ بکه‌ین".

یه‌کێتى: دیدی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت دوور نییە

بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ، پارتى و یه‌کێتى دوو لیژنه‌ى هاوبه‌شیان پێکهێناوه‌ به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌کردنى چوارچێوه‌ى ڕێکه‌وتنێک له‌باره‌ى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ و چۆنیه‌تى حکومڕانیکردن له‌ قۆناغى داهاتوودا.

پێکهێنانى ئه‌و لیژنانه‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ 14ى کانونى دووه‌مى 2019 له‌کۆوبونه‌وه‌ى پارتى و یه‌کێتیدا بڕیارى لێدرا، بۆ ئه‌وه‌ى پێکهێنانى حکومه‌ت له‌وه‌ زیاتر دوانه‌که‌وێت.

سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتیى به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند، دیدی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت دوور نییە و هه‌نگاوى یه‌که‌م پێکهێنانى حکومه‌تێکى به‌هێزه‌ له‌هه‌رێم.

پێشیوایه‌، ناکرێت هاوهه‌ڵوێستى پارتى و یه‌کێتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى که‌رکوک که‌ بارودۆخێکى نه‌خوازراوى هه‌یه‌ دوابخرێت و پێویسته‌ ئه‌وله‌وییه‌تى کاره‌کانیان بێت.

دواى کۆبونه‌وه‌که‌ى یه‌کێتى و پارتى، مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژى پارتى رایگه‌یاند، زۆر راشکاوانه‌ باسیان له‌وه‌کردووه‌ که‌ ئه‌و بارودۆخه‌ پێویستى به‌وه‌یه‌ جیدیتر و خێراتر بڕیارى له‌سه‌ر بده‌ن "بۆئه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌ى پێکهێنانى حکومه‌ت و کابینه‌ى داهاتوو زووتر یه‌کلایى بکرێته‌وه‌ و سه‌قفێکى زه‌مه‌نى بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار