هاوڕێکه‌ى پووتن؛ له‌ وەرگێڕێکی سوپاوە بۆ کڕینى بۆرییه‌ نه‌وتییه‌کانى هه‌رێم

7 ساڵ لەمەوپێش



هەرێم جەعفەر

ئه‌و پیاوه‌ى که‌ ئه‌ندازیارى کڕینى بۆرییە نه‌وته‌که‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌، سه‌ره‌تا به‌ وه‌رگێران له‌ ریزه‌کانى سوپای وڵاته‌که‌ى ده‌ستى به‌کارکرد، دواتر گه‌یشته‌ ئاستێکى به‌رز له‌ناو حکومه‌تی روسیادا، ئه‌و ئێستا به‌ یه‌کێک له‌ نزیکه‌کانى ڤلادمیر پوتینى سه‌رۆکی روسیا داده‌نرێت. 
ئیگۆر سێچین، به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیاى روسنه‌فتى رووسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ند گرێبه‌ستێکى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان و چه‌ند وڵاتێکى تر کردوه‌، له‌وانه‌ ڤه‌نزوێلا، له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ چه‌ندین شتى سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ له‌ ژیانیدا هه‌یه‌.
ئه‌و له‌لایه‌ک به‌ وه‌زیرى دووه‌مى ده‌ره‌وه‌ى روسیا ناوده‌برێت له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ سه‌رمایه‌دارێکى گه‌وره‌ى روسیایه‌ که‌ به‌شێکى زۆرى پاره‌که‌ى بۆ خۆشگوزه‌رانى ژنه‌که‌ى ته‌رخانکردووه‌، به‌ڵام ئه‌و خیانه‌تى لێکردوه‌و دواتر کۆشکه‌کەی روخاندووە که‌ نرخه‌که‌ى ٥٠ ملیۆن یۆرۆ بووه‌.
هه‌فته‌ى رابردبوو ئاژانسى رۆیته‌رز بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ که‌ کۆمپانیاى روسنه‌فتى روسى بۆرى هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى کوردستان-تورکیاى به‌ به‌هاى 1.8 ملیار دۆلار کڕیوه‌، ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ روسنه‌فت رۆڵێکى سه‌ره‌کى بگێڕێت له‌ دانوستانه‌کانى نێوان به‌غداو هه‌ولێردا.
ئه‌ندازیارى کڕینى ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وته‌ ئیگۆر سێچینه‌، که‌ سه‌رۆکى کۆمپانیه‌که‌یه‌و هاوڕێیه‌کى نزیکى ڤلادمیر پوتینه‌، تاکو ئێستا سێچین سێ جار چوووه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا به‌هۆى پێدانى «دیارى» به‌ وه‌زیرى پێشووى دارایى ڕووسیا، ئه‌لێکسى ئولیۆکایڤ، که‌ به‌هاکه‌ى دوو ملیۆن دۆلاربووه‌، به‌ڵام جارى چواره‌م به‌ بیانویى سه‌رقاڵى به‌ کاروباره‌کانى ئاماده‌ى دادگا نه‌بووه‌ که‌ ده‌بوو مانگى یانزده‌- تشرینى یه‌که‌مى ڕابردوو ده‌بوو ئه‌و دانیشتنى دادگایه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.
هه‌روه‌ها له‌ مانگى سێى ئه‌مساڵدا، سێچینى ٥٧ ساڵ دواى ئه‌وه‌ى زانى که‌ خێزانه‌که‌ی، ئۆلگا ڕۆژکۆڤاى ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵ، په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستى له‌گه‌ڵ شۆفێرێکى پێشبڕکێى ئۆتۆمبێلی ئیتاڵى هه‌یه‌ به‌ ناوى فرانسیسکۆ پرۆڤێنزانۆ، ئه‌و کۆشکه‌ى که‌ به‌ بڕى ٥٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ خاتوونى خێزانى کڕی بوو ڕووخاند، ئه‌مه‌ش به‌ پێى هه‌واڵێکى ماڵپه‌ڕى ده‌یلى مه‌یلى به‌ڕیتانی.
هه‌روه‌ها ئه‌و یه‌خته‌ى که‌ بۆ ژنه‌که‌ى کڕی بوو ناوی نابوو (ئۆلگا) که‌ نرخه‌که‌ى (١٥١) ملیۆن دۆلار بووه‌، به‌ڵام دواى جیابووه‌نه‌وه‌یان ناوى یه‌خته‌که‌ى گۆڕى بۆ خۆشه‌ویستى ڕاسته‌قینه‌. ساڵى ڕابردوو سێچین توانى گرێبه‌ستێک له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم واژۆبکات، به‌ جۆریک ئه‌و کۆمپانیایه‌ ببیته‌ کڕیارى نه‌وتى هه‌رێم بۆ ئه‌مه‌ش بڕى ملیارێک دۆلارى پێشوه‌خته‌ى به‌ هه‌رێمى کوردستان دا، که‌ له‌به‌رامبه‌ردا، ده‌بێت هه‌رێم تا ٢٠١٩ نه‌وتى بداتێ، به‌ڵام هه‌فته‌ى رابردوو کڕینى بۆرییه‌ نه‌وته‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ لایه‌ن روسنه‌فته‌وه‌ وه‌کو هه‌واڵێکى کتوپڕ‌ و پێشبینى نه‌کراو بڵاوبوویه‌وه‌.

به‌پێى کۆمپانیاى روسنه‌فت و  چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک

له‌ حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق،

ئامانجى ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ى روسنه‌فت

ته‌نیا بازرگانى نییه

ئاژانسى رۆیته‌رز له‌ راپۆرتێکدا بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌مانگى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى رابردوو کاتێک قه‌یرانى سیاسى له‌هه‌رێمى کوردستانى عێراق له‌ ترۆپک دا بوو، نامه‌یه‌کى ئیگۆر سێچین، سه‌رۆکى کۆمپانیاى رۆسنه‌فتى روسی، گه‌یشته‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌به‌غدا.
سه‌چین، له‌نامه‌که‌یدا که‌ رۆیته‌رز وێنه‌یه‌کى بینیوه‌، نوسیویه‌تى «حکومه‌تى به‌غدا هه‌ڵوێستێکى بونیاتنه‌رو خوازراوى له‌باره‌ى پرۆژه‌یه‌کى روسنه‌فت بۆ په‌ره‌پێدانى کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى باشورى عێراق نیشان نه‌داوه‌«.
به‌ڵام ڕۆیته‌رز ئاشکراى کردووه‌ که‌ له‌  سه‌ره‌تاى مانگى نیسانى ئه‌مساڵدا دادگا بڕیاریداوه‌ که‌ دانیشتنێکى نهێنى له‌گه‌ڵ سێچین به‌ڕێوه‌ ببات، به‌ بیانوى هه‌ستیارى بابه‌ته‌کان که‌ تیایدا سێچین به‌ بێ تاوان ده‌رچووه‌ و که‌یسه‌که‌ى داخراوه‌.
سێچین له‌ سه‌ره‌تاى ژیانى فێرخوازى حه‌زى به‌ فێربوونى زمان هه‌بووه‌، فێربوونى زمانى پورتوگالى و فه‌ڕه‌نسى له‌ زانکۆى لینینگراد هه‌ڵبژاردوه‌.
پاشان وه‌کو وه‌رگێڕ چوووه‌ته‌ وڵاتى مۆزه‌مبیق به‌وه‌ى یه‌کێتى سۆڤیه‌تى جاران پشتگیرى له‌ به‌ره‌ى ئازادى ده‌کرد له‌ کاتى جه‌نگى ناوخۆى وڵاتى مۆزه‌مبیق.

ئۆلگا لەگەڵ فرانسیسکۆ پرۆڤێنزانۆ شۆفێرى پێشبڕکێى ئۆتۆمبێل
له‌ ساڵى ١٩٨٤ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌مان زانکۆ و بڕوانامه‌که‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌ و دوا به‌ دواى ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى کردوه‌ به‌ ڕیزه‌کانى سووپاوه‌. ماوه‌ى دوو ساڵ خزمه‌تى سه‌ربازى له‌ ئه‌نگۆلا کردووه‌. 
پوتن دواى ده‌ستبه‌کاربوونى به‌ سه‌رۆک کۆمار، ئه‌وى وه‌ک سه‌رۆکى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى شارى پیته‌رسبۆرگ ده‌ستنیشان کردوه‌
له‌ ساڵى ١٩٩٨، سێچین دکتۆراى له‌ ئابووریدا هێناوه‌ و نامه‌ى دکتۆراکه‌ى له‌سه‌ر پێشه‌سازى نه‌وت و کۆنترۆڵى حکوومه‌ت بوو له‌و باره‌یه‌وه‌.
له‌ دواى ده‌ستبه‌کاربوونى ڤلادمیر پووتن وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانى ڕووسیا له‌ ساڵى ٢٠٠٠، سێچین چه‌ندین به‌رپرسیاره‌تى وه‌ک ڕاوێژکار و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران  وه‌رگرتوه‌  و له‌ ساڵى ٢٠١٢ بووه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێکارى کۆمپانیا ڕوسنه‌فت.
سه‌باره‌ت به‌ ژیانى ئۆلگا و جێهێشتنى سێچین، ڕۆژنامه‌ى ئیندیپێندنت سۆبێسێدنیکى ڕووسى ڕاپۆرتێکى له‌سه‌ر کردوه‌ و به‌ڵگه‌ ڤیدیۆیه‌کى ٦٣ خوله‌کیش سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان بابه‌ت دروستکراوه‌.
ده‌رهێنه‌رى فیلم، ئاندرێى کۆنیاخین، ده‌رباره‌ى رووخاندنى ئه‌و کۆشکه‌ وتى  «ئه‌و بینا نوێیانه‌ داڕووخاون به‌ دیوار و ڕاگره‌کانه‌وه‌. زۆر خراپ دیاره‌.
له‌ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى که‌ بۆچى ئه‌و کۆشکه‌  نه‌فرۆشراوه‌ له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى به‌وجۆره‌ خاپوور بکرێت، ئاندرێ ده‌ڵێت «جیابوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئۆلگا بێ گومان برینێکى رۆحى بۆ دروستکردووه‌ بۆیه‌ بڕیارى داوه‌ ته‌واوى یادگارییه‌کان بسڕێته‌وه‌«.
ئه‌و کۆشکه‌ى سێچین ڕووبه‌ره‌که‌ى چوار هێکتار(١٦ دۆنم)ه‌ که‌ ئه‌م ڕووبه‌ڕه‌ش له‌و یاریگایانه‌ زۆرتره‌ که‌ بڕیاره‌ یارییه‌کانى جامى جیهانى تێدا به‌ڕێوه‌بجێت
ده‌یلى مه‌یل نووسیویه‌تى که‌ به‌وه‌ى نرخى ئه‌و کۆشکه‌ ٣٧.٥ ملیۆن پاوه‌نده‌، (52) ملیۆن دۆلار، به‌ گرانترین موڵکى ڕووسیا هه‌ژمار ده‌کرێت.
ساڵانه‌ سێچین ٧.٥ ملیۆن پاوه‌ندى ده‌ستده‌که‌وێت له‌گه‌ڵ ٩.٦ ملیۆن پاوه‌ند وه‌ک پاداشت له‌ کاتێکدا ڕوسنه‌نه‌فت ساڵانه‌ ١٦.٩ ملیار داهاتى هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها نرخى ئه‌و یه‌خته‌ى که‌ به‌ناوى ئۆلگا بوو (١٥١) ملیۆن دۆلار بوو.
ئه‌م به‌ڵگانه‌ له‌ لایه‌ن سه‌نته‌رى لێکۆڵینه‌وه‌ى ڕووسى (تى ئێس یو ئاى) بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌دارى ڕووسى میخائیل خۆدۆرکۆڤسکى پاڵپشتى ده‌کرێت و به‌ هۆیه‌وه‌ ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ زیندانى کراوه‌.
سێچین که‌ یه‌کێکه‌ له‌ سه‌رمایه‌داره‌ گه‌وره‌کانى روسیا، دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى کڕینى بۆرییه‌ نه‌وتییه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان، هه‌ندێک له‌ میدیاکان باسیان له‌ لێهاتوویى سیاسى ئه‌م پیاوه‌ کرد که‌ به‌ وه‌زیرى دووه‌مى ده‌ره‌وه‌ى روسیا ناوده‌برێت.
سێچین که‌ نزیکترین پشتیوانى ڤلادیمێر پۆتینى سه‌رۆکى روسیایه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ که‌ له‌به‌رامبه‌ر گرنگینه‌دانى به‌غدا به‌ کارکردن له‌گه‌ڵ روسنه‌فت، کۆمپانیاکه‌ى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کارده‌کات، که‌ حکومه‌تى هه‌رێم بایه‌خێکى زۆرى بۆ په‌ره‌پێدانى هاوکارییه‌ ستراتیژییه‌کانى له‌گه‌ڵ روسنه‌فت نیشانداوه‌.
له‌ نامه‌که‌ى سێچیندا بۆ به‌غداـ هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌م پرسه‌ نه‌دراوه‌و روسنه‌فت به‌ڵێنیداوه‌ به‌ سه‌رمایه‌گوزاریکردن به‌ به‌هاى ملیاران دۆلار له‌ کوردستان، وه‌ک توڕه‌بوونێک له‌ به‌غدا. ئێستاش له‌برى پاشگه‌زبونه‌وه‌و بڕى سه‌رمایه‌گوزارییه‌که‌ى دووهێنده‌ کردوه‌.
به‌پێى حه‌وت سه‌رچاوه‌ى ئاگادار له‌ پرسه‌که‌، سێچین ده‌ستێکى به‌هێزتره‌ له‌وه‌ى زۆربه‌ى به‌رپرسه‌ عێراقییه‌کان، ده‌یزانن. رۆژانى رابردوو، روسنه‌فت له‌ سه‌ودایه‌کدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم، بووه‌ته‌ خاوه‌نى بۆرى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بۆ تورکیا، به‌به‌هاى 1.8 ملیار دۆلار.
به‌پێى کۆمپانیاى روسنه‌فت و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق، ئامانجى ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ى روسنه‌فت ته‌نیا بازرگانى نییه‌، به‌ڵکو بۆ به‌هێزکردنى کاریگه‌ى سیاسى روسیایه‌ له‌عێراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
 ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ که‌ کۆنتڕۆڵکردنى ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وته‌، رۆڵێکى سه‌ره‌کى داوه‌ته‌ روسنه‌فت له‌ دانوستانه‌کانى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراقدا به‌ ئامانجى سه‌ر له‌نوێ هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ى نه‌وت له‌و کێڵگانه‌وه‌ که‌ به‌هۆى ریفراندۆمه‌که‌ى هه‌رێم و کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ئه‌و کێڵگانه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ وه‌ستێنراوه‌.
وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به‌ کاریگه‌رى روسنه‌فت، به‌رپرسانى کورد وتویانه‌ ده‌ست به‌ هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ى نه‌وتى ئه‌و کێڵگانه‌ ناکه‌نه‌وه‌و پاره‌که‌شى ناده‌نه‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر به‌غدا ئاماده‌ نه‌بێت پاره‌ى کرێى گواستنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وت به‌ بۆرى هه‌رێمى کوردستاندا بۆ تورکیا، بداته‌ روسنه‌فت.
جه‌بار لوعێبی، وه‌زیرى نه‌وتى عێراق دانى به‌ رۆڵى گه‌وره‌ى روسنه‌فتدا نا کاتێک له‌م مانگه‌دا چاوى به‌ ده‌سته‌ڕاسته‌که‌ى سێچین، دیدیێر کاسیمیرۆ له‌ به‌غدا که‌وت و وتى که‌ ئه‌وان ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ روسنه‌فت هه‌ماهه‌نگى بکه‌ن بۆ نوێکردنه‌وه‌ى بۆرى نه‌وت.
زیادبونى هه‌ژموونى روسیا له‌کوردستان، جۆرێک له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى جیۆپۆله‌تیکى دروست ده‌کات که‌ ناوچه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کى متمانه‌پێکراو له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا بووه‌ له‌ سه‌رده‌مى روخانى سه‌دامه‌وه‌.
به‌غدا که‌ دان به‌ مامه‌ڵه‌که‌ى نێوان هه‌رێم و روسنه‌فتدا نانێت له‌سه‌ر ئه‌و بۆریه‌ نه‌وته‌، خۆى له‌ دۆخێکى قورسدا ده‌بینێته‌وه‌.
 بارى دارایى حکومه‌تى عێراق به‌هۆى شه‌ڕى له‌گه‌ڵ داعش توشى گرفت بووه‌، بۆیه‌ پاره‌ى ته‌واوى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ دروستکردنى بۆرى نه‌وتى نوێ له‌ کوردستانه‌وه‌ له‌کاتێکدا ته‌واو نیگه‌رانه‌ له‌ راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئه‌و ناوچه‌یه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار