پەپوولەکانی بەهەشت لەفڕین دەخرێن
ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر منداڵانی ساوا شۆکی یەک لەدوای یەکی رۆژانی رابردوو بوو بۆ ئەوانەی کەهێشتا سووتاندنی منداڵەکانی سێوان قادر بەرینە
6 ساڵ لەمەوپێش
لۆڤە محەمەد
چەندین تاوان بەرامبەر منداڵانی ساوا لە چەند شارێکی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامدران و ئەوەش نیگەرانی و تووڕەیی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا. رووداوەکان سوتان و فرێدان و هەوڵی خنکاندن بوون هەندێکیشان دەستی یاسایان پێنەگەیشتووە.
دیارترین ئەو تاوانانە فڕیدانی دوو منداڵی ساوا بوو لە گەرمیان و هەولیر لەماوەی سێ ڕۆژدا کە لەسەرشەقام و نزیک شوێنە گشتیەکان فڕێدران و لە سەرمای سەختی زستاندا ڕەقبوونەوە و گیانیان لەدەستدا.جگە لەوەش باوکێک لەگەرمیان هەوڵی خنکاندنی منداڵە ساواکەیدا.
ئەم رووداوانە دوای ئەوە دێت کە دایکێک بەناوی سێوان قادر لە گەڵ سێ منداڵیدا لە خانووەکەیدا سوتانو مردن کە تا ئێستا دادوەر ئەنجامدەرەکەی ئاشکرا نەکردووە. رووداوەکەی لەکاتی خۆیدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
منداڵ هەندێ جار لە لایەن خەڵکیەوە بە «پەپوولەی بەهەشت» ناودەبرێن ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بێتاوانیان، لەکاتێکدا لە رۆژانی رابردوودا دەستی تاوان بە شێوازی جۆراو جۆر پێیان گەیشت.
رۆژی ٩ی ئەم مانگە لە ناحیەی زنانەی سەر بەقەزای کفری تەرمی منداڵێکی ساوا لە ڕەگەزی نێر لە ناو چاڵێکدا دۆزرایەوە، دوای سێ ڕۆژ لەو ڕووداوە و لە ١٢-١ لە شاری هەولێر تەرمی منداڵێکی دیکەی ساوا لە گەڕەکی قەڵاتی نوێی رێگەی زێرەڤانی لە تەنیشت فەرمانگەی کارەبای ئەو گەڕەکە و بەرامبەر گۆڕستانەکەی فڕێدراوە.
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند ئێوارەی دووشەممەی رابردوو باوکێکیان لەناحییەی ڕزگاری سەر بەقەزای کەلار دەستگیرکرد کە ویستویەتی منداڵەی سێ ساڵ و نیوەکەی بخنکێنێت.
عەلی جەمال قدووری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد کە منداڵەکە لەبەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلارەوە بۆ چارەسەری پێویست ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ خراپی باری تەندروستی.
پۆلیس لە زاری دراوسێکانی پیاوەکەوە دەگێڕێتەوە کە باوکەکە کە لە ناحیەی رزگاری دەژێت نەخۆشی دەروونی هەیە.
ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای ئەوەی پیاوەکە هاوسەرگیری کردوە لەگەڵ ئافرەتێک ئەو منداڵەیان بووە بەڵام دواتر جیابوونەتەوەو دایکی بەجێی هێشتوە .
پۆلیس دوای ئەو روداوە باوکەکەی بەندکردوە، ئەوەش بەبڕیاری دادوەرو پۆلیس دەڵێت دەستی بەلێکۆڵینەوە کردوە لەسەر چۆنێتی کەوتنەوەی ڕوداوەکە.
هەروەها ئەو دوو منداڵەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەولێر و کەلار فریدران تا ئێستا ئەنجامدەرانیان دەستگیرنەکراون، بەڵام پۆلیس لێکۆلینەوەی خۆی لە رووداوەکە دەکات.
عەلی جەمال قەدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە هاوڵاتى وت «تا ئێستا کەس لەسەر فڕێدانی ئەو منداڵە دەستگیرنەکراوەم بەڵام ئێمە لە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامین و هیچ سەرەداوێکمان دەست نەکەوتووە لەسەر ناسنامەی منداڵەکە کە لە کوێوە هاتووە و چۆن فڕێدراوە».
هەرچی منداڵەکەی هەولێریشە لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە و کەس دەستگیرنەکراوە و ناسنامەکەی دیار نیە تەنها ئەو زانیاریەی کە هەیە منداڵەکە لە ڕەگەزی نێرە و تەمەنی کەمتر بووە لە ١٥ ڕۆژ کاتێک فڕێدراوە و گیانی لەدەستداوە.
بە پێی شایەتحاڵەکانی ناوچەکەش ئەو شەوەی کە منداڵەکە فڕێدراوە سەگێک پاسەوانی کردووە تاوەکو بەیانی و کاتێک خەڵک و پۆلیس چووەتە سەر تەرمەکەی و تەرمەکەیان هەڵگرتوەتەوە و بردوویانە بۆ پزیشکی دادوەری هەولێر بۆ شیکاری لە تەرمەکەی و گەیشتن بە سەرەداوێک و دۆزینەوەی کەسوکاری.
زانایانی ئاینی دەڵێن بەپێی ئاینی ئیسلام کە ئاینی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە فڕیدانی منداڵ لە «تاوانە گەورەکانە» دەشڵێن بۆ رێگریکردن لەو حالەتانە دەبێت بگەرێنەوە بۆ بەها ڕوەشتیەکان.
ئەحمەد قامیشی کە مامۆستای ئاینیە بە هاوڵاتى وت» ئێمە وەک هەست و بەرپرسیارێتی ئیمانی و لەهەمووان زیاتر ئازارمان پێدەگات، ئێمە زۆر دەمێکە هاوار دەکەین بۆ گێڕانەوەی بەها ڕەوشتی وئیمانییەکان، نیگەرانی و بێزاری خۆمان ڕادەگەیەنین لەو ڕوداوە بێزراوانە لەکوشتن و سوتاندن و فڕێدان».
مەلا ئەحمەد قامیشی وتیشی «قەیرانی دارایی و نەخۆشی دەروونی و پەراویزخستنی پەروەردەی ئیمانی هۆکارگەلێکی دیکەی ئەو رووداوانەن».
ئەحمەد قامیشی دەسەڵاتدارانی بە «بەرپرسی یەکەم» زانی لەبەرپانەکردنی سەروەری یاساو دادپەروەری، هەروەها داوادەکات میدیا و ڕاگەیاندنەکان، بەرنامەی پەروەردەیی و زانستی زیاتر بۆ کۆمەڵگا بەخش بکەن.
یاسا سزای بۆ ئەو کەسانە دادەنیت کە هەڵدەستن بە فرێدان یان کوشتن یان ئازاردانی منداڵ ئەگەرچی هەندێ جار توانبار بۆی دەردەچیت و نادۆزرێتەوە.
بە پێی یاسای سزادانی عێراقی ئەگەر دایکەکە بە مەبەست منداڵەکەی فڕێ دابێت و کوشتبێتی ئەوا سزاکەی بەندکرنی هەتاهەتاییە یان زیاترە لە ٢٠ ساڵ، ئەگەر پیلان بۆ داڕێژراو بێت کوشتنەکە ئەوا بە سزای لە سێدارەدان سزا دەدرێت. بەڵام هەندێ جار یاسا سزاکە سوک دەکات بۆ ئەوان کە لە ترسی ئابرووچون منداڵ فڕێدەدەن.
بەپێی یاسا ئەگەر منداڵەکە ناشەرعی بێت و ژن و پیاوەکە بۆ خۆپارێزی لە ئابڕووچوون منداڵەکەی فڕێدابێت ئەوا بە پێی ماددەی ٤٠٧ سزادەدرێت کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە ١٠ ساڵ زیاتر نەبێت.
یادگار جەلال، لێکۆڵەری دادوەری و یاساناس، بەهاوڵاتى وت «ئەگەر منداڵەکەی لەناو سکیدا لەباربرد ئەوا سزاکەی کەمترە لە ساڵێک و هەندێک جاریش لە جیای سزای زیندانی دەتوانێت بە پێ بژاردن (غەرامە) ڕزگاری ببێت».
هەندێ جار ئەو منداڵانەی فڕی دەدرێن پێش ئەوەی گیان لەدەست بدەن کەسانێک دەیانگرنە خۆیان. یان منداڵانێک کە ساواییان بەجیهیشتوەو کەسوکار لەدەستدەدەن دەخرێنە خانەی بێسەرپەرشتانەوە کە لە پارێزگاکانی کوردستاندا هەن و منداڵە بێ سەرپەرشتەکانی تێدا بەخێودەکرێن.
موسلیح عومەر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتى وت «لە خانەکاندا منداڵانی خوار تەمەنی چوار ساڵی وەرناگیرێن و لە ڕێگەی دادگاوە یەکسەر دەدرێت بەو خێزانانەی کە خوازیاری بەخێوکردنی منداڵیان ھەیە یاخود منداڵیان نابێت یاخود لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتیەوە توانای بەخێوکردنی منداڵیان ھەیە».
وتیشی»بۆیە کاتێک منداڵێک فزێ دەدرێت و زیندوو بێت دەیبەخشین، بەڵام ئەگەر مردوو بێت ئەوا دەیبەین بۆ پزیشکی داد بۆ لێکۆڵینەوە و دواتر ئەینێژین».
ئەو تاوانەنەی کە منداڵان تییدا قوربانین زیاتر کاردانەوەو توورەبونی خەلکی لێدەکەوێتەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا دایکێک و دوو منداڵ لە مالەکەی خۆیاندا لە چەمچەماڵ سوتان، ئەگەرچی هێشتا دادگا ئەنجامدەرەکەی ئاشکرا نەکردوە بەڵام خەڵکی توورەیی خۆیان دادەبەراند بەرامبەر بە ئەنجامدەرە ئاشکرا نەکراوەکەی.
دوا بەدوای ئەمەش کە وێنەی منداڵە فڕیدراوەکان بڵاوکرانەوە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دیسانەوە تورەیی زۆری خەڵکی لێکەوتەوە.
ئەگەرچی کەسانیکی وەکو مەلا ئەحمەد قامیشی بەشێک لە هۆکارەکەی دەخەنە سەر کەنالەکان و دراما تورکیەکان، بەلام مەریوان عەلی یەکێکە لەوانەی لە فەیسبوکی خۆی لەسەر ئەمە قسەی کردوە دەڵێت «منداڵ سووتاندن و فڕێدان و هەموو کارەساتەکانی تریش نیشانەی خراپی پەروەردەو دواکەوتوویی داب و نەریتی کۆمەڵگە دواکەوتووەکەمانە، دەبێ لۆمەی خۆمان بکەین و خۆمان چاک کەین، نەک خەتایەکە لەسەر خۆمان لابەین و بیخەینە سەر دراما تورکیەکان».
لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەبێت رێگە لە هۆکارەکانی بگیرێت و ئەنجامدەرانی بە تاوان قێزەون ناودەبەن.
مەلا ئەحمەد قامیشی دەڵێت: «فڕێدانی منداڵ و کوشتنی تاوانێکی گەورەیە لە تاوانە گەورەکان و حەرام کراوە، چونکە سوکایەتیە بە مرۆڤایەتی، تەنانەت کاتێکیش کە لەناو سکی دایکیدایە و لەباردەبرێت وەک ئەوە وایە کەسێکی زیندوو بکوژیت و تاوانێکی کووشتن بکەیت، ئەگەر منداڵەکەش ناشەرعی بێت ئەوا لە تاوانە گەورەکانە و توڕەیی خودا ڕادەکێشیت».