ترامپ داواى ریفۆرمى کۆچبه‌رى ده‌کات بۆ وڵاته‌که‌ى 

داواى رێکه‌وتن له‌ دیموکراته‌کان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى شه‌تداونى حکومه‌ت کۆتایى پێبێت

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
دۆناڵد تره‌مپ پێشنیازى "ریفۆرمێکى کۆچبه‌ریی" گشتگیرى بۆ دیموکراته‌کان کردووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر په‌سه‌ندکردنى خه‌رجیى ئه‌و دیواره‌ى خوازیاره‌ له‌سه‌ر سنوورى نێوان ئه‌مریکا-مه‌کسیک دروستى بکات و بڕى پێنج ملیار و 700 ملیۆن دۆلارى تێده‌چێت.

سه‌باره‌ت به‌ دیواره‌که‌ى سه‌ر سنوورى مه‌کسیک که‌ بووه‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یران له‌ نێوان دیموکراته‌کان و دۆناڵد تره‌مپ-دا و سه‌ره‌نجام بووه‌ هۆى داخستنى حکوومه‌تى فیدڕاڵیی، تره‌مپ له‌ کۆشکى سپییه‌وه‌ له‌ په‌خشێکى راسته‌وخۆدا روونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌.

دوێنێ شه‌ممه‌ 11ى شه‌و به‌ کاتى هه‌رێمى کوردستان دۆناڵد تره‌مپ سه‌ره‌تاى قسه‌کانى به‌ باسکردنى هۆکاره‌کانى ئه‌وه‌ى بۆچى پێویسته‌ له‌سه‌ر سنوورى مه‌کسیک دیوارێک دروست بکرێت، ده‌ستپێکرد و وتی:" سیستمى کۆچ له‌ وڵاته‌که‌مان زۆر به‌ خراپى تێکچووه‌. پێویسته‌ ئێمه‌ ئه‌مه‌ چاک بکه‌ینه‌وه‌" و جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ به‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێک له‌ سنووره‌کانى باشوورى ئه‌مریکا ناتواندرێت به‌ باشى بپارێزرێن و ئه‌مه‌ش به‌ره‌وڕوویان ده‌کاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ کێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانى وه‌ک قاچاقخچێتییکردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى کۆچبه‌رى نایاسایى بۆ ئه‌مریکا.

"به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویسته‌ دیواره‌که‌ دروست بکرێت"
سه‌رۆکى ئه‌مریکا به‌ پێویستى زانیوه‌ که‌ ئه‌و دیواره‌ ده‌بێت دروست بکرێت و تیشکى خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بۆ دیموکراته‌کان که‌ تا ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان په‌سه‌ندنه‌کردووه‌، پلانێکى نوێى ئاماده‌کردووه‌ که‌ چه‌ندین به‌شى جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت.
له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و پلانه‌ى که‌ تره‌مپ پێشنیازى کردووه‌، مافه‌ یاساییه‌کانى ئه‌و منداڵانه‌ى که‌ له‌ لایه‌ن دایک و باوکیانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى نایاسایى هێنراونه‌ته‌ ئه‌مریکا و ژماره‌یان نزیکه‌ى ٧٠٠ هه‌زار منداڵه‌، بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ ده‌پارێزرێت و ئه‌و منداڵانه‌ دیپۆرت ناکرێنه‌وه‌.
سه‌رۆکى ئه‌مریکا هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردووه‌ مافه‌کانى کۆچبه‌ران که‌ له‌ چوارچێوه‌ى دۆخى پارێزبه‌ندیى کاتیى (TPS) له‌ ئه‌مریکا ده‌ژین، بۆ ماوه‌ى سێ ساڵى دیکه‌ درێژ ده‌که‌نه‌وه‌.
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ئه‌مریکا که‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى هه‌مان پلاندا پێشنیازى کردووه‌ میکانیزمێک به‌بڕى یه‌ک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دابنێن به‌ئامانجى به‌رگرتن له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌ سنووره‌وه‌ و فراوانکردنى ئه‌و هاوکاریه‌ مرۆییانه‌ى پێشکه‌ش به‌ کۆچبه‌ران ده‌کرێت.
هاوکات ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردووه‌ که‌ وه‌ک به‌شێکى هه‌موو ئه‌و قۆناغه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر بنیاتنانى دیواره‌که‌ که‌ پێنج ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارى تێده‌چێت.

ترامپ داواى رێکه‌وتن له‌ دیموکراته‌کان ده‌کات

دۆناڵد تره‌مپ رایگه‌یاند "ساڵانێکه‌ دیموکراته‌کان و کۆماریخوازه‌کانیش ئه‌مانه‌یان ده‌ویست، له‌م پلانه‌دا کۆمه‌ڵێک مادده‌ هه‌ن هه‌ردوو پارته‌که‌ ده‌یخوازن، له‌به‌رئه‌وه‌ با رێککه‌وتن بکرێت له‌سه‌ر ئه‌و پلانه‌ و هه‌رچى زووه‌ حکوومه‌ت بکرێته‌وه‌".
دۆناڵد تره‌مپ باسى له‌وه‌ کرد که‌ پرۆژه‌ یاساکه‌ به‌و پلانه‌ نوێیه‌وه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌بێته‌ رۆژه‌ڤى ئه‌نجوومه‌نى پیران و پێویسته‌ هه‌ردوو پارته‌که‌ پشتیوانى له‌و پلانه‌ بکه‌ن.
له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌، به‌رله‌ روونکردنه‌وه‌ فه‌رمییه‌که‌ى تره‌مپ، سه‌رکرده‌کانى پارتى دیموکراته‌کان رایانگه‌یاندبوو که‌ ئه‌و پلانه‌ په‌سه‌ند ناکه‌ن و دژى پشتیوانى دارایین بۆ دیواره‌که‌.
به‌ هۆى ناکۆکى له‌سه‌ر "دیوار" له‌ نێوان تره‌مپ و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا که‌ دیموکراته‌کان زۆرینه‌ن تیایدا ماوه‌ى ٢٩ رۆژه‌ حکوومه‌تى فیدراڵى ئه‌مریکا داخراوه‌ و زیانى 3 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارى له‌ حکومه‌تى ئه‌مریکا داوه‌ و 800 هه‌زار کارمه‌ند موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار