به‌هۆى پزیشکه‌که‌ى سلێمانیه‌وه فه‌رمانى ده‌ستگیرکردن بۆ سێ که‌س ده‌رکرا
6 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى ئاشکراى ده‌کات فه‌رمانى ده‌ستگیرکردن بۆ سێ که‌س ده‌رکراوه به‌هۆى لێدانى پزیشکه‌که‌ى سلێمانیه‌وه که دوێنێ شه‌و له شه‌قامى سالم روویدا.
سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" له‌سه‌ر روداوه‌که‌ى شه‌وى رابردوو که له پزیشکێک دراوه له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه سێ که‌س فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنیان بۆ ده‌رچووه".
هه‌روه‌ها وتیشى" ئه‌و که‌سانه هه‌ر ره‌نگ و که‌سێکبن ده‌ستگیر ده‌کرێن و دادگا ئیجرائاتى خۆى ده‌کات".
دوێنێ شه‌ممه 19ى کانونى دووه‌مى 2019 له شه‌قامى سالم له شه‌ودا هێرش ده‌کرێته سه‌ر دکتۆر به‌ختیار ئه‌مین له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه.
له‌باره‌ى چۆنێتى روداوه‌که‌وه، دکتۆر به‌ختیار ئه‌مین، له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" ئوتوبێلێک وه‌ستابوو له‌شه‌قامى سالم به‌رانبه‌ر مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى ته‌قه‌یان کرد به‌سه‌رمددا و فیشه‌کێکیان دا له قاچم که‌سێکیان هات و وتى رابکه به‌نیازى کوشتنى تۆن".
ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که ده‌موچاوى ئه‌و که‌سانه ده‌ناسێته‌وه، وتیشى" سکاڵام تۆمار کردووه لاى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى".
دکتۆر به‌ختیار ئه‌مین پزیشکى پسپۆرى جومگه‌یه له سلێمانى و چه‌ندین ساڵه عیاده‌ى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه و له نه‌خۆشخانه‌کانى حکومه‌تدا ده‌وامى نییه.
له به‌روارى 3ى 12ى 2018 دکتۆر که‌مال محه‌مه‌د له نۆرینگه‌که‌ى خۆى له شه‌قامى ئۆرزدى له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه ته‌قه‌ى لێکراو به سه‌ختى بریندار کرا، ئه‌وکات سه‌ندیکاى پزیشکان بۆ ماوه‌ى 24 کاتژمێر سه‌رجه‌م نۆرینگه‌کانیان به‌رووى نه‌خۆشدا داخست و داوایان کرد هێرش و په‌لاماردان بۆ سه‌ر پزیشکان رابگیرێت.
سه‌ندیکاى پزیشکانى سلێمانى ئیدانه‌ى روداوى ده‌ستدرێژى کردن بۆ سه‌ر پزیشکان ده‌که‌ن و له‌هه‌مانکاتدا ده‌ڵێن چاوه‌رێى لێکۆڵینه‌وه‌ى ده‌زگا ئه‌منییه‌کانن له‌سه‌ر روداوه‌که.
ته‌ها مه‌حوى، سه‌رۆکى سه‌ندیکاى پزیشکانى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به سایتى هاوڵاتى وت" ئه‌م رووداوه‌ى دکتۆر به‌ختیار جیاوازه له‌وه‌ى له‌مانگى رابدروو که هێرش کرایه سه‌ر دکتۆر که‌مال له‌شه‌قامى ئۆرزدى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌کاتى ده‌وام و نۆرینگه‌که‌یدا نه‌بووه‌و له شه‌قامێکدا بووه و هه‌موو که‌سێکیش قابیلى هێرش کردنه سه‌رى هه‌یه".
ناوبراو ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که ئیدانه‌ى ئه‌م رووداوه ده‌که‌ن و چاوه‌ڕێى لێکۆڵینه‌وه‌کانى پۆلیس‌و دادگا ده‌که‌ن.