هەولێرو بەغدا لەپرسێکی ئابووریدا هەوڵی نزیکبوونەوە دەدەن

هەردوو حکومەتی هەرێم‌و بەغدا بەڕێککەوتنێک هەوڵی بوژاندنەوەى جموجۆڵى بازرگانى دەدەن لەکاتێکدا هێشتا دڵنیایی لەجێبەجێکردنیدا نییە

6 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى

چەند پرسێکی ئابورى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەغداى لەیەکتر نزیککردووەتەوە، کە لەنێویاندا یەکخستنى پێناسەى گومرگى و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان هەیە، لەکاتێکدا هێشتا کێشە سیاسییەکانى نێوانیان کە دیارترینیان کێشەى ناوچە جێناکۆکەکانە بە هەڵواسراوى ماوەتەوە.

هەرێمی کوردستان لەدوای پێکهێنانی عێراقی نوێی دوای روخانی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣ چەندین کێشەی لەگەڵ بەغدا بۆ دروستبووەو بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، دیاترینیان پرسی نەوت و بودجەو پیشمەرگەو ناوچە جێناکۆکەکان بوون، بەڵام لەپرسە ئابووریەکان بەرەو بزیکبوونەوە دەچن.

رۆژى ١٥ى ئەم مانگە، دواى چەندین ساڵ لەناکۆکى، دواجار هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر یەکخستنى پێناسەى گومرگى لەخاڵە سنورییەکان رێککەوتن بەجۆرێک کەبەرژەوەندى هەردولاى تێدا رەچاوکراوەو تێکەڵەیەکە لەو یاساو رێنماییانەى پێشتر هەردوو حکومەتەکە بەجیا جێبەجێیان دەکرد.

رێککەوتنەکە لەچەندین خاڵ پێکهاتووە، کەدیارترینیان یەکخستنى پێناسەى گومرگییە لەخاڵە سنورییەکان و وەرگرتنى یەک بڕە پارە لەکاڵاى هاوردەکراو لەهەرێم و بەغدا، بۆ ئەوەى ئەو جیاوازییەى پێشوو نەمێنێت کە لەنێونیاندا بوو.

لەساڵانى رابردوودا عێراق یاسایەکى نوێی دەرکرد، بۆ رێکخستنى کاروبارى بازرگانى و گومرگى، بەڵام هەرێمى کوردستان پێوەى پابەندنەبوو، کارى بە رێنماییەکانى وەزارەتى دارایی هەرێم دەکرد، ئەوەش هەمیشە جێگەى ناکۆکى نێوان هەردوو حکومەتەکە بوو.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەرێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان بە ‌هاوڵاتى راگەیاند، ئەو پێناسە گومرگییەى کە رێککەوتنى لەسەر کراوە، نە ئەوەى هەرێمە نە ئەوەى بەغدا، بەڵکو پێناسێکى تێکەڵە و ئەوەى هەرێم کراوەتە بنەما.

ماوەى مانگێک دانراوە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، ساماڵ عەبدولرەحمان وتی «لەئێستاشدا لیژنەکان لەکاردان بۆ ئەوەى وردەکاریی رێککەوتنەکان لەسەر ئاستە جیاجیاکان جێبەجێ بکەن».

لەڕێککەوتنەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، رێژه‌ی پێناسی گومرگی یه‌کخراو به‌پێی ئەو لیستانە دەبێت کە رێککەوتنی لەسەر کراوە بەپێی ‌نووسراوی وه‌زاره‌تی دارایی ژماره‌ 29931 له‌ به‌رواری 21/11/2018 و لە ماوەیەک کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت پێداچوونەوەی پێدادەکرێت، لە بەرواری دەرکردنی ئەو بڕیارەوە.

هەرێمى کوردستان و عێراق خاوەنى چەندین دەروازەى نێودەوڵەتین کە رۆژانە جموجۆڵى بازرگانى فراوان بەخۆیانەوە دەبینن، دەروازە پڕ جموجۆڵەکانى نێوان عێراق لەگەڵ تورکیاو ئێرانى دراوسێی دەکەونە هەرێمى کوردستانەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵى حکومەتى هەرێمى کوردستاندایەو سەرچاوەیەکى دەستکەوتنى داهاتە لەلایەن هەرێمەوە.

بەپێی رێککەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا، دامەزراوەى تایبەت بە بەرێوەبردنى دەروازە سنورییەکان لە رووى کارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا، کە داوایەکى بەردەوامى حکومەتى ناوەندى بووە لەهەرێم بۆ ئەوەى دەسەڵاتى خۆى بەسەر سەرجەم دەروازەکاندا بسەپینێت.

ساماڵ عەبدورەحمان وتى «ئەو دامەزراوە و فەرمانبەرەکانى لەرووى گارگێڕییەوە دەبەسترێنەوە بەبەغداوە، بەڵام کاروبارى گومرگى و خاڵە سنورییەکان هەر پەیوەستدەبن بە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم و بەپێی رێنماییەکانى ئەو وەزارەتە کاردەکەن».

لەگەڵ رێککەوتن لەبارەى یەکخستنى پێناسەى گومرگى، هەرێم و بەغدا لەسەر هەڵگرتنى ئەو خاڵە سنورییانەش رێککەوتوون کە بەغدا لەدواى پرۆسەى ریفراندۆمەوە لەناوچەکانى کەرکوک و موسڵ لەنێوان پارێزگاکانى هەرێم و عێراقدا داینابوون.

ئەو خاڵانە پێکهاتوون لە (فایدە، شێراوە لەباکورى کەرکوک، لەیلان لەرۆژهەڵاتى کەرکوک) کە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقدان.
ئەو خاڵانە بەهۆکارێکى کەمکردنەوەى جوڵەى بازرگانى و پەکخستنى کارە بازرگانییەکان دادەنران، بەوپێیەى بازرگانان دووجار دەبوو گومرگ بدەن، هەرێمى کوردستانیش بەردەوام داواى لابردنى ئەو خاڵانەى دەرکردو بە نایاسایی و نادەستورى ناوى دەبرد.

بەرێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم جەختیکردەوە، بەپێی رێککەوتنە دەبێت حکومەتى عێراق ئەو خاڵە گومرگیانە لاببات، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقیش بڕیارەکەى دەرکردووە، ئەوەش کاریگەرى باشى دەبێت لەسەر بوژاندنەوەى جموجۆڵى بازرگانى.

وتیشى «ئەگەر حکومەتى عێراق ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات، کاریگەرى لەسەر میسداقیەتى دروستدەکات، چونکە لەبڕیارەکاندا بە روونى هاتووە کەدەبێت خاڵەکان لاببرێن».

بەهۆى دانانى ئەو خاڵانەوە، بەشێک لەبازرگانان بۆ دەربازبوون لەپێدانى دووجار گومرگ، ناچاربوون روبکەنە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بۆ هارودەکردنى کاڵا، ئەوەش جوڵەى بازرگانى هەرێمى کەمکردبووەوە.

رێککەوتنەکە ٣٠ رۆژى دیاریکردووە بۆ ئەوەى وەزارەتى بازرگانى هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا لەسەر کاروبارە بازرگانییەکان بگەنە رێککەوتن، بەجۆرێک کۆنتڕۆڵى شمەک و پشکنینەکانى کەلوپەلى هاوردە، یاسا بەرکارەکانى وەبەرهێنانى عێراق لەسەرجەم خاڵە سنورییەکان وەک یەک جێبەجێ بکرێن.

نەوزاد ئەدهەم بەرێوەبەرى گشتى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم بە ‌هاوڵاتى وت «رێککەوتنەکە لەسەر پێناسەى گومرگى و لابردنى خاڵە گومرگییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و ماوەتەوە جێبەجێ بکرێت، لەکاتى جێبەجێکردنیشیدا کاریگەرى لەسەر جوڵەى بازرگانى دروستدەکات».

وتیشى «تا ئیستا بەدیاریکراوى ناتوانین رادەى کاریگەرییەکە بزانین، چونکە دەبێت بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە تائێستا دیار نییە جێبەجێ دەکرێت یان نا».

لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سەرەڕاى هەڵگرتنى خاڵە گومرگییەکانى نێوان پارێزگاکانى هەرێم و بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق ده‌سته‌ی گشتیی گومرگه‌کان کاری چاودێری خۆی دەکات بەهەماهەنگى لەگەڵ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و هەندێ جار دەورییەی کاتی ‌ له‌ رێگە سه‌ره‌کییه‌کاندا دادەنرێت بۆ به‌دواداچوون و چاودێریکردنی مامه‌ڵه‌ گومرگییه‌کانی کاڵا‌ هاوردەکراوەکان، هەروەها دانانی خاڵ بۆ پەیوەندی ئەلیکترۆنی لەگەڵ ناوەندە گومرگییەکان لەبەرچاودەگیرێت، تائه‌و کاته‌ی پرۆژه‌ی نوێکردنه‌وه‌ی پێناسه‌ گومرگییه‌کانی بەکۆتا دێن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنه‌ی کاروباری ئابووری، دەرکردنی رێکاری پێویست بۆ یەکخستنی رێکارەکانی بازرگانیکردن به‌زێڕ و کانزا گرانبه‌هاکان له‌عێراق دەردەکات، بەهەماهەنگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق و ده‌سته‌ی گشتیی گومرگه‌کان و ده‌سته‌ی گشتیی باجه‌کانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌زگای ناوه‌ندیی کۆنترۆڵی جۆری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان.
هەروەها جەختکراوەتەوە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەسەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات بەپێی یاسای کارپێکراوی وەزارەتی گواستنەوە لەرێگەی ئاسانکاریکردن بۆ کاری ئەو بەشانەی پەیوەندیدارن (کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌ی وشکانیی، کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی گه‌شتیاران و شانده‌کان و کۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌ی تایبه‌ت)، دوای هەماهەنگى و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ نێوان نوێنه‌رانی حکومه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کان بۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ماوه‌ی مانگێکدا، له‌دوای ده‌رکردنی بڕیاره‌که‌وە.

ئەمە یەکەم رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدایە لەسەر پرسە ئابورییەکان، لەدواى خراپبوونى پەیوەندییەکانیانەوە بەهۆى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستانەوە بۆ سەربەخۆیى و جیابونەوە لەعێراق، کە بەهۆیەوە بەغدا گەمارۆى خستە سەر هەرێمى کوردستان و تەواوى پەیوەندییەکانیان پچڕان.

پێدەچێت ئەمە سەرەتاى رێککەوتنێکى گشتگیر بێت لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا، بەتایبەت کە دواى باشبوونى پەیوەندییەکانیان دێت لەچەندین بواردا بەتایبەتى لەپرسە ئابورییەکاندا و هەرێمى کوردستانیش هیواى هەیە کێشەکانى لەگەڵ حکومەتى نوێی عێراق بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى چارەسەر بکات.

لەدواى دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆک وەزیران، عادل عەبدولمەهدى کە بەدۆستى کورد دادەنرێت، خواستى خۆى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان نیشانداوە، بەڵام تائێستا بەشێکى کێشەکان بەتایبەتى کێشە سیاسییەکان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار