مافیای كورد و ئەفغانی سنووری نێوان فەڕەنساو بەریتانیا كۆنتڕۆڵ دەكەن
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى، كاوە ڕەش- بەریتانیا
بەدواداچونی نهێنی ڕۆژنامەوانی میدیاکانی بەریتانیا
دوای ئەوەی باوكێكی ئێرانی سكاڵاو زەحمەتییەكانی نێو كامپی كاڵاس بەڕۆژنامەی (زەسەن)ی بەریتانی دەگەیەنێت، ڕۆژنامەكە تیمێكی خۆی بەنهێنی دەنێرێتە نێو پەنابەرو قاچاغچیەكان، كە وەها خۆیان نیشان دەدەن كە ئەوانیش پەنابەرن و نیازی پەڕینەوەیان لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا هەیە.
تیمەكە دەڵێن ئەوانەی كاری قاچاغچییەتی بە مرۆڤەوە دەكەن، تەنها ئامانجیان دەستكەوتنی زۆرترین داهاتەو هیچ دەربەستی سەلامەتی گیانی پەنابەرەكان نین. بەپێی گێڕانەوەكانی زەسەنی بەریتانی، زۆربەی قاچاغچیەكانی كاڵاس و دانكیغ پێكدێن لە مافیاكانی كوردو ئەفغانی. ئەوان دەڵێن بەشێك لەقاچاغچیەكان چەقۆو چەك و تەقەمەنیان هەڵگرتوە زۆرجار ڕووبەڕوی یەكتر بونەوە لەناو خۆیاندا.
نرخی پەڕینەوە بە بەلەمی چوب
ڕۆژنامەوانەكان كەوەك پەنابەر چوبونەتە كامپی كاڵاس دەڵێن «ئێمە كەوەك نەفەری پەنابەر مامەڵەمان دەكرد، قاچاغچیەكان ئێمەیان ناردە لای دوو قاچاغچی ئەفغانی، بەناوی مەزهەری و وەتەن، دواتر بردیانین بۆ چادرێكی بچوك لەناو جەنگەڵستانەكە كە كوڕێكی دیكەی لێ بو، بەناوی ئەنام، ئەو وتی; خەمتان نەبی بەبەلەم دەتان گەیەنمە ئەوبەر».
ئەنام كە تەمەنی ٢٨ ساڵ بو دەیگوت «لەگەڵ قاچاغچی دیكە پێكەوە ئیش دەكەین كەئەوان لەناو بەریتانیان و هەرگیز ناوی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشكرا ناكەن».
ئەنام بە نەفەرەكان دەڵێ بۆ پەڕینەوە بە بەلەمی خێرا ٦هەزار پاوەند دەبێ بدەی لێرە كاش وەرناگرین، دەبێت كەسێكت لە لەندەن پارەكە بداتە خاوەنی ڕێستۆرانتێك، كەئێمە ناونیشانەكەت دەدەینێ بۆئەوەی كەگەیشتی پارەكە وەربگرین.
بەقسەی قاچاغچیەكە ٦٠ میل (زیاتر لە ٩٥ کیلۆمەتر) لەولای بەندەری كاڵاسەوە بەلەمی چوب كە ماتۆڕێكی لێ بەستراوە دەداتە دەست پەنابەرەكان و پێیان دەڵێ ڕاست بڕۆن، وەك خۆی دەڵێ «ئێمە سی لیتر بەنزین كەزیادیشە دەیاندەینێی و كاری ئێمە تەنها هێنانی بەلەمەكەیە بۆ ناو ئاوەكە، پاڵیان پێوە دەنێن و ڕێگاكەیان نیشاند دەدەین، پێان دەڵێین كەچۆن ڕێك بۆ نزیك شارۆچكەی (فۆلكستۆن) نەك بۆ دۆڤەر) چونكە ئەوێ پۆلیسی لێ نیە»
بە وتەی قاچەغچیەكە، هەرزانترین نرخیش بۆ هەر نەفەرێك ٢٥٠٠پاوەند وەردەگرن، كەئەویش ترسناكترین ڕێگایە، پەڕینەوەیە بەخۆشاردنەوە لەناو لۆری.
ئەنام ئاماژە بەشێوازێكی دیكەی گەیاندنی پەنابەری نایاسایی دەكات، كە ئەویش لەڕێگای لۆرییە بارهەڵگرەكانی خۆرهەڵاتی ئەورپاوەیە بۆ ناو بەریتانیا.
ئەو دەڵێ ٣هەزار پاوەند بۆ هەر نەفەرێك دەدەم بە شوفێرە پۆڵۆنی و ڕۆمانییەكان كاتێك نەفەرێك لەناو لۆرییەكەیان دەشارنەوە بۆ بەریتانیا، منیش لەهەر نەفەرێك ٦بۆ ٧هەزار پاوەند وەردەگرم.
خەڵكی پۆڵۆنیاو ڕۆمانیا بەدوو مانگ ٨٠٠ پاوەند پەیدا دەكەن، كاتێك بۆ یەك نەفەر ٣هەزار پاوەندیان دەدەمێ، لەخۆشیان هەڵدەپەڕن و سەما دەكەن، بەقسەی قاچاغچیەكە كە وادەڵێ.
دەزگای تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێ «سوپاسی ڕۆژنامەی زەسەن دەكەین بۆ ئەو بەدواداچونەیان، لەسەر ئەو تاوانەی كەبەشێوەیەكی نایاسایی و ترسناك، لەسەر هێنانی پەنابەری نایاسایی دەكرێت لەلایەن قاچاغچی و مافیاكانەوە.»
هەرەها قسەكەری دەزگای تاوانی نیشتیمانی دەڵێ «ئێمە بەشێوەیەكی وررد بەدواداچون بۆ ئەو تاوانەو زانیارییەكان دەكەین، لەپێناو وەستانی كارە تاوانكاری و مافیاكانی قاچاغچیەكان».
بۆچی ئێرانییەكان بەلێشاو دەیانەوێ بگەنە بەریتانیا
لەماوەی سێ هەفتەدا، زیاد لەسەد پەنابەر بەڕێگای ترسناك و بەلەمی چوپەوە خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا، كەزۆربەیان خۆیان! بەئێرانی ناساندوە، جگە لەبەشێكی تر كە گوتویانە عێراقین.
لەو كاتەوەی وڵاتانی باڵكانی وەك ئەلبانیاو سربیا، كە ساڵی ڕابردوو لەمانگی ئۆگێست بەبێ فیزا دەرگایان بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی واڵا كردوە.
باوەڕ وایە نزیكەی ٤٠ هەزار هاوڵاتی ئێرانی ڕوویان لەوڵاتانی باڵكان كردوە، لەوێشەوە بۆ سنورەكانی ئەوروپا دێن و دەیانەوێ بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵە ناوخۆییەكانی ئێران، گەشتی فڕۆكەی نێوان تاران و بێڵگراد، لەئێرانەوە بەپڕی و تەواوی سەرنشینەوە دەڕوات بەڵام لەوسەرەوە بە بەتاڵی دەگەڕێتەوە.