کورد لەسەر چوونەدەرەوەی ھێزە بیانییەکان یەکدەنگ نییە
دەنگی ناڕەزایەتی لەنێو ماڵی شیعە بەرزبۆتەوە بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکاو تورکیا لەعێراق، بەڵام کورد ھەڵوێستی روونیان نییە
6 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆچوونی جیاجیا و ناڕونیان ھەیە لەسەر وروژاندنی پرسی کردنە دەرەوەی ھێزە بیانییەکان لەخاکی عێراق، ئەگەرچی لەگەڵ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکادان بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتەکە.
لەئێستادا پرسی چونە دەرەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق بووەتەوە پرسێکی گەرم لەشەقامی عێراقیدا و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان جموجۆڵیان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە.
فراکسیۆنی سائیرون کە سەر بە رەوتی سەدری موقتەدا سەدرە و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە، پڕۆژە یاسایەکی لەو بارەیەوە ئامادەکردووە کە تێیدا جەخت لە چونە دەرەوەی ھێزە بیانیەکان لەسەرووی ھەموویانەوە ھێزەکانی ئەمریکا دەکەنەوە.
فراکسیۆنەکە لەپرۆژە یاساکەدا داوایکردووە کۆتایی بھێنرێت بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و واشنتۆن کە ساڵی ٢٠٠٨ لەنێوانیان واژۆکرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە رەوایەتی دراوە بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی رژێمی سەدام حوسەینەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بونیان ھەیە کە یەکێک لە کارەکانیان پشتیوانیکردنی ھێزە عێراقییەکانە، لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و ھێرشەکانی داعش ھێزی زیاتری بیانی لەعێراق جێگیرکراون.
پرۆژە یاساکە لەلایەن ھەندێک لە گروپەکانی حەشدی شەعبی و لایەنەکانی نزیک لە ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام ھێشتا نەخراوەتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە بۆ تاوتوێکردنی.
سەباح ساعیدی سەرۆکی ھاوپەیمانی سائیرون لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشنیاری ئەوەیان کردووە کۆتایی بھێنرێت بە رێککەوتننامەی سۆفا و ھەڵوەشاندنەوەی بەندی سێیەمی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، بۆ رێکخستنی پرۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەلایەک و رێکخستنی ھاریکاری سەربازی لەلایەکی دیکە.
تا ئێستا دیار نییە ئەو پرۆژەیە سەردەگرێت یاخود نا، ھەرچەندە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا چەند پەرلەمانتارێکی شیعە بەردەوام داوای چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکایان دەکرد، بەڵام داواکانیان پشتیوانی بەھێزی نەبوو تا جێگەی خۆی بگرێت.
فراکسیۆنە کوردییەکان کە جگە لە پرۆژەی بودجە، لەسەر زۆربەی پرسەکانی دیکەدا بۆچونی جیاوازیان ھەبووە و لەم خولەی پەرلەماندا پەرتەوازەن، لەسەر پرسی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان جۆرێک لە بێدەنگیان ھەڵبژاردووە و ھەڵویستی فەرمیان لەسەر دەرنەبریوە.
مەیادە نەجار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە ھاوڵاتی راگەیاند، تا ئێستا نەک فراکسیۆنە کوردییەکان کۆنەبووەنەتەوە بۆ ئەوەی ھەڵویستێکی یەکگرتوو لەو بارەیەوە دەرببڕن.
وتیشی «پێمانوایە تا مەترسی بمێنێت، مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەخاکی عێراق پێویستە».
مەیادە نەجار باسی لەوەشکرد، وروژاندنی ئەو پرسە لە ئێستادا زیاتر پەیوەندی بە ناتەبایی ماڵی شیعەکانەوە ھەیە و ھێشتا نەبووەتە پرسێکی زۆر بەربڵاو کە ھەڵوێستەی لەسەر بکرێت.
ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە پێنج ھەزار سەرباز دەخەمڵێنرێت، کە لەچەند شوینێکی عێراق و ھەرێمی کوردستان جێگیربوون.
وروژاندنی پرسی چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھاوکاتە لەگەڵ پرسی سەرھەڵدانەوەی جموجۆڵی داعش بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان لەرێگەی ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و رفاندنی خەڵک و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانەوە.
بەپێی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی، لەدوای راگەیاندی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعشدا لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧، داعش ١٢٠٠ ھێرشی ئەنجامداوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ٢٧ی ئەم مانگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند «تا داعش لەم وڵاتە ھەبێ کە ئێستا ھەیە و جددیشە، ھێزەکانی ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی ھێزەکانی عێراقی پێویستە لەم وڵاتە بمێننەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی عێراق بۆ نەھێشتنی داعش، چونکە خوانەکردە ئەگەر جارێکی دیکە داعش بەو شیوەیەی جاران سەرھەڵبداتەوە، کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق دروست دەبێ».
وتیشی «نابێ لەبیرمان بچێت، داعش تا دەروازەی بەغدا ھات، ھەروەھا زۆر نزیک بووەوە لە ھەولێر، بۆیە یارمەتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بوو لەسەروویانەوە ئەمەریکا کە بووە ھۆی شکستی داعش. مەترسیی داعش کۆتایی نەھاتووە و پێمان وایە ھەتا نەمانی مەترسیی داعش، عێراق پێویستیی بەوە ھەیە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەم وڵاتە بمێننەوە».
سەرەڕای بوونی سەربازانی ئەمریکی لە عیراق، بەڵام دەسەڵاتدارانی عیراق دەلێن کە ئەو وڵاتە لە ئێستادا بنکەی سەربازی تایبەت بەخۆی نییە و لەسەربازگە عێراقییەکان بونیان ھەیە.
عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم مانگەدا جەختیکردەوە کە ئەمریکا لە ئێستادا ھیچ بنکەیەکی سەربازی تایبەت بە سەربازەکانی نییە، بەڵکو سەربازانی ئەمریکا لەو سەربازگانە جێگیربون کە سەربازگەی عێراقین.
حەسەن ئالی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ھاوڵاتی راگەیاند، ھەرکاتێک مەترسی داعش کەمدەبێتەوە، بەشێک لە ھێزە عێراقییەکان دەستدەکەن بە «موزایەدە و دروشمی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان» بەرزدەکەنەوە، کاتێکیش مەترسی سەرھەڵدەداتەوە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ وڵاتان پەرەپێدەدەن و رێگەخۆشدەکەن بۆ ئەوەی ھێزەکانیان ببەنە عێراق.
وتیشی «وڵاتانی بیانی بەرژەوەندییان لە عێراق ھەیە، بۆیە داوای کردنە دەرەوەیان دورە لە واقیعەوە، ھەرچەندە ھەموو کەسێک لەرووی مەبدەئییەوە پێی خۆشە ھەموو ھێزە بیانییەکان بچنە دەرەوە».
جگە لە ھێزەکانی ئەمریکا، ھەریەکە لە تورکیا و ئێران ھێزیان لەسەر خاکی عێراق ھەیە، بەڵام داواکان لە ئێستادا زیاتر بۆ چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە لەو وڵاتە کە ھێشتا بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت.
غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ھاوڵاتی باسی لەوەکرد، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان ھێزەکانی تورکیا لەعێراق بچنە دەرەوە، بەڵام ئەگەر باسی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بێت ئەوان لەگەڵیدا نین، چونکە سودیان بە عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە و ئەگەر ئەوان نەبونایە داعش دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکاندا دەگرت.
وتیشی «فراکسیۆنە کوردییەکان لەوپرسەدا یەکدەنگ نابن، چونکە بەشێکمان لەگەڵ ئەوەداین ھێزەکانی تورکیا بچنە دەرەوە، بەڵام فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەدا نییە».
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە، پێناچێت ئەو ھەوڵەی ئێستا سەربگرێت، چونکە ئەمریکا بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق ھێزی جێگیرکردووە، بارودۆخەکەش وادەخوازێت بمێنێتەوە، چونکە داعش سەریھەڵداوەتەوە.
جگە لە نەبوونی ھەڵوێستێکی یەکگرتووی فراکسیۆنە کوردییەکان لەو بارەیەوە، ھێشتا فراکسیۆنە شیعییەکانیش یەکدەنگ نین و ناکۆکییان ھەیە لەنێوانیاندا. تا ئێستاش ئەمریکا بەفەرمی ھیچ ھەڵوێستێکی لەبارەی ئەو پرسەوە رانەگەیاندووە.
غالب محەمەد وتی «سائیرون دەڵێت با راوێژکارەکان بمێننەوە، فەتح دەڵێت باھەموویان لەعێراق بچنە دەرەوە، ئەم ناکۆکییەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەوڵەکە سەرنەگرێت».