رێککەوتنێکی کۆن ھەڕەشە لەچارەنووسی رۆژئاوای کوردستان دەکات

ساڵح موسلیم بۆ ‌ھاوڵاتی: گەلی سوریا کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەدەنە قبووڵ ناکات

6 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

ڕێککەوتنێک کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر لەنێوان تورکیا و روسیا واژۆکراوە، مەترسی لەسەر چارەنوسی رۆژئاوای کوردستان دروستکردووە، پێش دەستپێکردنی دانوستانی چاوەڕوانکراوی نێوان کورد و دیمەشق بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەر.

ڕێککەوتنەکە کە بە رێککەوتنی ئەدەنە ناسراوە، لە تەمموزی ١٩٩٨ لەنێوان ھەردوو حکومەتی تورکیا و سوریا واژۆکرا، بەمەبەستی دورکەوتنەوە لەشەڕ، دوای ئەوەی تورکیا ھێزێکی زۆری لەسەر سنوری سوریا کۆکردەوە و ھەڕەشەی لەشکرکێشی دەکرد.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، رێگە بە ئەنقەرە دەدرێت بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر بچێتە باکوری سوریا، کە زۆربەی ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە خۆدەگرێت بەوپێیەی ئەو ناوچانە دەکەونە سەر سنوری نێوان ھەردوو وڵات و ھاوسنورن لەگەڵ تورکیا.

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) بە ‌ھاوڵاتی راگەیاند «ھیچ پێکھاتەیەکی گەلی سوریا کاراکردنەوەی ئەو رێککەوتنە قبوڵناکات، چونکە رێککەوتنەکە خراپە و رێگە بە تورکیا دەدات بچێتە خاکی سوریاوە».

رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە و لەکۆبوونەوەی نێوان ھەردوو سەرۆکی روسیا و تورکیادا کاراکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە تاوتوێکرا، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و سوریا.

دوای کۆبوونەوەکە، ئەردۆغان جەختیکردەوە ھێشتا ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق لەکاردایە و جەخت لەسەر پابەندبوون بەو ڕێککەوتنە دەکەنەوە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، پەکەکە بە رێکخراوێکی «تیرۆریستی» دادەنرێت، لەبەرامبەردا تورکیا داندەنێت بە شەرعیەتی حکومەتی سوریا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، ھەر کاراکردنەوەیەکی ئەو رێککەوتنەکە دەبێت لەڕێگەی رێکخستنەوەی کارەکان تایبەت بە سنور بێت لەنێوان ھەردوو وڵات و تورکیا چیتر پشتیوانی گروپە چەکدارەکان نەکات و ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە.

سەرەڕای ئەو ھەڵوێستەی سوریا، روسیای ھاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد داوای لەھەردوو حکومەتی ئەنقەرە و دیمەشق کردووە کاربکەن بۆ کاراکردنەوەی ئەو رێککەوتنە.

سێرگی لافرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ھەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوەکردبوو، دەکرێت روسیا و تورکیا رێککەوتنی ئەدەنە بەکاربھێنن بۆ دابینکردنی ئارامی لەسەر سنورەکانی نێوانیان و گرنگە ھەردوولا لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکەن.

ساڵح موسلیم وتی «تائێستا دیار نییە ئەو ڕێککەوتنە کارادەکرێتەوە یاخود نا، بەڵام ئێمە رەتیدەکەینەوە».

لەئەگەری کاراکردنەوەیدا مەترسی راستەقینە دەکەوێتە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ئەو ناوچانە، کە لەدوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لەلایەن کوردانی رۆژئاواوە راگەیەنراوە.

کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە پاڵپشتی مۆسکۆ، بە ھەوڵێک لێکدەدرێتەوە بۆ شکستپێھێنان بە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا لەلایەن ئەمریکاوە، لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی لەو وڵاتە. تا ئێستاش ئەمریکا ھیچ ھەڵوێستێکی لەو بارەیەوە نیشان نەداوە.

پرسی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەدەنە لەنێوان تورکیا و سوریا لەکاتێکدایە، کوردانی رۆژئاوای کوردستان چاوەڕوانی دەستپێکردنی دانوستانی فەرمین لەگەڵ دیمەشق بۆ رێککەوتن لەسەر چارەنوسی ناوچەکانیان کە نزیکەی لەسەدا ٣٠ خاکی سوریا پێکدەھێنێت.

رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، سیپان حەمۆ فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، پێشبینی کردبوو بەم نزیکانە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا دەستپێبکات، دوای ئەوەی سوریا وەڵامی ئیجابی ھەبووە بۆ داواکانیان.

کوردانی رۆژئاوای کوردستان نەخشە رێگایەکیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن رادەستی سوریا کردووە، کە تێیدا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد و پێکھاتەکانی دیکە، لەناویاندا مافی خوێندن بە زمانی دایک و پاراستنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری.

ئامانجی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لەئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ سوریا، خۆدورخستنەوەیە لە مەترسییەکانی تورکیا لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانیان.

ساڵح موسلیم وتی «ھێشتا دیار نییە دانوستانەکان کەی دەستپێدەکات، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئەنجومەنی سوریای دیموکراتەوە ھەیە نەک پەیەدە».

ھەرچەندە دەسەڵاتدارانی سوریا جەخت لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خاکی وڵاتەکەیان دەکەنەوە کە لە ئێستادا سێ یەکی لەژێر دەستی شەڕڤانانی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، بەڵام بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان جەختدەکەنەوە کە بارودۆخی سوریا ناگەڕێتەوە پێش سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١ و دەیانەوێت لەگەری رێککەوتنیان لەگەڵ ئەسەد سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بپارێزن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار