مووچە هێشتا لەقوڕگی شێردایە

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی: شاناز حەسەن، ناسر تاهیر

مامۆستا توانا لە دەوامەکەی تاقی بەیانی گەڕایەوەو سواری ئۆتۆمبێلە کەپسە پڕ رۆن و برنج و شەکرەکەی بوو، دەرچوو بۆ کۆڵانەکان، ئەوەندەی نەبرد ئەو پیاوو ژنانە لە دەوری کۆبوونەوە کە چەند کاتژمێرێک پێشتر منداڵەکانیان لای ئەو دەیانخوێند.

توانا تهمهنی ٤٨ساڵە، که ١٤ساڵە مامۆستایه‌ خاوەنی چوار منداڵە، دهستى  داوهته فرۆشتنى وشکەو پێداویستیەکانی ماڵان لە خوارد ن و پاککەرەوەو برنج و رۆن و ئەو شتانەی لە مەتبەخی ماڵەکاندا بەکاردەهێنرێن.

توانا وتی «کۆڵان به کۆڵان دهگهڕێم، بۆ ئهوهى دینارێکم دهست بکهوێت، متمانەم بە حکومەت نەماوە مووچەکەمان چاک بکات».

بڕیارەکەی توانا دوای ئەوەهات حکومەتی هەریمی کوردستان بڕیاریدا سیستمی پاشەکەوتی مووچە پەیڕەو بکات، ئەوەش زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە کە بەپێی سیستمەکە حکومەت رێژەیەک لە مووچەکانیان گلدەداتەوەو پێی وتوون هەرکات لەژێر قەیرانی دارایی دەرچوو، هەروەها پارەی هەبێ دەیانداتەوە.

بەڵام ئەمە بۆتە بارێکی قورس بۆ سەر شانی مامۆستا تواناو فەرمانبەران و مامۆستایانی تر کە ناتوانن بەو پارەیەی وەریدەگرن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق مانگی رابردوو موچەی پەسەند کردو تێیدا پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابینکردوە، بەڵام هێشتا مامۆستایانی هاوشێوەی تواناو فەرمانبەران دڵنیانین مووچەکانیان بەتەواوەتی وەردەگرن و گومانیان هەیە حکومەتە لەسەر سیستمی گلدانەوەی بەشێک لە پارەکانیان بەردەوام بێت.

مامۆستا توانا وتی «هیچ دڵخۆش نیم به لابردنى پاشهکهوتى موچه که باس دهکرێت، چونکه حکومهت سیقهى نهماوهو مانگێکیش وهریگرم بێ پاشهکهوت، ئینجا سیقه دهکهم بڕیارێکیان دابێت لهبهرژهوهندى خهڵک».

دووشەممەی رابردوو  بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەو بودجەیەی پەسەند کرد کەتێیدا مووچەی فەرمانبەرانی تێدا جیگیرکراوە، بەوەش بوو بەیاساو حکومەت پابەند دەکات کاری پێبکات، بەڵام هێشتا ئەمە نەبۆتە هۆی دڵخۆشیەکی جێگیر بۆ فەرمانبەران.

ناسکه حەسەن فهرمانبهرێکەو له دواى سیستمی پاشهکهوتى مـوچهوه، ناچار بووه ئیشێکى تر بکات و خێزانه شهش کهسیهکهى بهخێوکات، بەڵام ئەمەش بۆ ئاسکە ئاسان نەبوو لە بازاڕێکدا کە کارکردن تێیدا بۆ ژنان قورسترە لەپیاوان.

ناسکە باوکی لەدەستداوە، خۆیشی کچەی گەورەی ماڵەوەیانە، هەربۆیە دەبێت خەرجی دایک و چوار خوشکە بچوکەکەی و نەنکیشی لەئەستۆبگرێت. بەڵام ئەمە ئاسان نیە بۆ ئەو لەکاتێکدا بەشیک لە مووچەکەی پاشەکەوت کراوە.

ناسکه وتی «ئەوەی زۆر بەلامەوە جێی داخە، حکومهت موچهکهى خۆشیم پێنادات، کە ئەوە حەقێکی خۆمانە«.

ناسکه لهدواى تهواوبونى دهوامه حکومیهکهی،  بههیلاکی  لهوێوه دهچیته  ساڵۆنێک و ڕۆژانه لهکاتژمێر یهکهوه تا پێنجى ئێواره بهبێ وهستان به 10ههزار دیناری رۆژانە کاردهکات.

ئەو لەلایەک دوکانهکهی پاک دەکردەوەو لهلایهکى تریشەوە قژى بۆ خانمهکان بۆیاخ دەکرد، هەروەها وەڵامی ئەو خانمانەشی دەدایەوە کە لەپشتییەوە بەڕیز وەستابوون و چاوەڕێبوون ئەوانیش قژیان بخەنە بەردەستی تاکو بۆیەی بکات.

ناوبەناو وەستاکەشی بانگی دەکردو وەڵامی ئەویشی دەدایەوە، لەکاتی کارکردندا هیلاکیهکى زۆر بەناو چاوهکانیەوە دیاربوو، ئاخێکی هەڵکێشاو وتی «ئهمه ژیان نیه، دهرده سهرییه«.

ناسکە پێى وابوو بهخێوکردنى خێزانێکى شهش کەسی لەپاڵ سیستمی پاشەکەوتی مووچە «کارێکى قورسه»، بەتایبەتی  بۆ کچێک کە هێشتا خەونی ئەوەی هەیە هاوسەرگیری بکات و بچێتە ماڵی خۆی. لەکاتێکدا ئەو دەبێت بەو پارە کەمەی کە وەریدەگرێت خوشکە بچووکەکانی گەورە بکات.

لەگەڵ ئەو هەواڵانەش کە باس لەهەڵگرتنی سیستمە ماندوکەرەکەی سەرشانی فەرمانبەران دەکەن بەڵام هیچ کات بەم هەواڵانە ناسکە دڵخۆش ناکەن، بەو پێییەی پیشتریش ئەو جۆرە بەڵێنانە دراون وجێبەجێ نەکراون.

ناسکە وتی «موچەکەی خۆم بەتەواوی پێبدەن، مەمنونم، هاوکاری حوکمەتم ناوێت».

پاشەکەوتی مووچە کە تەواو تەنگی بە فەرمانبەران هەڵچنیوە دەیان جار مووچەخۆرانی هێنایە سەر شەقام لەساڵانی رابردوودا، بەرپرسانیش درکیان بەوە کردوە کە ئەمساڵ ئەگەر شتێک بە شتێک نەکەن رەنگە دۆخەکە بتەقێتەوە لەکاتێکدا دەنگی ناڕەزایەتی و بایکۆت کردنی قوتابخانەکان لەلایەن مامۆستایانەوە ئەگەرێکی دوور نیە.

عهتا ئهحمهد جیگرى سهرۆکى یهکێتى مامۆستایان وتى «مامۆستا متمانهى بههیچ بەڵێنێکی حکومەت نهماوه، هیوادارم بەڵێنەکانیان بهکردارى جێبهجێ بکەن، پێش ئهوهى مامۆستاو فهرمانبهران ناڕهزایى دهربڕن».

هەروەها وتی ئەگەر دوای بەڵێنەکانی ئەم دواییانە پاشهکهوت ههڵنهگیرێت «بهدڵنیاییهوه» ناڕهزایى و بایکۆتى ناوهندهکانى خوێندن دهستپێدهکاتهوه. وەک ساڵانی رابردوو کە بەهۆیە چەند مانگێک دەوامی قوتابخانەکان فەوتان.

عهتا ئهحمهد پێیوایە ئەگەربێتو پارەی فەرمانبەرانیش لە بەغداوە بۆ ئەو فەرمانبەرانە بنێردرێت کە دەوامی فەرمی دەکەن ئەوا حکومەت بەشێکی دەدات بە بندیوارەکان.

وتی «بەهۆی زۆری فەرمانبەری بن دیوارو خانهنشینی نایاسایی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار(یەکێتی و پارتی) حکومەت ناتوانێت دهستبهردارى پاشەکەوتی مووچە بێت».

بندیوار بەو کەسانە دەوترێت کە وەک هەموو فەرمانبەرێک موچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی دەوام بکەن.

دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکوهزیرانى ههرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی «ئهگهر ئێمه سهیرى یاساى ئێستاى بودجهى عێراق بکهین، بودجهى ئەمساڵ باشترە لهبودجهى ساڵانى رابردوو». ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە چاوەڕوانی پارەیەکی زیاتر دەکەن لەبەغداوە بۆیان بێت.

بەڵام عهتا ئهحمهد دڵنیا نیە، چونکە ساڵی رابردوش بەغدا بڕیاری دا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی تەندروستی بنێرێت بەبێ پاشکەوت و حکومەتی هەرێمیش دەبوو خۆی مووچەی فەرمانبەرانی تر دابین بکات، بەڵام دواتر بڕی ٣١٧ ملیار دیناری مانگانە نیردراو دابەشکرا بەسەر سەرجەم فەرمانبەراندا بەپێی هەمان سیستمی پاشکەوت.

عهتا ئهحمهد باسی لەوەکرد کە دوای بڕیارەکەی ساڵی رابردووش بەڵێندراوە  مامۆستایان و تەندروستکاران موچهى تهواویان بۆ دێت،  وتی «بهڵام تا 24 کاتژمێر بڕیارهکه گۆڕا».

«هیچ سیقهمان بهبڕیار نهماوه« چونکه ئهزمونى ساڵى پارى گێڕایهوه، که حکومهتى عێراقى بڕیارى لێداو لهڕۆژى کۆتاییدا بڕیارهکه گۆڕا». هادى فهریق لێپرسراوى ڕاگهیاندنى سهندیکاى کارمهندانى تهندروستى وتی.

هەروەها وتی «تا ئهو بودجهیه سهرف نهکرێت و فهرمانبهران وهرینهگرین قهناعهتمان نیهو دڵمان پێى خۆش نیه«.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩، بهغدا مانگانه بڕی 647 ملیار دینار بۆ فەرمانبەران و هێزەکانی پیشمەرگەی ههرێم دهنێرێت.

ئەحمهد حاجى رهشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی بە هاوڵاتی وت «بهغدا پارهیهکى زۆر بۆ ههرێم دهنێرێت و دهتوانێت به ئاسانى پاشهکهوتى موچهى فهرمانبهران لاببات».

ئهوهشى رونکردهوه که ههرێمى کوردستان نهوت و داهاتى خۆى ههیهو ئهوهش دهبێته سهرچاوهیهکى داهاتى تر بۆ بوژاندنهوهى ئابوورى ههرێمى کوردستان.

حکومهتى ههرێم چهند جارێک ئهوهى راگهیاندووه که مانگانه زیاتر له 400 ههزار بهرمیل نهوت ههناردهى دهرهوه دهکهن و 130 ملیار دیناریشیان لهداهاتى ناوخۆ دهستدهکهوێت.

مانگێک لەمەوبەر کاتێک مامۆستایان سەرگەرمی تاقیکردنەوەی وەرزەی یەکەمی خوێندن بوون هەواڵێک لەسەر زاری بەرپرسانەوە بڵاوبویەوە کە مووچەی سێ مانگ دەدرێت بە فەرمنابەران، ئەمەش لاکاتێکدا بوو هەندێک دەنگۆ هەبوو مامۆستایان بۆ وەرزی دوەمی خوێندن دەرگای قوتابخانە نەکەنەوە، بەڵام وەرزی دوەم دەستیپێکردوو مژدە راگەیەنراوەکە هیستا جێبەجێ نەکراوە.

«موچهش چاک بکرێت، بهشى هیچ ناکات و بژێوییان پڕناکاتهوە، چونکە ئەوەندە قەرزارین کە ناتوانین بە موچە بیدەینەوە»، چۆمان ئهبوبهکر مامۆستایەکی سلێمانیە وای وت.

ئەو کە دوو مناڵی هەیە هەروکیان قوتابین لەگەڵ دەوامی قوتابخانە کاری تر دەکات وتی «واش فریاى مهسرهف ناکهوم، چونکه داواکارى منداڵ ڕۆژ بهڕۆژ زیاد دهکات،  ژیان قورستر دهبێت».

دوای پەسەندکردنی مووچە، بهرههم ساڵح  سهرۆک کۆمارى عێراق له تویتێکدا ئاماژهى به پهسهندکردنى بهشه بودجهى ههرێمى کوردستانى عێراق دا و ئاماژهى بهوه کرد که پهسهندکردنى بودجه لهلایهن پهرلهمانى عێراقهوه «گرنگه« بۆ بوژاندنهوهى ئابورى و ئاوهدانى عێراق و دابینکردنی پێویستى هاوڵاتیان.

سهرۆک کۆمار وتی  «جێگیرکردنى بهشه بودجهى ههرێم،  به تایبهتیش موچهى فهرمانبهران و پێشمهرگه کۆتایى هێنانه به نههامهتى پاشهکهوتى موچهو بههیواى گێڕانهوهى پاشهکهوتکراوى ڕابردوشیان».

«هیچ باوهڕم بهباشکردنی موچه نیه، که دەڵێن باش دەبێت ناتوانم بڕوا بکەم، چونکه دڵنیام چاکی ناکەن» هاوکار جەمیل-ى تهمهن 41ساڵ نۆ ساڵه فهرمانبهره وتی.

هاوکار له یهکێک له فهرمانگه حکومیهکاندا دەوام دەکات ئهم پیاوه به دهم ڕێگهوه قسهى بۆ هاوڵاتی کردو باسی لەوەکرد کە چۆن بهزستان و به هاوین ڕۆژانه چوار پاس دهکات تا دهگاته دهوامهکهى و دهگهڕێتهوه.

هاوکار لە مۆڵێکی شاری سلێمانی له چوارى ئێوارهوه تا 11ى شهو کاردەکات دهکات. سێ منداڵى ههیه، که ههر یهکهیان له ناوهندێکى خوێندندا دهخوێنن و مانگانه 140 ههزار کرێى هاتوچۆکهیانه.

هاوکار وتی «ژیانم به کولهمهرگى دڕوات، حکومهت واش باکى به کهس نیه و خوا ئهزانێت چى ترمان بهسهر دێنێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار