قیستی تاکسییەکان سەری فەرمانبەران دەخوات

ساڵانێک حکومەت کارئاسانی دەکرد بۆئەوەی فەرمانبەران ببنە خاوەنی تاکسی، لەبیری ئەوەدا نەبوون رۆژێک لێیان هەڵدەگەڕێتەوە

6 ساڵ لەمەوپێش



شەعبان ڕەئوف

بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بۆ رێکخستنەوەی کاری تاکسی لەهەرێمی کوردستان کاردانەوەی شۆفێرانی تاکسی لێکەوتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی قیستی درێژخایەنەوە بە لێشاو تاکسی بە فەرمانبەران دەفرۆشران، کاتێکیش کە فەرمانبەران قیستەکانیان دایەوە لێیان قەدەغەکرا.

کۆتایی مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ رێکخستنەوەی کاری تاکسی، بەمەبەستی سنوردانان بۆ زیادبوونی ژمارەی تاکسییەکان کە ساڵانێکی زۆرە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە.

بڕیارەکە کاری شۆفێری تاکسی بۆ گشت ئەفسەرو کارمەندانی میلاکی هێزەکانی (ئاسایش ، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری فریاکەوتن، ڕەگەزنامە، هاتوچۆ، پاسەوانی سنور، پۆلیسی گومرگ)و کارمەندانی میلاکی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەو گشت هێزە چەکدارەکان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق قەدەغە کردووە. هەر بەپێی نوسراوەکە  کارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش کاری شۆفێری تاکسیان لێ قەدەغە کرا.

هەر بەپێی نوسراوەکە فەرمانبەرانی  شارستانی ئەوانەی کە پلەی وەزیفیان لەپلە حەوت  و هەشت بەرەو خوارەوەن دەتوانن کاری شۆفێری تاکسی بکەن، بەمەرجێک ڕەزامەندی فەرمانگەکەیان هەبێت و پێویستە ئەو ڕەزامەندییە نوێ بکرێتەوە. بەوەش زۆرێک لە فەرانبەرانی مەدەنیش ناتوانن کاری تاکسی بکەن.

بڕیارەکە هەرزوو کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی و خاوەنی پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل رۆژی دوشەممە لەسلێمانی رژانە سەر شەقام و بڕیارەکانیان رەتکردەوە و بۆماوەیەک ڕێگەی سەرەکی بازنەیی مەلیک مەحمودیان داخست.

هێزە ئەمنییەکان بەبەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ هەوڵیاندا بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن.

هاوڕێ عومەر شۆفێری تاکسی کە فەرمانبەرەو رۆژانە بە ئۆتۆمبیلە تاکسییەکەی کاردەکات بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ نیگەرانی کردووە و وتی «بشم کوژن نایفرۆشم و دەست لەم کارەم هەڵناگرم».

هاوڕێ نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و موچەکەی ٥٤٠ هەزار دینارە و کرێچییە، بەوتەی خۆی موچەکەی بەشی پێداویستییەکانی ژیانی ناکات، بۆیە دەستیداوەتە کاری شۆفێری تاکسی «300 بۆ 350 هەزارکرێ خانوو ئاوو کارەبا، هەروەها 150 هەزار بەدەرمان و چارەسەر دەدەم، بە موچە بژێویم بەڕێوەناچێت لەبەرئەوەی جگەلەم شۆفێرییە کە دەتوانم تاڕادەیەک بژێویم  باش بکەم هیچ کارێکی ترم پێ ناکرێت».

دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و پەنابردنی حکومەت بۆ پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، ژمارەی ئۆتۆمبیلی تاکسی بەخێرایی رووی لە هەڵکشان کرد، بەشی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی سیستمی پاشەکەوتەوە موچەکانیان کەمکرایەوە، دەستیاندایە شۆفێری تاکسی.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبیلی تاکسی لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوام ژمارەکە لەزیادبوندایە. زۆربوونی ژمارەی تەکسی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە حکومەت لە ساڵانی رابردوودا کارئاسانی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا کرد بەلێشاو تاکسی بهێننە هەرێمی کوردستانەوەو بە شیوەی قیست بیدەنە فەرمانبەران، ئەوەش هۆکار بوو بەشێکی بەرفراوانی فەرمانبەران توانیان تاکسی بکڕن.

بە پێچەوانەی ئەو فەرمانبەرانەی کە کاری تاکسی دەکەن، ئەو شۆفێری تاکسیانەی کە تاکە ئەو کارە تاکە سەرچاوەی بژێویانە بڕیارەکەیان پێ باشە و داوای جێبەجێکردنی دەکەن.

دیدار نوری قادر شۆفێری تاکسی، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەباش دەزانێت «بەڵام ئەگەر کاری پێ بکرێت، وەکو بڕیارەکانی ساڵانی ڕابردوو نەبێت  کەحکومەت سەبارەت بەهەندێ پرس داویەتی و وەک موچە و کارەبا و.... تەنها نوسراو بوون».

 کاری سەرەکی دیدار تەنها  شۆفێری  تاکسییەو کرێچییە و لەهیچ فەرمانگەیەکی حکومی دانەمەزراوە «لەئێستادا بەژیانێکی سەختدا تێپەڕدەبم و ناتوانم  بژێوی ژیانم دابین بکەم ئەمە ژیان نییە، کولەمەرگییە».

هەرچەندە هێشتا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە، بەڵام کاریگەرییەکەی بەخێرایی دەرکەوت لەسەر نرخی ئۆتۆمبیلی تاکسی و نرخەکانیان رووی لە دابەزین کرد، ئەوەش نیگەرانی خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبیلی لێکەوتەوە.

عەتا محەمەد خاوەن پێشانگایەکی تاکسی بە ‌هاوڵاتى وت «ئەم بڕیارەی وەزارتی ناوخۆ زەرەرو زیانێکی زۆری لێداوم چەندین سەیارەی تاکسیم کڕیوە پێشر بەپارەیەکی زۆر لەو ڕۆژەوە ئەم بڕیارە دەرچووە هەر لەسەیارەکیاندا 20 بۆ 30 وەرەقە زەرەرم لێ کردووە».

وتیشی «سەردانی پارێزگاریشمان کردوە قسەمان لەگەڵ کردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە هاوکارمان بێت و پارێزگاریش وتی لە دەستی مندا نیە و پێویستە حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران پێداچونەوە بەم بڕیارەدا بکەن ژیانی خاوەن پێشانگاو فەرمانبەران لەبەرچاوبگرن».

 «زۆربەی مشتەریەکانمان فەرمانبەرانی ئاسایش و پۆلیس بون ئەگەر ئەم مەوزوعە وابەردەوام بێت مەجبورین پێشانگاکانمان دابخەین، بچینەوە ماڵەوە دانیشین»، عەتا وایوت.

خاوەنی چەند پێشانگایەک ئامادە نەبون لێدوان بۆ ‌هاوڵاتى بدەن و وتیان دەزگا ئەمنیەکان هەڕەشەیان لێکردوین کە ئەگەر دژی ئەو یاسایە بن و خۆپیشاندان بکەن پێشانگاکانتان پێ دادەخەین.

تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەرنەکردووە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ چاوەڕوانی رێنماییەکانن تا بڕیارەکان جێبەجێ بکەن.

فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چاوەڕوانی گەیشتنی رێنماییەکانن، تا بڕیارەکان لەو بارەیەوە جێبەجێ بکەن.

دیار نییە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانە پشتی بە چ مادەیەکی یاسایی بەستووە، بەشێک لەیاساناسانیش دەڵێن بڕیارەکە سەرپێچی یاسایی تێدایە.

حاکم شێخ لەتیف شارەزای یاسایی بە ‌هاوڵاتى وت «وەزیری ناوخۆ لەڕیارەکەیدا پشتی نەبەستوە بەهیچ مادەیەکی یاسایی، تەنها دەڵێت بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بەگوێرەی یاسای ژمارە ٦ی وەزارەتی ناوخۆ ساڵی 2009،  بەڵام ئاماژەی بەهیچ مادەیەک نەداوە کە ئەو دەستەڵاتەی پێ ببەخشێت، لەڕاستیدا هیچ مادەیەکی وای تێدانیە».

ڕوونیشیکردووەتەوە، به‌پێی بڕیاری پێشووی دادگای پێداچونەوەی عێراق بەژمارە1163 /الهیئة المسعة/ 2017 لە بەرواری 21/7/2017 دەرچووە کارکردنی تۆمەتبار کە خۆی پۆلیسە لەدوای دەوام لەسەر ئۆتۆمبێلی تاکسی کەموڵکداری بۆخۆی دەگەڕێتەوە تاوان نیەو دژی مادەی 33 لەیاسای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 1٤ی ساڵی 2008 نیە.

حاکم شێخ لەتیف باسی لەوەکرد، بڕیارەکە دەڵێت تەنها لەو حاڵەتە تاوانەو ڕێپێنەدراوە ئەگەر تۆمەتبار لای خاوەن کارێک بەکرێ یان مووچە کار بکات، بەڵام کارکردن بە ئۆتۆمبێلی خۆی دژی یاساکە نیەو نایگرێتەوە (هەمان یاسا لە کوردستان بەرکارە بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان).

بڕیاربوو  (٥ی شوبات) سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی  لەگەڵ بەڕیوبەرایەتی هاتوچۆو وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی بڕیارەکەوە کۆبێتەوە، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.

جەلال ئەبوبەکر سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی بە‌هاوڵاتى ڕاگەیاند «ئێمە لە کۆبونەوەکە جەخت دەکەینەوە لەسەر مافی شۆفێران  ئەوانەی فەرمانبەرن ئەوانەش فەرمانبەرنین، لەئەنجامدا هەردووکیان شۆفێرن.»

وتیشی «شۆفێری تاکسی واهەیە موچەکەی باشە دەتوانێ بژێوی ماڵ و مناڵی پێ بەڕێوەببات کاری شۆفێری تاکسی نەکات، باشترە موچەخۆری تریش هەیە موچەکەی کەمەو ژیانی پێ ناڕوا هەشە هەر موچەخۆر نیە، بۆیە پێویستە ئەم سێ ئاستەی شۆفێران بەباشی جیابکرێنەوەو مافیان نەخورێ».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار