له‌به‌غداوه‌ فشار بۆ لابردنى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ ده‌کرێت

به‌راورد به‌ساڵى رابردوو هه‌رێم 205 ملیار دینار زیاترى له‌به‌غداوه‌ بۆ دێت‌و به‌شى لابردنى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ ده‌کات.

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى، شاناز حه‌سه‌ن

نوێنه‌رانى کورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق فشاره‌کانیان بۆ لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى سه‌ر فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستپێده‌که‌ن، دواى ئه‌وه‌ى له‌ بودجه‌ى ئه‌مساڵدا پاره‌ى تایبه‌ت به‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ گره‌نتى کرا.

به‌پێی یاساى بودجه‌ى عێراق که‌ 22ى کانوونى دووه‌م له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ندکرا، حکومه‌تى ناوه‌ند پابه‌ند کراوه‌ به‌ ره‌وانه‌کردنى مووچه‌ى پیشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌ران، ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ندیش نه‌بێت به‌ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌. 

میران محه‌مه‌د ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، حکومه‌تى عێراق له‌ ساڵى رابردوودا 317 ملیارى ده‌ناردو له‌ ئێستادا 522 ملیار دینار ده‌نێرێت که‌ نزیکه‌ى دوو ئه‌وه‌نده‌یه‌، به‌و پێیه‌ دۆخى موچه‌خۆران ده‌بێت باشتر بێت و پاشه‌که‌وتیش نه‌مێنێت.

له‌باره‌ى فشاره‌کانیان بۆ سه‌ر حکومه‌ت، میران محه‌مه‌د باسى له‌وه‌کرد، سێ مانگ خه‌ریک بوون بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌که‌ تێنه‌په‌ڕێت، ئێستاش کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ پاشه‌که‌وت نه‌مێنێت.

به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى داراییه‌وه‌، حکومه‌تى هه‌رێم له‌ ساڵى 2016ه‌وه‌ کار به‌ سیستمى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌کات و تائێستا واده‌ى لابردنى ئه‌و سیستمه‌ نادیاره‌.

به‌پێی یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراق، کۆى گشتى بودجه‌ى هه‌رێم نزیکه‌ى 10 ترلیۆن دیناره‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ هه‌نارده‌کردنى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى به‌غداوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وتیش نه‌نێرێت ده‌بێت به‌غدا مانگانه‌ بڕی ٦٤٧ ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ بنێرێت.

ئه‌ندامێکى فراکسۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ به‌راورد به‌ساڵى رابردوو مانگانه‌ 205 ملیار دینار زیاتر بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌کرێت و به‌وه‌ش حکومه‌تى هه‌رێم بیانووى هێشتنه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى نه‌ماوه‌.

به‌هار مه‌حمود به‌ ‌هاوڵاتى وت «به‌پێی بودجه‌ى ئه‌مساڵ به‌دڵنیاییه‌وه‌ کاتى لابردنى پاشه‌که‌وته‌، چونکه‌ موچه‌ى وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌ران جیاکراوه‌ته‌وه‌ له‌و کێشانه‌ى که‌ هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌رێم و عێراقدا».

رونیشیکرده‌وه‌ «جاران 317 ملیاره‌که‌ که‌ده‌هات له‌چوارچێوه‌یه‌کى یاساییدا نه‌بوو، ئیتیفاقێکى شه‌فه‌یى بوو، ئه‌گه‌ر نه‌نێردرایه‌ به‌ڵگه‌ى یاساى به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو، ئیستا موچه‌ى فه‌رمانبه‌رو پیشمه‌رگه‌مان کردووه‌ته‌ ناو یاساى بودجه‌وه‌،  ئه‌گه‌ر نه‌نێردرێت به‌ڵگه‌ی یاسایى به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌بێت».

به‌هار مه‌حمود باسى له‌وه‌شکرد، پێشتر حکومه‌تى هه‌ریم که‌317 ملیاره‌که‌ ده‌هات ده‌یوت 150 ملیار دینارى دیکه‌ زیادبکرایه‌، ده‌توانێت پاشه‌که‌وتى موچه‌ لابه‌رێت «بۆیه‌ ئێستا حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و پاساوه‌ى نه‌ماوه‌«.

جه‌ختیشیکرده‌وه‌، هه‌نگاوى یه‌که‌میان بۆ لابردنى پاشه‌که‌وت په‌سه‌ندکردنى یاساى بودجه‌ بوو، هه‌نگاوى دووه‌میش چاودێریکردنه‌ تا به‌غدا بودجه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێم بکات.

له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا یاساى بودجه‌ى عێراق له‌ رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى عێراقى بڵاوکرایه‌وه‌، به‌وه‌ش به‌فه‌رمى خرایه‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌نگاوه‌ کردارییه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌نراون و دیار نییه‌ به‌غدا که‌ى بودجه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌کات.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق به‌‌ هاوڵاتى وت «ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هیچ مه‌ترسى له‌سه‌ر نییه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و هه‌رکات ده‌ستى کرد به‌ خه‌رجکردنى موچه‌ش بۆ هه‌رێمى کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌یاساکه‌دا دیارى کراوه‌«.

وتیشی «مادده‌که‌ مه‌تاتیه‌تێکى تێدایه‌ ده‌ڵێت حکومه‌تى ئیتیحادى پابه‌ند ده‌بێت به‌ پێدانى شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێم، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام بڕى زه‌ره‌رى لێده‌بڕدرێت، له‌کاتێکدا که 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ته‌سلیم نه‌کات». به‌پێی یاساى بودجه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان رۆژانه‌ بڕى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا نه‌کات، له‌ شایسته‌ داراییه‌کانى ده‌بڕدرێت جگه‌ له‌پاره‌ى ته‌رخانکراو بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌.

له‌باره‌ى ناردنى پاره‌که‌وه‌، ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌، ده‌بێت له‌ مانگى دوودا بێت، چونکه‌ پڕۆژه‌ یاساکه‌ چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌و له‌وەقائیقى عێراقیدا بڵاوبۆته‌وه‌.

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى وتیشی «ئه‌وه‌ى من ئاگاداربم دانوستان به‌رده‌وامه‌ بۆ 951 ملیاره‌که‌ى ساڵى ڕابردووى فه‌رمانبه‌ران، مولزه‌مه‌و له‌قانوندایه‌ که‌بنێردرێت».

جگه‌ له‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ى بۆ هه‌رێم دیاریکراوه‌ له‌ بودجه‌ى عێراقدا، هه‌رێمى کوردستان ده‌یه‌وێت موچه‌ى سێ مانگى ساڵى رابردووى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بنێردرێت تا بتوانێت ئه‌و سێ موچه‌یه‌ دابه‌شبکات به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، به‌ڵام هێشتا هیچ گره‌نتییه‌ک نییه‌ بۆ ناردنى ئه‌و پاره‌یه‌.

جگه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانى کورد له‌به‌غدا، په‌رله‌مانتارانى په‌رله‌مانى کوردستانیش ده‌ڵێن دواى ناردنى بودجه‌که‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، فشار ده‌که‌ن بۆ نه‌هێشتنى پاشه‌که‌وتى موچه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامى په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى پارتى به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، فشار له‌و کاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ بودجه‌که‌ هات و ده‌گاته‌ خۆى، «که‌ بینیمان گۆڕانکارییه‌ک ناکرێت ئێمه‌ش قسه‌ى خۆمان ده‌بێت، به‌ڵام به‌م وه‌زعه‌ى ئێستاوه‌ ناتوانرێت گۆڕانکارى له‌پاشه‌که‌وتدا بکرێت».

وتیشی «ئه‌وله‌ویه‌تى کارى ئێمه‌یه‌ وه‌ک پارتى که‌ موچه‌ى خه‌ڵک وه‌ک خۆى بدرێت».

له‌ئێستادا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه‌ بڕى 378 ملیار دینار ده‌دات به‌وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى بۆ دابینکردنى به‌شێک له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ 317 ملیار دینار که‌ له‌به‌غداوه‌ دێت بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.

به‌رپرسانى حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌وله‌ویه‌تیان لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌یه‌و بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین جار به‌ڵێنیان داوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا واده‌ى لابردنى پاشه‌که‌وت نادیاره‌.

به‌پێى سیستمى بایۆمه‌ترى، حکومه‌تى هه‌رێم یه‌ک ملیۆن و 249 هه‌زارو 1٤٥ که‌س موچه‌خۆرى هه‌یه‌ و مانگانه ‌850 ملیار دیناریان ده‌وێت بو دابینکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌بێ پاشه‌که‌وت.

 خالید حه‌یده‌ر شاره‌زاى بوارى ئابورى له‌باره‌ى لابردنى پاشه‌که‌وتى موچه‌وه‌ به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌وانه‌ى که‌ له‌جێگه‌ى بڕیاردان، پێیان وایه‌ که‌ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ «پاشه‌که‌وت بمێنێت، بۆ ماوه‌یه‌کى دیاریکراو، به‌پاساوى ئه‌و قه‌رزه‌ى که‌ هه‌یانه‌«.

وتیشى «بڕیاره‌ له‌مه‌ودوا به‌غدا بڕى 522 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ بکات، له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌داهاتى نه‌وت و ناوخۆ، به‌وه‌ش  زۆر به‌ئاسانى ده‌توانێت پاشه‌که‌وتى موچه‌ لاببات و کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ حکومه‌تى هه‌رێم جێبه‌جێى بکات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار