زه‌وى مردوو ده‌بوژێته‌وه‌

بازاڕى خانوبه‌ره‌ له‌هه‌رێم جووڵه‌ى تێکه‌وتووه‌و نرخیش به‌رزبووه‌ته‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دلێر موساى ته‌مه‌ن 44 ساڵان ده‌ستبه‌رداریی کارى کڕین و فرۆشتنى خانو و زه‌وى بوو، به‌هۆى ئه‌و بێ بازاڕییه‌وه‌ که‌ رووى له‌و که‌رته‌ کرد، به‌ڵام ئێستا ده‌ستیداوه‌ته‌وه‌ کاره‌که‌ى دواى ئه‌وه‌ى که‌رتى خانوبه‌ره‌ بوژانه‌وه‌ى به‌خۆوه‌ بینی.

دلێر موسا ساڵى 2015 دواى 12 ساڵ کارکردن له‌ که‌رتى خانوبه‌ره‌، به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و پاشه‌که‌وتى موچه‌وه‌ ناچاربوو ده‌ستبه‌ردارى کاره‌که‌ى بێت، دواى ئه‌وه‌ى نرخى زه‌وى و خانوو داشکا و بێ بازاڕی به‌ته‌واوى ڕووى تێکرد و به‌هۆیه‌وه‌ روبه‌ڕووى زیانێکى زۆر بووه‌وه‌.

دواى په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ى عێراق له‌ 22ى کانونى دووه‌مى ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ که‌ تێیدا پاره‌ى تایبه‌ت به‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ جێگیرکراوه‌، نرخى خانوبه‌ره‌ له‌ هه‌رێم جوڵه‌ى تێکه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش هیواى بۆ دلێر گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ بچێته‌وه‌ سه‌ر کاره‌ کۆنه‌که‌ى.

دلێر وتى «بڕیاره‌کانى به‌غدا هیواى بۆ گه‌ڕاندینه‌وه‌، به‌هۆى په‌سه‌ندکردنى بودجه‌وه‌، جوڵه‌ که‌وتۆته‌ بازاڕه‌کانى هه‌رێم و به‌تایبه‌تیش نرخى زه‌وى و خانوو به‌رزبونه‌وه‌ى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌«.

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا یاساى بودجه‌ى عێراق به‌ته‌واوى نه‌که‌وتووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و تا ئێستا به‌غدا پاره‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ى نه‌ناردووه‌، به‌ڵام خه‌ڵک له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى فه‌رمانبه‌ران هیواکانیان پێوه‌ هه‌ڵواسیوه‌ و چاویان له‌وه‌یه‌ دواى چوار ساڵ له‌نه‌هامه‌تى هیوایان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.

زانا قاره‌مان خاوه‌نى نوسینگه‌ى کڕین و فرۆشتنى خانو و زه‌وى له‌ سلێمانى باس له‌وه‌ده‌کات له‌چاو پێش په‌سه‌ندکردنى بودجه‌که‌، نرخى خانوبه‌ره‌ جوڵه‌ى تێکه‌وتووه‌ و نرخى هه‌موو پارچه‌ زه‌وییه‌ک 30 بۆ 40 گه‌ڵا (هه‌زار بۆ چوار هه‌زار) دۆلارى چووه‌ته‌ سه‌ر.

وتیشی «خه‌ڵک له‌ئێستادا زیاتر ئه‌و زه‌ویانه‌ ده‌کڕن که‌ زەوى مردوون و خه‌ده‌ماتیان نیه‌، چونکه‌ فه‌قیرن و پاره‌یان هه‌ر به‌شى ئه‌وه‌ ده‌کات».

زانا رۆژى سێشه‌ممه‌ پارچه‌یه‌ک زه‌وى فرۆشتووه‌، که‌ ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر که‌س  ئاماده‌نه‌بوو به‌ نیوه‌ى نرخه‌ى ئێستاى بیکڕێت «بازار جوڵه‌ى چاکى تی که‌وتووه‌، خه‌ڵک متمانه‌ى زیاتر بووه‌«.

تا پێش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی له‌ ساڵى 2014 بازاڕى خانوبه‌ره‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌هه‌ڵکشانى به‌رده‌وامدا بوو، نرخى زه‌وى و خانوو به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو به‌رزببووه‌وه‌، به‌ڵام قه‌یرانى دارایی ئه‌و بازاڕه‌ى له‌ جوڵه‌ خست.

بوژانه‌وه‌ى بازاڕه‌که‌ له‌ ئێستادا، هیواى بۆ مام حه‌سه‌نى ته‌مه‌ن 48 ساڵان گێڕاوه‌ته‌وه‌، که‌ خاوه‌نى خێزانێکى هه‌شت که‌سییه‌ و پێکه‌وه‌ هه‌موویان له‌خانویه‌کدا له‌ سلێمانى ده‌ژین.

ئه‌و پیاوه‌ سێ ساڵى به‌رده‌وام خانوه‌که‌ى بۆ فرۆشتن له‌ نوسینگه‌ دانا، به‌ڵام که‌س لێى ده‌نه‌پرسی، ئێستاش خانووه‌که‌ى خواستى له‌سه‌ره‌ «خاوه‌ن نوسینگه‌که‌ دوو رۆژه‌ موشته‌رى ده‌هێنێته‌ سه‌رخانوه‌که‌م، که‌ هه‌ریه‌که‌و نرخێکم پێ ده‌ده‌ن، که‌ زۆر به‌رزتره‌ له‌ پێشتر».

وتیشی»ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى خۆمان وه‌زعه‌که‌مان لێ تێک نه‌ده‌ن، خه‌ریکه‌ وه‌زع باش ده‌بێت».

نوسینگه‌کانى کڕین و فرۆشتنى زه‌وى خانوو که‌ تا چه‌ند مانگێکى که‌م له‌مه‌وبه‌ر به‌ چۆڵى ده‌بینران، ئێستا جمه‌یان دێت له‌و که‌سانه‌ى سه‌رقاڵى کرین و فرۆشتنى خانوون.

خاوه‌نى نوسینگه‌کان ده‌ڵێن، له‌ناو هه‌موو زه‌وییه‌کاندا، نرخى ئه‌وانه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ که‌ پێیان ده‌وترێت زه‌وى مردوو، به‌و پێیه‌ى هیچ جۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌کیان پێنه‌گه‌یشتووه‌.

شه‌مسه‌دین قادر خاوه‌نى نوسینگه‌ى دیه‌ له‌ هه‌ولێر که‌ 12 ساڵه‌ نوسینگه‌ى هه‌یه‌ باس له‌وه‌ده‌کات نرخى زه‌وى و خانوو له‌ 15% زیادیکردووه‌، ئه‌گه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌ک پێشتر به‌ سێ ده‌فته‌ر و ده‌ گه‌ڵا فرۆشرابێت، له‌ ئێستادا چوار ده‌فته‌ر و نیو ده‌کات.

 باسى له‌وه‌شکرد، زیاتر نرخى ئه‌و زه‌ویانه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌مردوو ناوده‌برێن، واته‌ خزمه‌تگوزارییان پێنه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام تاپۆیان هه‌یه‌.
شه‌مسه‌دین هۆکاره‌که‌ى بۆ ئه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌ که‌ خه‌ڵک هه‌ژاره‌ و ده‌یانه‌وێت له‌هه‌ر شوێنێک بێت، ببێته‌ خاوه‌نى ژورێکى خۆی. 

جوڵه‌ى بازاڕى زه‌وى زیاتر سه‌نته‌رى شاره‌کانى هه‌ولێر و سلێمانى و به‌شێک له‌ قه‌زاو ناحیه‌کانى ده‌وروبه‌رى ئه‌و دوو شاره‌یان گرتووه‌ته‌وه‌، به‌راورد به‌ ناوچه‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان.

ڕێباز سه‌یفه‌دین خاوه‌نى نوسینگه‌ى هاوبه‌ش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ باسى له‌وه‌کرد، جوڵه‌که‌ به‌دیده‌کرێت، به‌ڵام له‌چاو شاره‌کانى تر له‌وانه‌یه‌ به‌و ڕاده‌یه‌ نه‌بێت «خه‌ڵک زیاتر حه‌زیان به‌ زه‌وى و خانوى تاپۆیه‌، زیاتر متمانه‌یان به‌وه‌یه‌ وه‌ک له‌ زه‌وییه‌ک هیچى نه‌بێت». 

هه‌روه‌ها سلێمان عبدالرحمان که‌ چوار ساڵه‌ مامه‌ڵه‌ى کڕین و فرۆشتنى زه‌وى و خانوو ده‌کات له‌ناو شارى دهۆک و وتی «ڕاسته‌ جوڵه‌یه‌ک به‌دى ده‌کرێت، به‌ڵام چونکه‌ دهۆک زه‌وى که‌مه‌، بۆیه‌ کڕین و فرۆشتنیش که‌متره‌«.

 وتیشی»به‌هۆى که‌مى زه‌وى له‌ شارى دهۆک بۆیه‌ زه‌وى و خانوش گرانتره‌ له‌چاو شوێنه‌کانى تر».

زیادبوونى نرخى زه‌وى و خانوو له‌کاتێکدایه‌، هێشتا پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ لانه‌براوه‌ و کابینه‌ى نوێش پێکنه‌هاتووه‌، له‌ئه‌گه‌رى لابردنى پاشه‌که‌وت و پێکهێنانى حکومه‌تدا پێده‌چێت جوڵه‌ى ئه‌و که‌رته‌ زیاتر بێت.

سه‌روه‌ت محه‌مه‌د خاوه‌نى نوسینگه‌ى موڵکى که‌لار که‌ له‌ 2013وه‌ کارى کڕین و فرۆشتنى زه‌وى و خانوو ده‌کات باسى له‌وه‌کرد که‌ نرخى خانوبه‌ره‌ به‌رێژه‌یه‌کى زۆر به‌رچاو به‌رزبۆته‌وه‌و خه‌ڵک زیاتر خانوو ده‌کڕێت، وه‌ک له‌ زه‌وى.

وتیشى خه‌ڵک زیاتر فرۆشتنه‌کانى هه‌ڵده‌گرێت بۆ ده‌وروبه‌رى مانگى سێ و ده‌ڵێن که‌ له‌و مانگه‌دا پاشه‌که‌وتى موچه‌ به‌ ته‌واوى لاده‌برێت، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆى زۆربونى خواست و که‌مى خستنه‌ ڕوو.

به‌ وته‌ى سه‌روه‌ت، نرخى زه‌وى و خانوو به‌ پێى شوێنه‌که‌ى ده‌گۆرێت، به‌ڵام به‌ گشتى هه‌موو پارچه‌ زه‌وییه‌ک  به‌ رێژه‌ى له‌ سه‌دا 25بۆ30 به‌رزبۆته‌وه‌. 

به‌شێک له‌ ئابورى ناسان هۆکارى به‌رزبونه‌وه‌ى خواست له‌سه‌ر زه‌وى و خانوو ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ بڕگه‌یه‌کى بودجه‌ى عێراق که‌ تێیدا موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ مسۆگه‌ر کراوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم ئاماده‌ش نه‌بێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات.

حسام حه‌کیم به‌رزنجى به‌ڕێوبه‌رى گشتى رێکخراوى په‌ره‌پێدانى ئابورى کوردستان (کیدۆ) به‌ ‌هاوڵاتى وت «کاریگه‌رى  به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌کان له‌سه‌ر  که‌سانێک ده‌رناکه‌وێت که‌ ئابوریه‌کى دیاریکراویان هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ که‌سانى تر به‌رزبونه‌وه‌که‌ زه‌ره‌ریان لێده‌دات، که‌ فه‌قیرن و ئابوریان له‌ پله‌یه‌کى که‌متردایه‌«.

له‌باره‌ى هۆکارى ئه‌و جوڵه‌یه‌ى که‌ که‌وتۆته‌ بازاڕو به‌تایبه‌تیش زه‌وى و خانووبه‌ره‌، حسام حه‌کیم وتى «خه‌ڵک متمانه‌ى به‌ بریاره‌کانى به‌غدا زیاتره‌، به‌تایبه‌تیش به‌و بڕگه‌یه‌ى که‌ ده‌وترێت حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وتیش نه‌نێرێت، بودجه‌ى فه‌رمانبه‌ر هه‌ر ده‌نێردرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار