یه‌کێتى: له‌خولى نوێی دانوستانه‌کاندا قسه‌ى جیاوازمان ده‌بێت

کۆسره‌ت ره‌سوڵ: سازش له‌سه‌ر داواکاریه‌کانمان ناکه‌ین

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان رایگه‌یاند، له‌خولى نوێی دانوستانه‌کانیاندا له‌گه‌ڵ پارتى قسه‌ى جیاوازیان ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تییه‌کان، له‌دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان به‌بێ یه‌کێتى.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى یه‌کێتى له‌دواى کۆبوونه‌وه‌ى فراوانى ئه‌مڕۆیان راگه‌یه‌نرا، که‌ تایبه‌ت بوو به‌ رونکردنه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى ئه‌و حزبه‌ له‌دواى کۆبوونه‌وه‌ى 18ى ئه‌م مانگه‌ى په‌رله‌مان که‌ به‌بێ به‌شدارى یه‌کێتى ئه‌نجامدرا.

له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژى یه‌کێتى دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانى راگه‌یاند "ئه‌گه‌ر بڕیاربێت خولێکى دیکه‌ى دانوستان ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه‌، قسه‌ى جیاوازمان ده‌بێت، ئه‌مجاره‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ستپێده‌که‌ینه‌وه‌ و قسه‌ى دیکه‌مان ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تییه‌کان".

وتیشى "دانوستانه‌کانى ئه‌مجاره‌ جیاوازده‌بن، دواى ئه‌وه‌ى به‌بێ یه‌کێتى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا".

رۆژى 18ى ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانى کوردستان کۆبووه‌وه‌ و ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌ڵبژارد، به‌ڵام یه‌کێتى به‌شدارى له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نه‌کرد به‌هۆى ناکۆکییه‌کانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى له‌سه‌ر پرسی پارێزگارى که‌رکوک.

له‌دواى کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌ 18ى شوباتدا دانوستانه‌ فه‌رمییه‌کانى یه‌کێتى و پارتى بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت وه‌ستاوه‌، یه‌کێتى مه‌رجى داناوه‌ که‌ به‌بێ وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگارى که‌رکوک به‌شدارى له‌ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ ناکات.

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا کۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگرى سکرتێرى گشتى یه‌کێتى رایگه‌یاند، سازش له‌سه‌ر داواکاریه‌کانیان ناکه‌ن و سورن له‌سه‌ر سیاسه‌تى نیشتیمانى خۆیان.

کۆسره‌ت ره‌سوڵ وتى "پرسى پێکهێنانى حکومه‌ت زۆر دێژه‌ى کێشا، به‌داخه‌وه‌ بۆ پارتى که‌ به‌بێ یه‌کێتى کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى ئه‌نجامدا".

به‌پێی رێککه‌وتنى پێنجى ئه‌م مانگه‌ى پارتى و یه‌کێتى، پۆستى سه‌رۆکى په‌رله‌مان بۆ یه‌کێتى و جێگرى یه‌که‌م بۆ پارتى و جێگرى دووه‌م بۆ تورکمانه‌کان ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆى به‌شدارینه‌کردنى یه‌کێتى یه‌وه‌ سه‌رۆک و جێگرى یه‌که‌م بۆ پارتى یه‌کلا بووه‌وه‌.

به‌ڵام پارتى ده‌ڵێت هێشتا پابه‌ندن به‌و رێککه‌وتنه‌ و کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کێتى گه‌یشتنه‌ رێککه‌وتنى نوێ پۆستى سه‌رۆکى په‌رله‌مان ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌و حزبه‌، به‌ڵام یه‌کێتى ده‌ڵێت که‌ پارتى به‌و رێککه‌وتنه‌وه‌ پابه‌ند نه‌بووه‌.

کۆسره‌ت ره‌سوڵ وتى "له‌گه‌ڵ یه‌کڕیزی نیشتمانیداین و دژی شه‌ڕی ناوخۆو دوبه‌ره‌کی ده‌وه‌ستینه‌وه‌".

له‌باره‌ى ناوخۆى یه‌کێتیشه‌وه‌ باسى له‌وه‌کرد، که‌ چاکسازیان ده‌ستپێکردووه‌ و کۆنگره‌ ده‌به‌ستن بۆ ئه‌نجامدانى گۆڕانکارى.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار