کچێکی نابینا لەتێکڕای وانەکانیدا ١٠٠% بەدەستدەهێنێت

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی، دیمەن ئیسماعیل

شانیا  ئەگەرچی نابینایە بەڵام نەبۆتەهۆی رێگری لەحەزو ئارەزوەکانی، لەخوێندن دا بەهۆی زیرەکی هەمو ساڵێک پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێ.

شانیا فایەق، تەمەن 14 ساڵ کچێکی دانیشتوی قەزای سەیدسادقە، خوێندکاری پۆلی 9 یە لەقوتابخانەی ئاشکانی بنەرەتی، لەتەمەنێکی مناڵیەوە چاوەکانی لەدەستداوە.

شانیا لەتەمەنی 7 مانگیەوە وەرەمێ لەسەر چاوی دروستبوو، دوای بردنی بۆ تاران  و سلێمانی و بەغداو تکریت، هەموو دکتۆرەکان یەک وەڵامیان داوەتەوە ئەویش ئەوە بوە کەچاوەکانی نەک لەدەستدەدات، بەڵکو دەمرێت.

شانیا لەڕێگەی میمۆری دەنگیەوە دەخوێنێت کە تایبەتە بەنابیناکان، کە میمۆریەکە هەموو ئاستێکی خوێندنی تێدایە، شانیا بە هاوڵاتی وت «بە میمۆری بەرنامەی دەنگی لەکتێبخانەی دەنگی لەوێدا کتێبەکان دەهێنم و گوێی لێدەگرم»

جگە لەوەش مۆبایل و فەیسبوک بەشێوازێکی زۆرباش بەکاردێنێت ئەوەش هەر لە رێگەی بەرنامەی دەنگیەوە.

 هەموو ساڵێک لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە ئەمساڵیش تێکرای نمرەکانی 100 بون، ئەو ئێستا بۆتە جێگەی شانازی مامۆستاکانی لەماڵەوەش زۆر بەباشی دەتوانێ کاروباری خۆی بەڕێوەببات بەبێ یارمەتیدانی کەس.

حەپسە ساڵح، دایکی شانیا بە رۆژنامەی  هاوڵاتی وت «شانیا شوێنەکان شارەزایە پێویستی بەهاوکاری کەس نیە «

وتیشی «بەڵام وەکو هاوکاریەک بۆی هەمیشە ماڵەوە کۆکراوەتەوە تاکو لەکاتی رێکردن پێی بەر هیچ شتێک نەکەوێت»

لەکاتی رۆشتنیشیدا بۆ قوتابخانە هاوڕێکانی هاوکاری دەکەن، ئاسودە هاوڕێیەکی ئەوە بە  هاوڵاتی وت «کاتێک دەڕۆین بۆ خوێندنگە پێکەوەین، هەمیشە ئاگاداری دەبین».

ئاسودە ماوەی سێ ساڵە هاوڕێی شانیایە زۆرجار یارمەتی شانیای داوە کاتێک میمۆری و ریکۆردی مۆبایلەکەی تێکچوون.

ئاسۆ ئەبوبەکر، مامۆستای شانیا بە  هاوڵاتی وت «لەکاتی تاقیکردنەوە پرسیارەکانی بۆ دەخوێنینەوە، ئەویش دواتر وەڵام دەداتەوە، ئێمە لەسەر وەڵامەکانی نمرەی بۆ دادەنێین».

ئەوەی شانیا حەزی لێیە ئەوەیە کە لەداهاتوودا کاری وەرگێڕان بکات، لەزمانیەوە بۆ زمانەکانی تر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار