عێراق؛ کۆتایی بە "فەوزای حزبەکان" دەھێنرێت
جموجۆڵ بۆ ھەموارکردنەوەی ١٢ ماددەی یاسای حزبەکان دەستیپێکردووە
6 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
دوای چوار ساڵ جموجۆڵ لە عێراق دەستیپێکردووە بۆ رێکخستنەوەی کاری حزبەکان و کۆتایی ھێنان بە "فەوزای حزبەکان"، لەکاتێکدا تادێت ژمارەی حزبەکان ڕوو لە زیادبوونن کە بەشێکی زۆریان خاوەنی ھێزی چەکداریشن.
لەدوای شەڕی داعش و دامەزراندنی حەشدی شەعبی بە فەتوایەکی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، بەدەیان حزبی سیاسی دروستبوون بەبێ چاودێری و لەدەرەوەی یاسای حزبەکان، کە ھەریەکەیان خاوەنی ھێزی چەکداری تایبەت بەخۆیەتی.
بەشی زۆری ئەو حزبانە لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٢ی ئایاری ساڵی رابردوودا بەشداریان کرد و بەشێکی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستھێنا، کە بەشێک لەوانەیان چوونە پەرلەمان پێشتر فەرماندەی سەربازی بوون.
لەچەند رۆژی رابردوودا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە پەرلەمان کرد کاربکات بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە حزبەکان کە لە ٢٧ی ئابی ٢٠١٥ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا.
داواکەی کۆمسیۆن بۆ گۆڕانکاریکردنە لە ١٢ ماددەی یاساکە، کە دیارترینیان بریتییە لە رێکاری تایبەت بە تۆمارکردنی حزبەکان و بەدواداچوون بۆ کاری حزبەکان لە پێناو ئاگاداربوون لە کارەکانیان.
رزگار حەمە محێدین جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە ھاوڵاتی راگەیاند، دەیانەوێت گۆڕانکاری لە یاسای حزبەکاندا بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیارەکانیان رادەستی پەرلەمانی عێراق کردووە.
وتیشی "دەمانەوێت لەرێگەی گۆڕانکارییەکانەوە، چاودیری حزبەکان و داراییان و بارەگا و شوێنەکانیان و ئەندامەکانیان زیاتر بکەین و کاری حزبەکان زیاتر رێکبخەینەوە".
لەبارەی ئەوەی گۆڕانکارییەکان داماڵینی حزبەکان لە چەک و گروپی چەکداری دەگرێتەوە، رزگار حەمە محێدین باسی لەوەکرد، ئەو ھێزانەی کە لە عێراقدا ھەن پەرلەمان خۆی دانی پێدا ناون، وەکو ھێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، ھەر ھەوڵێک لەو بارەیەوە پێویستە پەرلەمان خۆی ھەنگاوی بۆ بنێت.
بەشێکی دیکەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە کۆمسیۆن داوایدەکات تایبەتە بە ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مەرجدار بە قەوارە و حزبەکان تا ئەوکاتەی رێوشوێنە یاساییەکان بۆ تۆمارکردنیان لە فەرمانگەی تایبەت بە حزبەکان لە کۆمسیۆن تەواو دەکەن.
پێش ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئایاری ٢٠١٨ کۆمسیۆن مۆڵەتی مەرجداری بە ٢٠ حزب بەخشی و بەخشران لە میکانیزمەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی حزبەکان، بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بەشداری ھەڵبژاردن بکەن.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن، لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ حزب لەلایەن فەرمانگەی تایبەت بە حزبە سیاسییەکانەوە مۆڵەتیان پێدراون و ماوەی پێدانی مۆڵەتیش بە حزبەکان بۆ تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکانیان تا سێی ئازاری ئەمساڵ درێژکراوەتەوە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو ژمارەیە زیاتر لە ھەشتا حزبیان لەسەر بنەمای ئاینی و نیشتیمانی و ناوچەیی و مەزھەبی دامەزرێنراون، بەبێ ئەوەی بەشێکیان بنەما پێویستییەکانی تایبەت بە حزبەکانیان تێدا بێت وەک ئەوەی کە یاسا دیاریکردووە.
تا ئێستا دیار نییە پەرلەمان کەی پرسی گۆڕانکارییکردن لە یاسای حزبەکان تاوتوێ دەکات کە ئێستا لەپشووی وەرزیدایە و شەشی مانگی داھاتوو دەستبەکارەکانی دەکاتەوە.
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نەیشاردەوە کە دۆخی حزبەکان لە عێراق بەتایبەتی دوای شەڕی دژی داعش "فەوزا"ی تێکەوتووە و پێویستە رێکبخرێتەوە.
وتیشی "تائێستا ئەو پرسە نەھاتووەتە پەرلەمان، ھەرکات خرایە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە تاوتوێی دەکەین، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە یاسای حزبەکاندا بکرێت".
جموجۆڵەکان بۆ گۆڕانکاری لە یاسای کاری حزبەکان ھاوکاتە لەگەڵ ناکۆکی نێوان فراکسیۆن و حزبە سیاسییەکان لەسەر چەندین پرس، لەناویاندا ئەو وەزیرانەی حکومەت کە ھێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە، لەگەڵ پرسی مانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق کە مشتومڕی دروستکردووە.
سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق بە ھاوڵاتی راگەیاند، وروژاندنی پرسی گۆڕانکاری لە یاسای حزبەکان پەیوەندی بە ململانێی نێوان فراکسیۆن و لایەنە شیعییەکانەوە ھەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە خاوەنی باڵی سەربازین و سەر بەھێزە جیاجیاکانی حەشدی شەعبین.
بەپێی یاسای حزبەکان، ھیچ حزبێک بۆی نییە ھێزی تایبەت بەخۆی ھەبێت، بەڵام لە عێراق بەشێکی زۆر لە حزبەکان خاوەنی ھێزی چەکداران، کە بەشێکی زۆر لە ھێزەکان لەلایەن پەرلەمان و حکومەتەوە بەفەرمی ناسێنراون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، لەرێگەی وروژاندنی ئەو پرسەوە، فراکسیۆنە شیعییە رکەبەرەکان دەیانەوێت فشار لەسەر یەکتری دروستبکەن، بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانی خۆیان.
پێشنیارەکانی کۆمسیۆن ھەروەھا گۆڕانکاریکردن دەگرێتەوە لە رێوشوێنەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی چارەنوسی دەستەی دامەزرێنەرانی حزبەکان، لەدوای تەواوکردنی رێوشوێنەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی یەکەم کۆنگرەوە لەلایەن دەستەی گشتی یەوە.
بەشێکی تر لە گۆڕانکارییەکان کە کۆمسیۆن داوایکردووە، تایبەتە بەبەرزکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی داوای دامەزراندنی حزب دەکەن بۆ پێنج ھەزار کەس لە پێنج پارێزگای جیاواز کە پێویستە واژۆ بکەن لەو بارەیەوە، لەکاتێکدا یاساکەی ئێستا باسی لە دوو ھەزار کەس لە سێ پارێزگا کردووە.
تا ئیستا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کە نوێنەرایەتی حزبە سیاسییەکان دەکەن ھەڵوێستی روونی خۆیان لەبارەی گۆڕانکاریکردن لە یاسی رێکخستنی کاری حزبەکان دەرنەبڕیوە.
جوان ئیسحان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، ھێشتا بەفەرمی ھیچیان لەو بارەیەوە پێنەگەیشتووە تا ھەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە روونبکەنەوە.
وتیشی "بەڵام زۆربەی کەرتەکان لە عێراق پێویستیان بە رێکخستنەوە ھەیە و ئەگەر پرسێکی لەو جۆرە بێتە پەرلەمان تاوتوێی دەکەین".
بەمەبەستی تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکان، رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لە ھۆڵێ دەستوری پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کە لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش ئامادەبوون تێیدا.
کۆمسیۆن پێشنیاری ئەوەشیکردووە کە بە رێژەی لەسەدا ١٠ ھاوکاریی دارایی حزبەکان بکرێت، لەگەڵ لەسەدا ٣٠ بۆ حزبەکانی بەشدار لە ھەڵبژاردن و لەسەدا ٦٠ بۆ حزبە براوەکانی ھەڵبژاردن، بەپێی بەدەستھێنانی رێژەی دەنگەکانیان نەک کورسییەکانیان لە پەرلەمان.
بەپێی یاساکەی ئێستا، وەرگرتنی پارە لەلایەن حزب و رێکخراوە سیاسییەکانەوە قەدەغەکراوە لەھەر حزب و رێکخراو و کۆمەڵە یان رێکخراو یان کەسێک یان لایەنێکی بیانی، تەنھا بە رەزامەندی فەرمانگەی حزبەکان نەبێت کە سەر بە کۆمسیۆنە.
پێشنیارەکانی کۆمسیۆن ھەروەھا گرەنتی بەشداری ژنان و گەنجانی لەحزبەکان و پرسی رێگریکردن لە رەوایی پێدان بە فکری حزبی بەعس لەخۆ گرتووە، لەلایەن حزبەکانەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە ھەوڵی ھەموارکردنی یاسای حزبەکان لە عیراق دەدرێت، ساڵی ٢٠١٦ تەیاری دیموکراتی تانەیەکی لەبەردەم دادگای فیدراڵی دژ بە یاساکە تۆمارکرد و بەشێک لە بەندەکانی یاساکەی بە نادەستوری ناوبرد.