‌بەهارو نەورۆز بازاڕی جلوبەرگی کوردی گەرم دەکەن

دوکاندارەکان دەڵێن ساڵانە چاویان لەوەرزی بەهارە تا زۆرترین قازانج بکەن

6 ساڵ لەمەوپێش



شەعبان ڕەئوف

نزیکبونەوەی بەهار و نەورۆز دوکانی قوماشی جلوبەرگی کوردی عوسمان ئەحمەدی گەرمکردووە، دوای چەند ساڵێک سارد و سڕی بەهۆی خراپی دۆخی دارایی هاوڵاتییانەوە.

 عوسمان کە لە سلێمانی دوکانی فرۆشتنی قوماشی هەیە کە لە چین و هیندستان و تورکیاوە هاوردەیان دەکات، چاوی لەوەیە ئەمساڵ قەرەبووی بێ بازاڕی چەند ساڵی رابردووی بکاتەوە و قازانجێکی باش بکات.

عوسمان وتی «ئەمساڵ بەبەراورد بەسێ چوارساڵی ڕابردوو بازاڕمان باشترە هۆکارەکەشی باشبونی دۆخی ئابوری فەرمانبەران و سەقامگیریی دۆخی سیاسییە».

وتیشی «ساڵی 2009 تاوەکو 2012 بازرگانەکان قاتی حازرکراویان لەچینەوە دەهێنا، کە بازاڕی قوماشی ئێمەی زۆرسست کردبوو، بەڵام نەجاحەتی نەهێنا چونکە بەپێی خواستی خەڵک نە دە دوورا، بۆیە بازاڕی ئێمە باشتر بووە».

بەبڕوای ئەو دوکاندارە، ئەگەر کارگەی درووستکردنی قوماش لە هەرێمی کوردستاندا هەبوایە کارێکی باش بوو، بە نرخێکی کەمتر قوماش دەفرۆشراو جلوبەگری لێ دروستدەکرا.

«ئەگەر حكومەت هاوکارمان بێت و دەعمی مادیمان بکات لە هێنانی کارگەی دروستکردنی قوماش بۆ هەرێمی کوردستان زۆرباش دەبێت، لەبەرئەوەی ساڵانە پارەیەکی زۆر دەڕواتە دەرەوە بۆکڕینی قوماش، ئەمەش  کاریگەری خراپی دەبێت لەسەرمان».

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهارو نەورۆزدا، بازاڕەکانی تایبەت بەفرۆشتنی قوماش و جلوبەرگی کوردی و دوکانی بەرگدرووەکان پڕدەبن لەو کەسانەی کەدەیانەوێت جلوبەرگی کوردی بکڕن.

ژنان  و کچان زۆرترینی ئەو کەسانەن کە چەند مانگێک پێش هاتنی بەهار قوماش دەکڕن و بەپێی خواستی خۆیان لەلای بەرگدروەکان بە دورینی دەدەن، تا لەکاتی هاتنی نەورۆزدا لەبەری بکەن.

عەتا حاجی ڕەجەب بازرگانی قوماش وتی «ئێمەی بازرگانان و بەرگدورەکان هەموو ئەمەلێکمان مانگی دوو بۆ سێیە، بەڵام هێشتا بازاڕمان زۆرباش نییە».

ئاماژەشی بەوەکرد ساڵانە بە ملیۆنەها دۆلار دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی قوماش، «چین و هیندستان سەرچاوەی ژیانی هەموو کوردستانن بۆ قوماش، ئەگەر ئەو کارگانە بهێنینە کوردستان، داهاتێکی باش بۆ کوردستان و حکومەت دەگەڕێتەوە».

عەتا حاجی ڕەجەب وتیشی «لەئێستادا ناتوانین ئەو کارگانە بهێنین چونکە پێویستی بە کولفەیەکی زۆر هەیە، هیوادارم لەچەند ساڵی داهاتودا بەهاوکاری حکومەت ئەوکارگانە بهێنینە هەرێمی کوردستان، چونکە داهاتێکی باش دەگەرێتەوە و هەلیکاری زیاتریش بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێت»..

ساڵانە لە رۆژانی نەورۆزدا چەندین ئاهەنگ سازدەکریت کە تێیدا هاولاتیان بە جلی ئاڵ و واڵای  کوردەیەوە زیاتر لەهەرکاتیکی تر دەردەکەون.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جۆری جلوبەرگ بە کوالێتی جیاجیا خراونەتەڕوو، کڕیاران هەریەکەیان بە پێی خواستی خۆیان دەیانکڕن، کە نرخەکانیان بەپێی کوالیتیان جیاوازە.

هەستیار بەختیار کوتاڵ فرۆش بە هاوڵاتى وت «تاڕادەیەک بازاڕمان فەرقی کردووە لەچاو ساڵانی پێشودا، بازاڕی ئێمە بەستراوەتەوە بەمووچەوە، ئەگەر حکومەت مووچە بەفەرمانبەران بدات، ڕاستەوخۆ بازاڕی ئێمە جوڵەی تێدەکەوێت».

وتیشی «ساڵانی ڕابردوو هاوڵاتیان خواستیان لەسەر کوالێتی باشی قوماش بوو، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە کێشەیان نییە، کوالێتی چۆنبێت تەنها کەمێک ڕەونەقی هەبێت، دەڵێن بۆ دووسێ جارە لەبەری دەکەین، بۆ پارەیەکی زۆری پێبدەین لەم قەیرانەدا».

«بازاڕی ئێمە بەزۆری لەمانگی دوو بۆ سێدایە کەئێستا نزیک بووینەتەوە لە وەرزی بەهارو نەورۆز، بازاڕیشمان هێشتا بەو ئاستە باشە نییە، کەچاوەڕێمان دەکرد.»

هەستیار ئاماژەی بەوەکرد، پێش هاتنی قەیرانی سیاسی و ئابوریی کەمووچە باش بوو لەکاتی خۆیدا دەدرا، هاوڵاتیان لەمانگی 11 وە دەهاتن قوماشیان دەکڕی دەیانبردە لای بەرگدروو بۆ ئەوەی حازربێت بۆیان بۆ گەشت و جەژنی نەورۆز.

بەشێک لە هاوڵاتیان هەر لە ئێستاوە قوماشیان کڕیوە و بردویانەتە لای بەرگ دروو بۆ ئەوەی لە نەورۆزدا بتوانن بە جلوبەرگی کوردییەوە ئاهەنگ بگێڕن و جلوبەرگەکانیان بۆ ئەو کاتە ئامادەبێت.

سەرکەوت جەبار دانیشتووی سلێمانی وتی «پۆشینی جلوبەرگی کوردی لەوەرزی بەهاردا تاموچێژێکی تایبەتی خۆی هەیە، ماوەی مانگێکە جلم بەدورین داوە بۆ مانگی سێ، لەبەرئەوە بەرگدورەکە پەلەپەلی تیانەکات، جوان بیدورێ».

وتیشی «ئەو قوماشانەی کەهاوڵاتیان دەیکڕن بە مەرجی ئەسڵ دەیکڕن، بەڵام بەوشێوەیە دەرناچێت، بۆیە پێویستە حوکمەت چاودێرێکی باش لەسەر دوکاندارو بازرگانەکان دابنێت، چونکە زەرەرمەندی سەرەکی هەر هاوڵاتیانن».

زۆرتر لە دوکاندارەکانی فرۆشتنی قوماش، ئێستا بەرگ درووەکان سەرقاڵن و بەشەو و رۆژ خەریکی کارکردنن بۆ دورینی جلوبەرگی هاوڵاتیان.

سامان حسێن  بەرگدرووی جلی کوردیی بە ‌هاوڵاتى وت «کەمێک بازاڕمان جوڵاوە و باشبوە بەبەراوورد بە پارو پێرار، بەڵام قازنجێکی وای لێناکەین کەبژێویمان باش بکات، لەبەرئەوەی حکومەت پارەی کارەباو ساڵانەی دووکانی زیادکردووە».

وتیشی «پێویستە حکومەت پێداچونەوە بەم سێکتەرانەدا بکات، لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا پلان و ستراتیژ دابنێت نەک لەبەرژەوەندی خۆیدا».

لیژنەی باڵای ئامادەكاری مەڕاسیمی نەورۆز بۆ ئەمساڵیش ئامادەكارییەكانیان دەستپێكردووە و هەوڵدەدەن مەراسیمێكی جیاواز لەساڵانی پێشتر بۆ نەورۆز سازبدەن. جگە لەوەی بۆ ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی پێشتر مەڕاسیمی سەرەكی لە گردی مامە یارە بەڕێوەدەچێت و لەوێ ئاگر دەكرێتەوە، هەروەها كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار