گۆڕان بەڵێنی شەش مانگ بێدەنگی لەسەر پاشەکەوت دەداتە پارتی

6 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

بزوتنەوەی گۆڕٍان ماوەی ساڵێک مۆڵەتی "بێدەنگی" بە پارتی داوە، ئەگەر لەو ماوەیه‌دا پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران ھەڵنەگیرێت و چاکسازی نەکرێت، ئەوەش لەمیانەی کۆبوونەوەکانیاندا بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم کە رۆژی ١٨ی مانگی رابردوو بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی نێوانیان کۆتایی ھات.

چالاک موھەندیس ئەندامیی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هاوڵاتی جەختیکردەوە، ھەندێک چاکسازی ھەیە دەتوانرێت لەماوەی سێ مانگدا ئەنجام بدرێت، ھەندێکی لەماوەی شەش مانگ و ساڵێکدا "ھەندێ چاکسازی ھەیە کە رەنگە چەند ساڵێکی بوێت پرسەکە ئەوەندە قەڵبە".

وتیشی "ئێمە شانسێک و مەجالێکمان داوەتە برادەرانی پارتی کە چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەران بکەن، کە ماوەیەکی تر لەبەغداوە پارە بێت و خۆشمان داھاتمان ھەبێت و بزانین بەشی موچە دەکات ئەگەر نەدرێتە فەرمانبەران ئەوکاتە مەوقیفمان دەبێت و پێیان دەڵێن".

چالاک موھەندیس پێیوایە ھەموو حکومەتێک کە دروست دەبێت لەماوەی سەد رۆژدا دەبێت جێگە پەنجەی چاکسازی دیار بێت، "حکومەتی ھەرێمیش نابێت ناشەفاف بێت لەپرسی دارایدا بەتایبەت بۆ چاکردنی موچەی فەرمانبەران.

بەپێی میدیاکانی گۆڕان، عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی گۆڕان دوێنێ سێ شەممە لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ھەڵسوڕاوانی گۆڕان لە سلێمانی داواکارییەکی پارتی ئاشکرا کردووە کە نابێت گۆڕان پێیەکی لە حکومەت و پێیەک لە ئۆپۆزسیۆن بێت، "وەفدەکەی گۆڕان وتویانە ئەوەمان قبوڵە، بەڵام لەبری ئەوە شەش مانگ دەوەستین بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لابردنی پاشەکەوت و باشکردنی بژێوی خەڵک و دابینکردنی خزمەتگوزاریی".

ئاماژەی بەوەشکردووە "دوای شەش مانگ ئەگەر زانیمان ھیچ ھەنگاوێک نییە بە ئاڕاستەی چاکسازی و باشکردنی بژێوی خەڵک، ئەوا گۆڕان وەک لایەنێکی سیاسی و بەشدار لە حکومەت لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە، وەک دوو لایەنی سیاسی دادەنیشینەوە و دەڵێین ئەوە شەش مانگ تێپەڕی ھیچ دەستپێشخەرییەک نیە، بۆیە ئاگاداربن و پێویستە ھەنگاو بنرێت، بەڵام شەش مانگی دیکەش دەدەینەوە حکومەت، ئەگەر زانیمان دوای ئەوە ھەر ھیچ بەرەو پێشچونێک نییە ئەوە ئێمە رادەوەستین و ئینجا دێین قسە بۆ خەڵک و میللەتی خۆمان دەکەین و ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت، شاندی پارتیش ئەوەی قبوڵ بووە".

لە ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕاندا، کارنامەیەکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتی ھەرێم بە رەزامەندیی ھەردولا ئیمزا کراوە کە خۆی لە چەندین خاڵی گۆڕانکاری و چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا دەبینێتەوە، جگەلەوەش پشکی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا رێککەوتنی لەبارەوە کراوە کە پێکھاتوون لە جێگری سەرۆکی ھەرێم دەستەی چاکسازی کە بەرپرسەکەی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت دەبێت، چوار وەزارەت و بریکاری وەزارەتەکانی چوار وەزارەتی دیکە و سێ بەڕێوەبەری گشتی لەوانە ئەمینداری پێشمەرگە و بەڕێوەبەری گشتییەک لە پەرلەمان یەکێکیش لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

ھەر بەپێی رێککەوتنەکە، لە وەزارەتەکانی دیکە گۆڕان بەپێی ئەو (١٢%)ی ھەیانە له‌ په‌له‌مان، بەڕێوەبەری گشتی و راویژکاریان بەردەکەوێت کە دەبێت لەماوەی سێ مانگدا ئیستیحقاقی خۆیان پێ بدرێت.

چالاک موھەندیس جەختی لە قسەکانی رێکخەری گشتی گۆڕان کردەوە دەڵێت سەقفی زەمەنی بۆ لابردنی پاشەکەوت وەک چانسێک دراوەتە پارتی.

ئاماژەی بەوەشکرد پارتی داوای ئەوەیان کردووە گۆران نابێت قاچێکی لە ئۆپۆزسیۆن و قاچێکی لە حکومەت بێت "ئێمە پێمان وتن کاتێک کە ئۆپۆزسیۆن بووین بە مەنتق و ئایدۆلۆژیای خۆمان ئۆپۆزسیۆنبوونمان کردووە سەرکەوتوو بووین یا نا ئەوە خەڵک بریار دەدات، قبوڵمانە کە بەشداری حکومەتین بەڵام سەقفی زەمەنی دراوەتە پارتی کە لەماوەکی دیاری کراودا موچەی تەواو بداتە فەرمانبەران و پاشەکەوتی موچە لاببات ئەمە نەرمی نواندن نییە شانس و مەجالێکە بۆ پارتی".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار