"یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بۆ هه‌رێم نێردراوه‌"

فوئاد حوسێن زانیارییه‌کان بۆ په‌رله‌مانتاران "ئاشکرا ناکات"

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

سێ په‌رله‌مانتارى کورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌، به‌پێى یاساى بودجه‌ ده‌بێت به‌غدا پاره‌ى مانگه‌کانى سێ مانگى یه‌که‌مى ئه‌مساڵ بۆ هه‌رێم بنێرێت، یه‌کێک له‌ په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌ڵێت یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌ی موچه‌ بۆ هه‌رێم خه‌رج کراوه‌، یان حکومه‌تى هه‌رێم باسى ناکات یا لاى وه‌زاره‌تى داراییه‌.

پشکى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌بودجه‌ى گشتى عێراق 10 تریلۆن و 800 ملیار دیناره‌، ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى عێراق بکات، به‌ڵام تا ئێستا هه‌رێم هیچ بره‌ نه‌وتێکى راده‌ست نه‌کردووه‌.

به‌پێى یاساى بودجه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان نه‌وت راده‌ست نه‌کات، ده‌بێت حکومه‌تى عێراق مانگانه‌ 454 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و 68 ملیار دینار بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بنێرێت.

بریارده‌رى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌ئاشکرا ده‌کات که‌  فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى عێراق ئاماده‌ نییه‌ زانیارییه‌کان بۆ په‌رله‌مانتاران ئاشکرا بکات.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، به‌هاوڵاتى وت "ئه‌و یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌یه‌ى بۆ فه‌رمانبه‌رانى عێراق خه‌رج کراوه‌ بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى له‌ماوه‌ى ئه‌م دوو مانگه‌دا، یا بۆ هه‌رێمى کوردستان خه‌رج کراوه‌و حکومه‌تى هه‌رێم باسى ناکات یا لاى وه‌زاره‌تى داراییه‌، ناکرێت نه‌نێردرابێت، چونکه‌ به‌روونى له‌یاساى بودجه‌دا هاتووه‌ هه‌رێم پابه‌ندى ناردنى نه‌وتیش نه‌بێت ده‌بێت 454 ملیارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و 68 ملیارى دینارى موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ بکرێت".

وتیشى"فوئاد حوسێن پێى وتین مه‌علوماتتان ناده‌مێ چونکه‌ که‌ پێتان ده‌ڵێم ده‌چن بڵاویده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش کێشه‌ بۆ من دروست ده‌کات".

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید روونیکرده‌وه‌، وه‌ک په‌رله‌مانتاران نه‌ک ته‌نها وه‌زیرى دارایى هه‌موو ئه‌و وه‌زیرانه‌ى دیکه‌ش که‌ ئاماده‌ نین زانیارى بده‌نه‌ په‌رله‌مانتاران "حه‌سیر مه‌یانیان" ده‌که‌ن.


تا ئێستا دیار نییه‌ حکومه‌تى عێراق که‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. هه‌فته‌ى رابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌دا ناردنى بودجه‌ په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌رکات بودجه‌ى فه‌رمانگه‌کان ره‌وانه‌کرا، پشکى هه‌رێمیش ده‌نێردرێت.

دانا جه‌زا، ئه‌ندامى فراکسۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "به‌پێى یاساى بودجه‌ى عێراق ده‌بێت حکومه‌تى عێراق موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و ئیستحقاقى پێشمه‌رگه‌ که‌ بره‌که‌ى 522 ملیار دیناره‌ بۆ مانگه‌کانى یه‌ک و دوو سێ بۆ هه‌رێمى کوردستان بنێرێت".

رونیشیکرده‌وه‌ ئه‌مه‌ میکانیزمى خۆى هه‌یه‌ ئایا جیا جیا ده‌ینێرێت یا چۆن ده‌نێردرێت و په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌.

جگه‌ له‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ى بۆ هه‌رێم دیاریکراوه‌ له‌ بودجه‌ى عێراقدا، هه‌رێمى کوردستان ده‌یه‌وێت موچه‌ى سێ مانگى ساڵى رابردووى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بنێردرێت تا بتوانێت ئه‌و سێ موچه‌یه‌ دابه‌شبکات به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، به‌ڵام هێشتا هیچ گره‌نتییه‌ک نییه‌ بۆ ناردنى ئه‌و پاره‌یه‌.

ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات له‌ دواى 9ى ئازاره‌وه‌ سه‌ردانى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌که‌ن و به‌دواداچون بۆ پاره‌ى دوو مانگى رابردووى هه‌رێم ده‌که‌ن که‌ بزانن چۆن موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ ده‌کرێت.

شیروان میرزا، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "له‌مانگى یه‌ک و دووى ئه‌مساڵ حکومه‌تى عێراق دووجار 317 ملیار دینارى بۆ هه‌رێمى کوردستان ناردووه‌، ئه‌مه‌ پاکتاوى ساڵى 2018 بووه‌".

باسى له‌وه‌شکرد، یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌ى بودجه‌ى 2019 بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق له‌ دوو مانگى رابردوودا خه‌رج کراوه‌ "به‌ڵام یاساى بودجه‌ له‌ناوه‌راستى ئه‌م مانگه‌دا ده‌که‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێ کردنه‌وه‌".

شیروان میرزا که‌ په‌رله‌مانتارى یه‌کێتى یه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌روو به‌پێى یاساى بودجه‌ برى 454 ملیار دینارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و 68 ملیار دینارى موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ جێگیره‌و گۆرانکارى تێدا نه‌کراوه‌و ده‌بێت بۆ هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه‌ بکرێت.

 وتیشى "دواى چونه‌وه‌مان بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى گفتوگۆ ده‌که‌ین تا میکانیزمى ناردنى پاره‌ى هه‌رێم رونبکاته‌وه‌و ‌وئه‌وکات ئێمه‌ش به‌ هاوڵاتیانى راده‌گه‌یه‌نین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار