بۆچی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئازار دەترسێت؟

فۆرن پۆلیسی: زەحمەتە ئەستێرەی بەختی ئەردۆغان وەکو جاران گەشاوە بێت، نامەی دەنگدەرانیش هەڕەشەئامێز دەبێت

6 ساڵ لەمەوپێش



هیوا عەبدوڵا

كاتێك بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەم جار رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبۆڵ هەڵبژێردرا، ئەو کاتەباسی دیموکراسی دەکرد و دەیوت کە پۆستەكەی «وەکو هێڵی شەمەندەفەر وایە، دێیتەخوارەوە کاتێ گەیشتیە شوێنی مەبەست».

ماڵپەری (فۆرین پۆلەسی ئین فۆکەس)  کە سەربە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی سیاسیی ئەمریکیە،  وای دەبینێ ئەو لێدوانە دوای تێپەربوونی دوو دەیە بە کرداری کۆتایی پێهاتووە و چیتر کاری پێناکرێت لەلای سەرۆکی تورکیا، کاتێک توانی بگاتە ئەو شوێنەی دەیویست ئەویش بەزیندانیکردنی نەیارەکانی و بێدەنگردنی ڕاگەیاندنەكان و چاوسورکردنەوە لە دادوەران و کوشتنی زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس.

لە ئێستادا تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٩دا، بەگوێرەی سەرچاوە ئەمریکیەکە «پەڵەیەکی تاریک» لە ترس هەیە لەسەر ئەرۆدغان خۆیی و پارتەكەشی، بەڵام بەشی گەورەی ئەو ترسەش ئەردغان خۆی هۆكاریەتی، جەخت لەوەشکراوەتەوە سەرۆكی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار «قبوڵی شکست» دەکەن بە گوێرەی ماڵپەرە ئەمریکیە.

رێگایەیک بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکان

(فۆرین پۆلەسی ئین فۆکەس) رایگەیاندووە بابەتی بژێوی و نان کە پارتی دادوگەشەپێدان کردویەتی بە دروشمی هەڵبژاردنی ئەم جارە، روونی دەکاتەوە کە ئابوری ئەو وڵاتە لە بناغەوە کێشەی هەیە، بەدوریش نازانرێت» کێشەکە گەورە و مەترسیدارتریشبێ».

کەمبونەوەی بەرهەمی پیشەسازی ناوخۆیی بە رێژەی لەسەدا شەش و فرۆشی بەرهەمی تاک و پێداویستیەكان بەرێژەی سەدا حەوت، نزمبوونەوەی گەشەی ساڵانە بەجۆرێک لە ٧,٤% لەساڵی ٢٠١٧دا بووە بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ ٢% لەساڵی ٢٠١٩دا دابەزێت، لەگەڵ ئەوەشدا قەبارەی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتۆتە لە سەدا 20.3 .

لەلایەکی تریشەوە رێژەی بێکاری زیادیکردووە، ژمارەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە زیاتر لە ١١% دانیشتوان بێکارن،بەشی زۆری ئەو رێژەیەش ئەو گەنجانەن کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵی دایە، کە رێژەی لەسەدا ٢٠ی کۆی دانیشتوانی تورکیا پێکدێنن.

 ئەگەر لە رابردوو بابەتی تیرۆر سەرچاوەی دوودڵی بووبێ بۆ دەنگدەران، ئەوە بەگوێرەی کۆتا راپرسیەكان دەریدەخەن لە ئێستادا بابەتی ئابووری بابەتی ژمارە یەکی دەنگدەرانە بەهۆی بێکاریەوە، دوای ئەوانیش بابەتی پەنابەرانی سوریایە.

ماڵپەری (فۆرین پۆلەسی ئین فۆکەس) کە تایبەتە بەتوێژینەوە وای دەبینێت ئەردۆغان بەرنامەی هەڵبژاردنی دارشتوە لەسەر گەشەکردنی ئابوری بەجۆرێک باری دارایی بەشێکی زۆری دانیشتوانی توركیا بەتایبەت ئەوانەی کە لە ژێرهێڵی هەژاریدان باشتر بكات، هەروەها ئابوری چینی ناوەراستی کۆمەلگا بە رێژەیەکی زیاتر گەشەپێبدات، بەشێکی زۆری ئەو ئابوریەش پشت دەبەستێ بە پیشەسازی بیناکاری و پرۆژەی گەورە وەکو سەنتەرەكانی كرین و فرۆشتن  و پردەكان و  گەورەترین فرۆکەخانە لە جیهاندا.

لای سەرۆكی توركیا، ئابوری دەبێ پشت ئەستوربێ بە دروستکردنی پرۆژەی گەورە لەسەر بنەمای (براوە-براوە) بۆ هەمولایەک، لە ساڵانی رابردووش پارتی داد و گەشەپێدان چەندین گرێبەستی (براوە-براوەی) بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری بنیاتنان واژۆكردووە، کە کاریگەری هەبوو لەسەر سەدان دەنگدەر بۆ پارتەکەی ئەردغان لە پەراوێزی کەشێکی سیاسیدا توانی رێژەی لەسەدا ٥٠ی دەنگدەران بباتەوە.

بەڵام ئەو بارودۆخە گۆڕانی بەسەردا هات لە کۆتایی ساڵی رابردوو کاتێک گەشەی ئابوری توركیا دابەزی بۆ لە سەدا 1.6، پرۆژەکانی بنیاتنان وەستا و ژمارەیەکی زۆری کرێکار نێردرانە ماڵەوە، وەستانی پرۆژەكانی بنیاتنان کاریگەری راستەوخۆی  کردە سەر پیشەسازیەکانی پەیوەست بە بیناسازیەوە وەکو چیمەنتۆ و شیش و سیرامیک.

باس لەوشکراوە کە «لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی بەهای لیرە، خەڵکیش هەست بە جێگیری دۆخی ئابوری ناکەن، هەروەها فرۆشی بەرهەمە پیشەسازیەکانی ئۆتۆمبێل و بەرهەمە ئەلیکترۆنیەکان و کەل وپەلی ماڵەوە لە دابەزیندایە».

ماڵپەڕە ئەمریكیەكە باسی لەوەكردووە كە، بۆپاراستن و بەردەوامیدان بە کاری پیشەسازی و ئاستێکی بەرزی ژیانکردنی هاوڵاتیان، ئابوری تورکیا پشتی بەستووە بە وەبەرهێنانی دەرەکی لە وڵاتەكەیدا.

ئاماژە بەوەشكراوە كە، بەشێکی گەورەی قەرزەكانی تورکیا بە دراوی بیانی بووە، بە قورسیش دەبینرێت ئەو قەزرانە بتوانێ جارێکی تر ئاستی لیرە بەرزبکاتەوە، بۆیەش ئەنقەرە پەنای بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی برد بۆ ئەوەی رێگای دەربازبونی بۆ روونبکاتەوە، ئەو هانگاوەش کە سندوقی دروا و داویەتی بە تورکیا بریتیە لە کەمکردنەوەی خەرجیەکان نەک بەتەنها بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو.

جوڵەی بەرگریکارانە

لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی نەیارە سیاسیەکانی ئەرۆدغان زیندانی کراون یان سەركوتكراون، ئەوان نەترساون بەڵام بەتەواوی بێدەنگکراون.

ئەو ماڵپەرە ئەمریکییە باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی ٩ ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلانی چەپرەو زیندانی کرابوون، بەڵام ئەو پارتە ئەوەی بەدەستهێنایەوە کە پێویستی بوو، لە دواین هەڵبژاردندا هەدەپە توانی پارێزگاری لە پێگەکەی بکات وەکو سێیەم گەورە پارتی پەرلەمانی توركیا.

مانگرتن لە خواردن لەلایەن چالاکوانانی زیندانیکراوی کورد وەک هاوسۆزیەک بۆ پارتی دیموکراتی گەلان، لە ئەنجامدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا  پارتە کوردیەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.

ئەو پارتە (هەدەپە) بریاریداوە کاندیدی بۆ شارە گەورەکانی وەکو ئستەنبۆڵ و ئەنقەرە نەبێت، ئەوەش بۆ هاوکاریکردنی کاندیدەکانی تر لە پارتی گەلی کۆماری علمانی،»بەکورتی، هەرپارتێکی سیاسی تر جگە لە پارتی داد و گەشەپێدان»، وەک ماڵپەرەکە ئاماژەی پێداوە.

پارتی داد و گەشەپێدان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە توانیبوی دەنگی زۆرینەی ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگا کوردنیشینەکان بباتەوە، بەڵام کاتێک ئەردۆغان هەڵمەتی سەرکوتکردنی کوردی دەستپێکرد ئەویش بە سەرکوتکردنی پارتی دیموکراتی گەلان، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە دەنگدەرانی ئەو ناوچانە حەز بە تێکەڵ بوون بە پارتی چەپ ناکەن، بەڵام هەوڵدەدەن دەنگیان بۆ پارتەکوردیەکانی تر بێت، بەتایبەت كە ئێستا هەمویان لەناو یەک هاوپەیمانی کوردستانیدان بۆ  هەڵبژاردنی شارەوانیەکان.

ماڵپەرەکە باسی لەوەشکردووە ئەردۆغان قانونێکی تێپەراند کە رێگە بەپارتەکان دەدات هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەکان ببەستن، بۆ ئەوەی ئەگەر پارتێک نەیتوانی بگاتە ئاستی لەسەدا ١٠ بۆ ئەوەی بگاتە پەرلەمان، لە رێگای ئەو هاوپەیمانیەوە بتوانێت پارێزگاری لە کورسیەکانی بکات کاتێک لەگەڵ پارتێکی گەورەتر هاوپەیمانی دەبەستێ، ئەوەش هەوڵێک بوو بۆ دڵنیابونەوە لەوەی هاوپەیمانەکەی  پارتی داد و گەشەپێدان، واتە پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) کە پارتێکی چەپی توندرەوە بگاتە پەرلەمان.

هەربەگوێرەی ئەو یاسایەی ئەرۆغان دەریکردبوو، هەریەکە لە پارتی گەلی کۆماری و پارتی باشی لیبراڵی هاوپەیمانیان بەست، و زۆرینەی پارتە کوردییەکانیش لە ژێریەک هاوپەیمانی خۆیان رێکخستۆتەوە، هەربەگوێرەی ماڵپەرەکەش سەرکەوتنی ئەو هاوپەیمانیە بە کورسی رێگەپێدراو نەبوو لە یاساکۆنەکانی پێشوتر.

کێشە نێودەوڵەتیەکان

سەرچاوە ئەمریکیەکە باسی لەوەش کردوە لەگەڵ کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا کە رووبەروی ئەردۆغان بۆتەوە، لە سیاسیەتی دەرەوەشیدا نەیتوانیوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێ.

بە گوێرەی راپۆرتەکە «داگیرکاری تورکیا» بۆ سەر باکوری سوریا شکستی هێنا لە پەرتکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، زیاتر لەوەش ئەنقەرە بە «کەوتنە ناو زەلکاو»ەوە وەسف دەکات، وەک ئاماژەیەک بۆ پلانی ئەردۆغان کە بریتی بوو لە دەرکردنی کوردەکان لە باکوری سوریا و گەرانەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام تورکیا کەوتە تەڵەی رووبەرووبونەوەی روسیا و ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشکردووە زنجیرەیەکی بەهێزی ململانێی نەتەوەیی لە تورکیادا هەیە، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەردۆغان چاوی لە بەرهەمی فشارخستنە سەر کوردەكا بێت لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا و عیراق و سوریا (پاداشت بدرێتەوە لەلایەن شەقانی نەتەوەپەرستی تورکیاوە)، بەڵام سوپای تورکیا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبێنێت لە ژمارەیەک چالاکی دەرەوەی سنور، سەرەڕای ئەوانەش تا ئێستا هەڵمەتی دورخستنەوەی بەرپرسانی باڵای سەربازی لە ریزەکانی سوپا بەردەوامە کە بە تۆمەتی هاوسۆزیان بۆ کودەتا شکست خواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦، هەندێ سەرچاوەی باوەرپێکراویش باسیان لەوەکردووە سوپا رازینەبووە بە ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی بەشێک بە خاکی سوریا.

باسی لەوەشکردووە سەرۆکی تورکیا دەخوازێ سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی وەکو کەسێکی بەهێز و خاوەن جەماوەر و پارتی هەڵبژاردن دەربکەوێت، بەواتایەکی تر بیكاتە خاڵی بەهێزی كەمپەینی هەڵبژردنەكەی بۆ گەشانەوەی ئابوری  لاوازی تورکیا

بە گوێرەی ماڵپەری (فۆرین پۆلەسی ئین فۆکەس) بابەتی گرینگ لای خەڵکی توركیا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئادار بابەتەکانی ناوخۆی تورکیایە نەک دۆسیەکانی دەرەوە، ئەوەش ئەردۆغان هان دەدات بێوچان کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان.

«فێڵێکی بۆگەن»

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند پارتی داد و گەشەپێدان لیستی ناوی دەنگدەرانی پرکردووە لە ناوی نادیار، لێکۆڵەرەوەکانی پارتی گەلی کۆماری وتیان لەناو یەک ماڵدا لە هەکاری باشوری تورکیا ناوی ١١٠٨ دەنگدەری تۆمارکراو هەبووە.

دوای ١٧ ساڵ لە دەسەڵاتدا،  بەبەکارهێنانی هەموو رێگاکانی بەردەستی، لەناویشیاندا پرکردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان بە «دەنگی نادیار»، بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی بەهێز بە دەوری خولگەی ئەردۆغاندا، بە گوێرەی پێشبینیەکانیش لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا «زەحمەتە ئەستێرەی بەختی ئەردۆغان وەکو جاران شەکاوە بێت»، بەگوێرەی ماڵپەرەکە

بەگوێرەی ماڵپەرە ئەمریکیەکە رەنگە نامەی دەنگدەرانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئادار، نامەیەكی»هەڕەشەئامێز»بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار